بەفر و پێشمەرگە، بیرەوەرییەک

کاوە سوور
2013-12-02

 

"بیرەوەرییەک"

 

زستانی سالی ١٣٦١ (گەر هەڵە نەبم) بۆ چاوپێکەوتن لە گەڵ دۆستانی رێکخراوی چریکە فیداییەکانی خەڵکی ئێران، لقی کوردستان (ئەقەلییەت) کە ئەو کات هاورێیانی خۆشەویست سەلاح مازووچی و رەعووف کەعبی لە بنکەی" با" مەڵبەندی موکریان بەرپرس بوون دەچووم.

 

دوای سەردان وتەواوکردنی کاروباری رێکخستنی نەهێنی ناوخۆ لە شارەکانی رۆژهەڵات لە گەرانەوەمدا، چەند رۆژێکیش لە " مە" بووم. بەیانێکی زوو  "مە" بەرەو "قو" بەجێ هێشت وهەر ئەورۆژە گەیشتمە "قو"ی و یەک دوو رۆژان لە وێندەرێ مامەوە. دوای خواردنی نیوەرۆژێ بەرەو " کا"  کە یەکیک لە هاورێیانی پێشمەرگەم لەوێ بوو بەرێکەوتم. بەفر پرووشەی دەکرد. خزمانی" قۆ" زۆریان هاوار کرد کە ئەورۆ نەرۆم. بەفر دەباری و لەوانەیە وەبەر شەوێ بکەوم و بەندەنی نێوان  "خ" و "ک" و "د" دەبەفرێدا دەمێنم و ئەو شوێنە خەڵک دەبەفرێدا ماونەوە وگورگ خۆر بوون. گوێم نەدانێ و مڵم پێوەنا. نیزیکەی کاتژمێریک داوتر گەیشتمە "خ". سەیری حەوام کرد دیاربوو زۆری مابوو بۆ تاریک بوون. لەوێش لام نەداو بەرەو هەورازی بەندەێ هەڵگەرام. پێش ئەوەی کە بگەمە سەر بەندەنی نێوان "د" و "ک" و"خ" بەفروباووبۆران تێکەڵیانکرد. کۆڵەپشتی و گۆچانیکم پێ بوو، لەبەر هەورازەکەی چەند  شووڵێکم لە داریک برین. کە کەوتمە سەر بەندەنەکەی  رێگا هیچ شوێنی دیار نەبوو،هەر هەنگاوم هەڵ دێنا بەفر و با جێی شوێنی پێمیان پر دەکردەوە. برێک بەدەوری خۆمدا هەڵسوورام و هاتووچووم. هەر چی دەمکرد چاوم لە دۆلی "ک" هەتەری نەدەکرد هەر پێشمدەکرا بەری چاویلکەکانم پاک بکەمەوە. برێک هاوارم کرد ،کوتم بەڵکوو سەوەڕێک ،دەنگێکی ناو دێیەک ببیسم. هیچم وەدەست نەکەوت. وەبیرم هاتەوە کە ئەو بەندەنە خەڵک دەبەفرێدا ماونەوەو گورگ خواردوویانن. لەسەر گاشەبەردێک کە بە حاستەم  سەری دیارونەدیاربوو، هەڵترووشکام. کوتم برێک سەربەرێژێردەبم بزانم دۆڵەکەی دەبینم یان نا ،دەنا دەگەرێمەوە شوێنی خۆم. بەڵام دەمزانی باووبۆرانەکە شوێنم پر دەکاتەوە، شوولەکانی دەگەل خۆم هینابوو لەسەر بەردەکەی را بۆ نێشانە لەسەر بەفرێ دەستم بە چەقاندنیان کرد. دەمزانی  باوبەفرەکە گەر دەرنەچووم وبگەرێمەوە،  شووڵەکانیش دادەپۆشێت. بۆیە ناچاربووم  لەسەر رێگایەکە هەرچەند جارەی شووڵێکم دەچەقاند برێک میزم ( لە گەڵ داوی لیبوردن)  بە دەوری دا دەکردن . دەمزانی گەر شوولەکانی وەبن بەفر بکەون،ئەوە شوێنی میزەکە دەمینێتەوە. برێک سەربەرەژێر بووم هیچم لێ وەدەست نەکەوت بەرەو کوێ دەرۆم. کوتم باشترە بەرەو شوێنی خۆم بگەرێمەوە ،هەرنەبێ گەر رزگاریم هات بەرەو "خ" بگەرێمەوە. لە گەرانەوەمدا سەیرم دەکرد شووڵەکان وەبن بەفر کەوتبوون ،بەڵام زەردایی و شوێنی میزەکە لە دەوری شوولەکان دیار بوو و رۆچوو بوو، ئاوا فریام کەوت بگەرێمەوە شوێنی خۆم. کە گەیشتمەوە سەر بەردەکەی ، شاخەکە داپۆشرابوو،لەوێ جێ لاقی خۆم خۆش کرد و یەک بە خۆم هاوارم دەکرد.دەمکوت بەڵکوو لە یەکێک لەو سێ چوار دێیانە گوێیان لێبێت و یان سەوەرێکم لێ وەدەنگ بیت. نەدەنگ هەبوو نە هەر چی کردیشم سەرم دەری نەدەبرد چۆن بگەرێمەوە "خ". کۆڵەپشتەکەم دەبنە خۆم ناو لێنووس و پێنووسم  دەر هێناو خەرێکی نووسن بووم کە گەر نەمام بزانن چیم لێ بەسەرهاتوە. دەگەرماوگەرمی نووسینی مەرگی خۆمدابووم( گەر بە فشە لیم وەرنەگرن، بۆ چرکەیەکیش ورەم لە دەست نەدا، لە بەر ئەوەی پێم وابوو لە رێگای بیروباوەرمە،ئەو  تێداچوونەش هەر وەک  سەنگەر وایە.) کە زۆر بە سپایی  گوێم لە چەقوولووڕی سەگان بوو. زوو هەستامە سەر پێ و منیش  یەک بە خۆم تێمدەقوولاند. لینووس و پینووسم  پێچاوەو دەگیرفانم هاخنین و لەبیرم چوو کە دەنیو کۆڵەپشتێکەیان بنێمەوە. سەربەرەژێر بەرەو دەنگی سەگەڵێ تێمتەقاند. نەمدەزانی  بەرد و قوڵکەو جۆگە و هەڵدێر چێ ،چونکە هەمووی بەفر دایپۆشی بوو،زۆر جار دەکەوتم و هەڵدەستامەوە، هەر دەشم قریواند تا  سەگەل بێ دەنگ نەبن،چاو لەدووررا هیچی نەدەدیت، بەڵام هەستم دەکرد دەنگی سەگەکان نیزیکتر دەبوونەوە. نیزیکەی نیو کاتژمێر ئاوا سەربەرەژێر داگەڕام. گەیشتمە خرێکی کە ئاو لە بن بەفرێ دەرۆیشت.  تێر لە ئاوەکەم خواردەوەو بە شوێن ئاوەکەدا رۆیشتم. دەمزانی کە ئەو ئاوە دەچێتەوە بەر ماڵان. لە دوور را دووکەڵی ماڵانم لێ دەرکەوت. جا پشوویەکم دابەر خۆم و یەک دوو دانکم خورما خوارد. زانیم  ئەوجاریش کفنم دڕیوە. کوتم گەر سەگەکان ڕاماڵیان بۆ هینام ،با هێزم تێدا مابیت. وادیار بوو ئەمن کەوتبوومە بەر ماڵەکانی "ک" ، سەوەرەکەش لەسەرەوەی ماڵەکانی دێی بوون، بۆیە من لێیان دوور کەوتبوومەوەو راماڵیان بۆ نەهێنام،ئەو کات  بنکەی پێشمەرگەکانی  هیزی پێشەوای لەوێ بوون ،لەسەر ئەو حاڵەش نیگەران بووم کە بێن بیانووم پێی بگرن. هەر چەند کۆنە ئاواڵی گەرەک و مندالیشمیان زۆر دەگەل بوون، کاتی نان خواردنی شەو بوو،  ئاوەدانی کش ومات بوو. منێش لەسەرەخۆ  خۆم بە ماڵی هاورێیەکم دا کرد،باوکی هاورێیەکەم  هەرچەن ئەندامی شوورای حیزب بوو بەڵام  زۆری رێز لە ئیمە دەگرت و وەکوو کەسێکی لە بەر دڵان و مەشرەف خۆش ومیواندار بوو، کە گەیشتمە بەر بێڵایەکەیان، دایک و باوکی  هاورییەکم  زۆر بەگەرمی بەردیانمە ژوورەوە و هەموو گیانم بەفر و ئاو بوو و پێنووس و لێنووسم هەموو خووسابوون. هاورێیەکمیان  زوو لە دەرەوە بانگ کردەوە و جلکیان بۆ هێنام و خۆم گۆڕی. دوای گێرانەوەی بەسەرهاتم هاورییەکەم کوتی خۆ تێدا چووبای نووسینەکانت هیچی  نەدەخوایندرانەوە. کوتم کوڕە ئەوە لە خۆشی سەوەڕێی  دە گیرفانم نان ،دەنا دە گەڵ کتێب و نووسراوەکانی دیکە دەکۆڵەپشتێکەم دەنان و وەک خۆیان دەمانەوە. ئەشەوە دوای حەسانەوە ی بریارماندا کەبەیانی هاورێکەم لە گەم بێت  بۆ "کی"ی و لەوێ لەگەڵ هاورێیانی ئەو دەڤەرە  کاور وباری رێکخستنی وێ بەسەر کەینەوە.

بەیان زوو هەستاین و دوایی نان خواردن  لە گەل هاورێیەکەم  چوینە "کی" ولەوێ تا پاشنوێژی  کاروبارەکانی وێندەرێم تەواوکرد و من بەرەو دێ "ع " سوار بووم و هاورێیەکەم بەرەو ماڵی گەراوە. لە"ع" چوومەماڵە دۆستێکی، کە بۆ خۆی هاورێ کۆنی چریکەکان بوو و دۆستی نیزیکی ئێمە( هەرچەند نازانم ماوە یان چی بەسەر هاتوە،چۆنکە ئەو کات پیاویکی گەراوە بوو). شەو دوای باس و خواسێکی سیاسی زۆر کوتم خاڵە لە "ک" ئاوام بەسەر هاتوە، دەمهەوێ بچم بۆ لای هاورێیانی ئەقەلییەت لە "با "،دەبێ هاریکاریم بکەێ، کوتی زۆر باشە.  بەیانی  کورێکی خۆمت دەگەڵ دەنێرم هەتا نیزیک  " ش" لەوێ بچوو بۆ ماڵی  مام سێمان و پی بڵێ خاڵە شەلە ناردوومی و دەبێ دەگەڵم بێ بۆ" با". کوتیشی مام سێمان راوچی  بە ناوو دەنگی ئەو ناوەیە کە کەس پێی ناگات.  بەیانی لە خەو ڕابووین و پاش خواردنی نان وچا و ماڵاوایی لە خاڵە شەلەی لە گەڵ کورەکەی ملی رێگامان گەرت. بەر لەوەی  لە " ش" نیزیک ببینەوە کورەکەی خاڵە شەلە گەراوە بۆ مالی خۆیان. لە هەوایەکی نەرم و گەرمدا بەفر خۆش دەباری. هەر چەند خاڵە شەلە ماڵەکەی مام سێمانی پێ کوتبووم  لە کوێی ئاوایی هەڵکەوتوە. لە بەر کانیی ئاوای لە ماڵێکم پرسی کە ماڵە مام سێمانی لە کوێیە. ژنێک لەبەر دەرکەی ماڵەکە کوتی  ئەو ژنەت دیوە، تەنەکە ئاوی لە سەر شانە،ئەوە ژنی مام سێمانێیە کە لە کانێ را دەچێتەوە ماڵی ،شوێنی بگرە دەتباتە ژوورێ. منیش هێدی هێدی شوێنی ژنەکەم گرت ،لەبەر دەرگا برێک خۆم خافڵاند تا ژنەکە بە تەواویی چووە ژوورێ. منێش لەبەر دەرکەی بانگم کردن ،مام سێمان لە ماڵە،یەک نێوماڵ بوو ،تەندوورێکی گچکە ئاوری لێ دەهاتەدەرێ وکتری وقابلەموکێکی  لە قەراخ داندرابوو و ماسێمانیش لەو لاتر لەسەر لبادێک دانیشت بوو خەریکی قەفەس چنینێ بوو و چە قەفەسە کەوێشی لە دەوربەری خۆی دانابوو. سێغارەکەی هەر بەلالێوێوە بوو وکوتی کاکە وەرە دانیشە. منیش لە بەر دەرکەی بریکم خۆ راوەشاند و کاپشینەکەم داکەندو لە پەنا مام سێمانی دانیشتم ،ئەو جا مام سێمان دەستی لە قەفەس و شووی ی دەرهێنا و برێک دەست و پەلی خاوێن کردوە و تۆقەی لە گەڵ من کرد و تێر بەخێرهاتنی هێنام. کوتم مام سێمان خاڵە شەلە منی ناردۆتە لای تو. من دەمهەوێ بچم بۆ "با" بۆ بنکەی پێشمەرگەکانی ئەقەلییەت. کوتی کاکە تۆش هاوری کاک سەلاح و وانی؟ کوتم نا من دۆستی ئەوانم و پێشمەرگەی کۆمەڵەی یەکسانیم.بە خێزانی کوت نان و چامان بۆ ساز بکات. خێزانەکەی کوتی شیربرینجەکە تەواوە وئەوە چایەکەش دێم دەکەم. هەتا چا ساز بووو دێمی هێنا ،منیش باسی بەندەنی "کا" بۆ کرد. کوتی خەمێ مەخۆ،  ئەمن پنچک بە پنچکی ئەو مەڵبەندەی هەموو دەزانم. شوێن نێی ڕاوم لێ نەکرد بێت قەتیش دە بەفرێدا نەماومەوە. کوتم من قەت نەچوومە  "با" دەنا لەبەرم گران نەدەبوو و تۆشم هیلاک نەدەکرد. خێزانی مام سێمانی چای لە پێش داناینوو کوتی کاکە لێمان بە شوورەیی مەگرە ،قەندمان نێ، دەبێ بەو نوقڵانە چایەکەو بخۆنەوە. لە وڵاتی، قەند قاتی بوە بە ئیفلاتوونی  حەکیمیش تاقە کڵۆیەک لەو وڵاتەی وەدەست ناکەوێت، نان و چامان خۆرادوبرێک حەسامەوە و کوتم مام سێمان با وەبەر تاریکایی نەکەوین ساز بین برۆین، مام سێمان کوتی کاکە ئەوەتا لێرەیە،یەک کاتژمێر نابات دەتگەیەنمە وێ. دوای ئەو قسانە مام سێمان کوتی بە خێزانەکەی: دا گورەوی و باڵتۆیەکەم بۆ بێنە. خێزانەکەی پرسی خۆ تۆ شەوێ نامێنێوە، کوتی نانا هەر ئێستا ئەوی دەگەیەنمێ و خۆم دەگەرێمەوە. خۆمان داپێچا و وەدەر کەوتین. بەفریش خۆش خۆش دەباری بە پشت کانێیکەیدا وەسەر کەوتین. کوتی جا کاکی خۆم بەرێگایەدا نارۆین، وەسەر بەندەنێ دەکەوین و لەوبەری نێوماڵی" با" لێوەدەر دەکەوێت. منیش لە دڵی خۆمدا کوتم گەر وابێ  نیو کاتژمێرش نابات دەگەمێ.  وردەوردە باوبەفر لەسەر بەندەنێ تووندی کرد. بەفەر لە لاپاڵەکان دیواری ساز دەکرد.برێک رۆیشتین مام سێمان کوتی کاکە بە دوومدا وەرە با بەو نەوێیایەدا برۆین. ئەو با وبەفرە پێکەوە پشوومان لێ دەبرێت. دەتکوت باوبۆرانەکەی بەندەنێ " کا" دەستی پیکردۆتەوە. هەر دەرۆیشتین مام سێمان دەیکوت پێم سەیرە هەر " با" لێ دەرنەکەوت!  برێکی دی رۆیشتین دەنگەدەنگ دەهات. مام سێمان کوتی دا، دانیشە بزانم ئێرە کوێیە. وادیار بوو کانێیەو دەنگی ژنان دەهات. کوتی بەسەیدی زەمبیل ئەوە خێزانمە، وەرە بگەرێنەوە با کەس نەمابینێ. خۆ ئەوە کانی دیی خۆمانە. منیش لە دلی خۆمدا کوتم بە تڕی خێوێوە،کوا تازە دەگەمە  "با"ی! برێک گەراینەوە دوایە  تا ئاودیوی کانێکەی بوون. مام سێمان کوتی کاکە لە ژیانمدا ئەوە یەکەم جارە رێم لی هەتڵە بوە. ئێستا لەو شوێنەی رێم ون کردوە پێت دەڵێم. نیزیکە ٢٠ خۆلەیەک رۆیشتین .گەیشتینە بستوێکی ،کوتی کاکە  ئەلێرە چاوی لێ بکە، لە جیاتی بەو لابەلایەیدا برۆم، بامداوەتەوە. راستی دەکرد. بەفر وباش وردەوردە لێدەکردەوە. نیزیکەی ١٥ تا ٢٠ خولەیەکیدیکە  وەسەر بەندەنێ کەوتین ئەبەرەوبەری ئەو دێیانەمان لێوەدیارکەوت. لە بڵندایەکەی دانیشتین و کوتی کاکە جا ئەو ماڵانەی ئەوبەری چۆمەکەت دیتوە. ئەوە" با"ە. دەستی راداشتوو کوتی هوووو چۆمەت دیوە؟! رێگاکەی پان دیارە،ئەوە هەر لەوێ لە چۆمەکە پەرێوە ،ئەو رێگایە یەکسەر دەچیت بۆ ناو دێ. کوتم بۆ مام سێمان دەگەلم نایەی؟! کوتی ناکاکە بۆ گەرانەوەی من درەنگ دەبێت. من لێرە دەبم تا دەگەیە سەر چۆمەکە. زانیم کە باشترە کات بە فیڕۆ نەدەم . کوتم زۆر باشە گەر وابێ  زۆر سپاست دەکەم  تا تۆ دەحەسێیەوە من سەربەرەژێر دەبم. هەر وەک بەندەنی " ک" بەرەو چۆم سەربەرەژێر بووم. تا گەیشتمە سەر چۆمەکە ئارەقەم کرد بوو بەڵام ئەوەندە ماندوو نەبووبووم. گۆڕەویو کەوشم داکەندوو و خۆم هەڵکرد ولە چۆمەکە پەریمەوە. دەشمزانی ئەو ناوە گورگی زۆری بوو، بەڵام دەبوو هەتا تاریکی نەکردوە خۆم بگەیەنمە نیزیک ئاوەدانی. لە چۆمی را بەرەو" با" هەم هەوراز بوو ،هەمیچ بەفرەکە زۆر بوو. لە وەسەرکەوتم لە دووررا دێم لێوەدەر کەوت  ودەنگی سەوەرێ هات لە سەر هیندێک بانانیش دەمدیت کە کوروکاڵ خەریکی مێشێنن. کە نیزیکی دێی بوومەوە ئەوەندە ماندوو بووم لاقم هەڵنەدەهاتەوەوزۆریش برسی بووم. کوتم برێک نەحەسێمەو شتێکی نەخۆم سەگ تێموەرووکێن،دەستم بۆ ناکرێتەوە. ئەوانەی رۆژێک دەگەڵ من پێشمەرگایەتیان کرد بێت دەزانن کە من هەموو کاتێک خۆرما وکشمیش ومێوژوونانەرەقەم بۆ کاتی تەنگانان پێیە. هەر لە" ک"  دو سێ جێگام خورما کڕی بوو ودەناو کۆڵەپشتێکەم نابوو ولە ماڵە خاڵە شەلەی چوار پێنج نان و برێک پەنیریش لە گەڵی بابۆڵە کردبوو. لە چەقی رێیە لەسەر بەفرەکەی دانیشتم و دەستم بە  بە بابۆڵە نان وپەنیرو خورما خو خواردنێ کرد. کە تێربووم و حەسامەوە. بەرەو دێی وەرێ کەوتم. سەگی" با" وەکی  سەگی" کا" دۆستانە نەدەوەڕین. سەگ ڕاماڵیان بۆ هێنام، منیش لە جێ خۆم چەقیم و گۆچانەکەم لە سەگەکان راستکردەوە. سەگ راوەستان. چونکە گەر لە بەر سەگ ودڕەندەی دیکە راوەستی و لەبەریان هەڵ نەیەی. ئەوانیش  یەکدابەدوو ناوێرن پەلامارت بدەنێ.  لە دووررا خەڵکەکەی سەربانەکەم بانگ کرد. ئەوە بۆ نایەن ئەو سەگانە دەر بکەن. زوو چەند کەس هاتن سەگەکانیان دەر کرد و کوتیان هەر وەمانزانیوە خەڵکی دێی. پرسیاری بنکەم لێ کردن . بردیانم بۆ بەر دەرکەی بنکەی پێشمەرگان. لەبەردەرکەی خۆم ناساند و پرسیاری  کاک سەڵاحم کرد ، زوو کاک سەلاح هاتەدەرێ و یەکترمان ماچ کرد وچووینە ژوورێ. پێشمەرگەکان لە سەر نانخواردنێ بوون،یادی بەخێر، پەتاتەیان بە رووبە تەماتەی  سوور کرد بوو. بابۆڵەی خورماوپەنیرەکە جێ خۆی گرتبوو. پاش حەسانەوە ونان خواردنی هاورێیان لەگەل هاورێ سەلاح وهاورێ رەعووفی کەعبی قسەوباسی پێویستمان کرد و شەو بۆ خەوتن لە کاک سەلاحی پرسیاری ماڵی خزمێکم کە لە " با" دەژیا، کرد و کاک سەلاح دەگەڵم هات بۆ ماڵی خزمەکەم و من شەوێ لەوێ خەوتم.

 

١٢ی١٢ی ٢٠١٣  کاوە سوور

تێبینی: ئەوە یەک لە سەدان بیرەوەری ژیانی پێشمەرگایەتیمە. ناوەکان نازناون.