پیرۆزە ٨ی مارس، ڕۆژی هاوخەباتیی ژنانی جیهان!

Yeksani
07-03-2024

ئەمساڵ لە کاتێکدا بەپیر ڕۆژی جیهانیی ژنەوە دەچین کە دوو ساڵە شۆڕشێکی ژنانە بە پێشەنگایەتی ژنان و لاوان لە کوردستان و ئێران لە ئارادایە. شۆڕشی ژینا، شۆڕشی ژن ـ ژیان ـ ئازادی. شۆڕشێک کە بە پێشەنگایەتیی ژنانی کوردستان و لەسەر گڵکۆی ژینای کوردستانەوە دەستی پێکرد و ئێستاش بە هەنگاوی بڵند درێژەی هەیە.

شۆڕشی ژن ـ ژیان ـ ئازادی لەم دوو ساڵەدا بە گیانبازیی ژنان و پیاوانی یەکسانننخواز توانیویەتی پاشەکشەیەکی بەرچاو بە ڕژیمی ئاپارتایدی ڕەگەزیی بکات. ئەمڕۆکە لە سۆنگەی ئەم شۆڕشەوە ڕژێمی ئیسلامیی، ڕژێمی ئاپارتایدی ڕەگەزیی ئێران بنەما ئیدئۆلۆژییەکەی وەها لەق و ڕیسوا بووە کە سەرەڕای هەموو زەبروزەنگەکانی نەیتوانیوە شۆڕشی ژینا بەچۆکدا بێنێت. لە سۆنگەی خەباتی چەپ و شۆڕشی ژیناوە، ئەمڕۆکە ئیتر ژنانی کوردستان و ئێران نەک هەر ئامادە نین مل بە پۆششی ئیسلامیی بدەن، بەڵکو لە شەقامەکان بوێرانە ڕووبەڕووی هێزە سەرکوتگەرەکانی ڕژێم دەبنەوە و تەنانەت زیندانیانی سیاسیی ژنیش بەو هەموو گوشارەوە کە لەسەریانە، ئامادە نین بە سەرپۆشەوە لەبەردەم دادوەر و بێدادگاکانی ڕژیمدا ئامادە بن. ئەمە ئەوە دەگەیەنێت کە لە سۆنگەی پێشڕەوییەکانی شۆڕشەوە، کۆماری ئیسلامیی و فەرهەنگی پیاوسالارانە لە ئاستێکی بەرینی کۆمەڵایەتییدا پاشەکشەیەکی بەرچاویان پێ کراوە.

لە ساڵیادی ٨ی مارسدا بە پێویستی دەزانین هەڵسەنگاندنێکی کورتی دۆخی شۆڕش بکەین و ڕێکار و چ بکەینەکان بخەینە ڕوو. لە دوو ساڵی ڕابردوودا هەرچەندە پێ بە پێی پێشڕەوییەکانی شۆڕش لە ناوەوەی وڵات، کۆماری ئیسلامیی بۆ سەرکوتی شۆڕشی ژن و ژینا و ئازادی فشارەکانی بۆ سەر لایەنە سیاسیەکانی جێگیر لە باشووری کوردستان زیادی کردووە، بەڵام لە ناوخۆی وڵات، سەرەڕای هەموو بەربەست و زەبروزەنگەکانی نەک نەیتوانیوە شۆڕش بەچۆکدا بێنێت، بەڵکو لە ئاستێکی بەرینی کۆمەڵایەتییدا بزووتنەوەی شۆڕشگێرانەی کوردستان گەشەیەکی فەرهەنگیی و سیاسیی و ڕێکخراوەیی باشی بەخۆیەوە بینیوە و شۆڕش بە گرتنەبەری تاکتیک و شێوازی نوێی خەبات درێژەی هەیە و دوژمن نەیتوانیوە بەتەواوەتیی سەرکوتی بکات.

کەواتە تا ئێرە نە کۆماری ئیسلامیی توانیویەتی شۆڕش سەرکوت بکات و نە شۆڕشیش لە توانایدا بووە ڕژێم بڕووخێنێت، بەڵام ئاشکرایە کە ئەمڕۆ بێدارییەکی فەرهەنگیی، وشیارییەکی سیاسیی باڵا، یەکسانییخوازییەکی جێی هیوا لە ئاسۆی سیاسیی کوردستاندا دەدرەوشێتەوە، کە ئەگەر بە پلەیەکی بەرزی ڕێکخراوبوون بگات و خەباتی ناوەوەی وڵات گرێ بدرێتەوە بە دەرەوەی وڵات و بە کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی و بە دروستییش لەلایەن لایەنە سیاسیەکانەوە پشتگیریی بکرێت، کوردستان دەتوانێت لە کاتی خۆیدا هەنگاوی لێبڕاوانە بنێت بۆ کۆتاییهێنان بە جینۆسایدی فەرهەنگیی و مرۆیی و تاڵانوبڕۆی ئابووریی و دەسەڵاتی ئاپارتایدی ڕەگەزیی و بەدەستەوەگرتنی چارەنووسی خۆ و دامەزراندنی دەسەڵاتێکی یەکسانییخوازانە، کە ژن و پیاو و کرێکار و هەژار و کەمایەتییە ڕەگەزیی و نەتەوەییەکان و سەرجەم گەلی کوردستان بە ماڵی خۆیانی بزانن و وەک بیبیلەی چاویان بیپارێزن.

بێگومان ئەم سەرکەوتنە مەرج نیە کە هەر لە ئەنجامی کەوتنی تارانەوە ڕوو بدات، چونکە دوور نیە لە ئەنجامی شەڕ و تەشەنەکردنی ئاڵۆزییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و لە ئەنجامی گۆڕانی پارسەنگی هێز بە قازانجی کوردستان، کۆماری ئیسلامیی ناچار بکرێت وەک دەوڵەتی سووریە و بەعسی عێراق لە کوردستان بکشێتەوە. بۆیە خەڵکی کوردستان و لایەنە سیاسیەکانیش پێویستە هەر لە ئێستاوە ئامادەباشیی پێویستیان هەبێت بۆ هاتنەپێشەوەی وەها بۆشاییەکی دەسەڵات و بۆ دامەزراندنی کیانێکی بەڕێوەبردنی وڵات لەلایەن خەڵکەوە و هەوڵدان بۆ بەفەرمییناسینی لە ئاستی جیهانییدا.

ژنانی تێکۆشەر و یەکسانییخوازی کوردستان!

کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان ڕێکخراوی سیاسیی ئێوە و هەموو یەکسانییخوازانی کوردستانە و خۆی بە بەشێکی جیانەکراوەی بزووتنەوەی ژن دەزانێت بۆ کۆتاییهێنان بە چەوساندنەوەی ڕەگەزیی و بۆ کۆتاییهێنان بە هەرچی ستمە. ئێمە وێڕای بەرزڕاگرتنی یادی هەموو ئەو ئازیزانەی کە لە شۆڕشی ژینا و لە شۆڕشی کوردستاندا گیانیان بەختکردووە، بەبۆنەی ٨ی مارسەوە گەرمترین پیرۆزباییتان پێ دەڵێین. هیوادارین بە بەڕێوەبردنی مەراسمگەلێکی شکۆدار و بە گوڵبارانکردنی گڵکۆی ژینا و گیانبەختکردوانی تری شۆڕشەکەمان بتوانن  لە ٨ی مارسدا ئاڵای یەکسانییخوازیی بەرز و بەرزتر ڕاگرن و ڕژێمی ئاپارتایدی ڕەگەزییش هێندەی تر ڕیسوا و شەرمەزار بکەن.

بژی ٨ی مارس ڕۆژی هاوخەباتیی ژنان و هەموو یەکسانییخوازانی جیهان!

سەرکەوێت شۆڕشی ژن ـ ژیان ـ ئازادی!

بڕووخێت کۆماری ئاپارتایدی ڕەگەزیی!

ناوەندی ڕامیاریی کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان

١٠ی ڕەشەمەی ١٤٠٢ی هەتاویی

٧ی مارسی ٢٠٢٤