شکستی شانۆی هەڵبژاردنەکانی کۆماری ئیسلامیی هێندە بەرچاو بوو کە خۆشی نەیتوانی نکۆڵیی لێ بکات
Yeksani
02-03-2024
خەڵکی قارەمانی کوردستان بە بایکۆتی یەکپارچەی شانۆی هەڵبژاردنی کۆماری ئیسلامیی جارێکی تر لە ١١ی ڕەشەمەی ١٤٠٢ دا بە هەموو دنیای نیشان دا کە کوردستان هەرگیزا و هەرگیز بە داگیرکەر بەڵێی نەوتووە و ئێستاکەش نایڵێ! نیشانی دا کە کۆماری سێدارە ئەمڕۆ بێ یان سبەی هەر دەبێ کوردستان جێ بێڵێ!
کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان دەسخۆشیی و پیرۆزبایی لە گەلی قارەمانی کوردستان دەکات بۆ ئەم سەرکەوتنە گەورەیە. شکستی شانۆی هەڵبژاردنی داگیرکەر لە کوردستان هێندە ئاشکرا و بەرچاو بوو کە کاربەدەستانی باڵای کۆماری ئیسلامییش بە هەموو ساختەکارییەکانیانەوە نەیانتوانی حاشای لێ بکەن و بیشارنەوە.
گەلی قارەمانی کوردستان!
ژنان و پیاوانی یەکسانییخواز!
شکستی کۆماری ئیسلامیی لەم بەناو هەڵبژاردنانەیدا بزووتنەوەی کوردستان، شۆڕشی ژن ـ ژیان ـ ئازادی هەنگاوێک دەباتە پێشەوە. پێویستە لەم قۆناغە هەستیارەی شۆڕشدا داکۆکیی زیاتر لەسەر خۆڕێخستن بکەینەوە. پێویستە چین و توێژەکانی خەڵک هەرچی زیاتر ڕێکخراو بن و ڕێکخراوە جەماوەرییەکانیش لە تۆڕێکی سەرتاسەرییدا یەکبگرنەوە تا بەهێزتر و بە تەکووزتر بتوانین بەرنابەر دوژمن بوەستینەوە، پلانەکانی پووچەڵکەینەوە و تەنانەت خۆشمان بۆ سبەیڕۆژی بەڕێوەبردنی کۆمەڵگەی کوردستان زیاتر و زیاتر ئامادە بکەین، بۆ دامەزراندنی دەسەڵاتێکی یەکسانییخوازانەی جەماوەریی و بۆ پاراستنیشی.
بڕووخێت کۆماری سێدارەی داگیرکەر!
سەرکەوێت بزووتنەوەی شؤڕشگێرانەی کوردستان!
ناوەندی ڕامیاریی کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان
١٢ی ڕەشەمەی ١٤٠٢ هەتاویی
٢ی مارسی ٢٠٢٤ زاینیی