پیرۆزە ١ی ئەیار، ڕۆژی هاوپشتیی و هاوخەباتیی جیهانیی چینی کرێکار

Yeksani
01-05-2024

لە سەروبەندی ساڵوەگەڕی ای ئەیاردا کە چاوخشاندنێک دەکەین بەسەر دۆخی گشتیی جیهاندا، دەبینین لە سەردەمی پێشکەوتنە خێراو سەرسوڕهێنەرە زانستیی و تەکنۆلۆژییەکاندا، ڕۆژ بە ڕۆژ کرێکاران هەژار و هەژارتر دەبن و سەرمایەدارانیش دەوڵەمند و دەوڵەمەندتر. پاشنەی میکانیزمی کارکردی دەرگای سیستمی ئابووریی کامپیتالیستی لەسەر ڕیسمەی کەڵەکردنی سەرمایە لە چنگی توێژێکی بچووکی کۆمەڵگەدا دەچەرخێت بۆیە، لەم سیستمەدا و تا کاتێک کە ئامێرەکانی بەرهەمهێنان لەلایەن سەرمایەدارانەوە قۆرخ کرابن گەشەکردنی تەکنۆلۆژیا و ژیریی دەسکرد و بەرزیی ئاستی بەرهەمهێنان، مەرج نیە ئاسوودەیی و ژیانێکی باشتری بۆ زۆرینەی کۆمەڵگە لێ بکەوێتەوە. لەم سیستمەدا گەرەکە لە ڕێگەی کاری زۆر و کرێی کەمی بەرهەمهێنەران و فرۆشتنەوەی ئەو کاڵایانەی دەسڕەنجی بەتاڵانبراوی چینی کرێکارن، مرۆ بکەنە ڕۆبۆتێکی زیندووی کەڵەکەکردنی سوود بۆ ئێلیتێکی مشەخۆری بچووک.

بە پێی ڕاپۆرتێکی دامەزراوەی ئۆکسفام کە لە ڕێکەوتی ١٥ی ژانویەی ٢٠٢٤ سەبارەت بە نایەکسانیی بڵاوی کردۆتەوە پێنج لە دەوڵەمەندترین سەرمایەداری جیهان لە ساڵی ٢٠٢٠ەوە سامانەکەیان لە ٤٠٥ ملیار دۆلارەوە بۆ ٨٦٩ ملیار دۆلار زیادی کردووە - بە ڕێژەی ١٤ ملیۆن دۆلار لە کاتژمێرێکدا و لەو لاشەوە نزیکەی پێنج ملیار کەسیش هەژارتر بوونە.

ئەمڕۆکە لە سەرتاسەری جیهان، سەدان ملیۆن کەس بێکارن، بێبەشن لە مافی بیمەی بێکاریی، کێشەی نیشتەجیبوون بێدادیی دەکات و دۆخی تەندروستی، پەروەردە و خراپیی ژیانی منداڵانی کار و نالەباری دۆخی ژنان و کۆچبەران و پەنابەران و وێرانبوونی ژینگە لەوپەڕی خراپیی خۆیدایە.لە دوو ساڵی ڕابردوودا سەرمایەداریی جیهانیی بە شەڕەکانی ئوکراین و فەلەستین و کوردستان نرخی خوێنیان دابەزاندووە، نرخی نەوت و نان و پێداویستییەکانی ژیانی ملیاردها مرۆڤیان بە شێویەکی سەرسوڕهێنەر بەرز کردۆتەوە و بەپێی ڕاپۆرتەکانی ئۆکسفام کۆمپانیا جیهانییەکان لە سەردەمی پاش کۆڕۆنا و شەڕیشدا بە ئاشکرا مژدەی بەرزبوونەوەی بەردەوامی ڕێژەی سوودەکانیان دەدەن.

ئەگەر تا نەوەدەکانی سەدەی ڕابردوو بیانوێکی ئیدۆلۆژیک هەبوو بۆ شەڕی سارد و میلیتاریزەکردنی جیهان، ئەمڕۆ ئەو بیانووەش نیە. دەوڵەتە کاپیتالیستییەکان هەر ماوەی جارێک شەڕێک لە شوێنێک هەڵدەگیرسێنن و زۆر جار گرژییەکان دەگەیەننە ئاستێک کە هەڕەشەی بەکارهێنانی چەکی ئەتۆمیی دێتە پێشەوە. ئەمە و نیشانەکانی تری کاپیتالیزم، کە وەک شێرپەنجە دەمی ناوەتە ژیانی مرۆڤایەتیی ئەوەمان پێ دەڵێت، کە سۆسیالیزم تەنها ئەرکی چینی کرێکار نیە و کاپیالیزمیش تەنها دوژمنی کرێکار و مرۆڤی هەژار نیە، بەڵکو ئەم سیستمە هەڕەشەیە بۆ سەر هەموو مرۆڤایەتیی و ژیان و ژینگە و ژیاریش. دۆخی ناهەمواری ئێستای جیهان ئەوەمان پێ دەڵێت، کە لە ساڵی ٢٠٢٤دا هێشتا پەیام و داواکارییەکانی کرێکارانی شیکاگۆی ساڵی ١٨٨٦ و کۆمۆنی پاریس هەر لە جێی خۆیانن و بانگەوازمان دەکەن بۆ خەباتێکی سۆسیالیستیی سەردەمیانەی نائیدئۆلۆژیکی زانستیی لە دژی کاپیتالیزم، بۆ دامەزراندنی سیستمێک کە تیایدا بازاڕ و سەرمایە و سەرمایەدار چارونووسی جیهان دیاری نەکەن.

لە ئێرانی داگیرکەری ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا، لە کۆماری ئاپارتایدی ئیسلامییدا دۆخی کرێکاران و توێژە هەژارەکان و زۆربەی هەرە زۆری خەڵک هێندە خراپە لەباسکردن نایەت. ئەمڕۆکە بێکاریی و گرانیی لە ڕادەبەدەر و هەژارییەکی ڕەها (زیاتر لە سەدا ٧٠ی خەڵک لەژێر هێڵی هەژارییدا دەژین) و ڕۆژکاری دوورودرێژ و کێشەی ماددە هۆشبەرەکان و نەبوونی ئاسایشی شوێنی کار لەپاڵ گەندەڵییەکی بێسنوور و زیندان و سێدارە و بەردەباران و شەللاق و توندوتیژییەکانی هەر ڕۆژەی تری کۆماری ئیسلامییدا، تەنگیان بە چینی کرێکار و زۆرینەی خەڵکی ئەو وڵاتە هەڵچنیوە و ئێرانی کردۆتە دۆزەخێکی ڕاستەقینە بۆ کرێکاران و ژنان و نەتەوە بندەستەکان و خۆشیان نکۆڵیی لێ ناکەن. بە وتەی سەرۆکی سازمانی پزیشکی دادوەریی ئێران، بەهۆی خراپیی دۆخی سەلامەتیی شوێنی کار لە ساڵی ڕابردوودا ٢١١٥ کرێکار گیانیان لەدەستداوە و ٢٧٣٧٧کرێکاریش برینداربوون. کۆماری ئیسلامیی لە ئاستی ئێراندا و بە بەکارێنانی زەبروزەنگی خوێناویی و بە خۆهەڵقورتاندن لە کاروباری وڵاتانی تر، گەرەکیەتی ماوەیەکی تریش خۆی بەسەر پێ لەرزۆکەکانیەوە ڕاگرێت.

بەداخەوە لە ماوەی شۆڕشی ژینادا هەڵسوڕاوانی کرێکاریی و چینی کرێکاری ئێران لە ماوەی شۆڕشی ژینادا بە ناوی خۆیەوە وەک پێویستە قسەی نەکردووە و هەڵوێستی خۆی دەر نەبڕیوە و بەگوێرەی پێویست ڕیزەکانی خۆشی ڕێک نەخستووە. خەباتەکە زیاتر بۆ چاکسازیی ئابووریی و ڕیفۆرمیستیی بووە، کە ئەویش مخابن ئەنجامێکی وەهای نەبووە. ئەم کۆمەڵگایە تا چەن ساڵێک لەمەوبەر بەدوای دەنگە دزراوەکانی هەڵبژاردەنە نمایشییەکانی سەرکۆمارییدا دەگەڕا و لە گەرمەی دەسپێکی شۆڕشی ژیناشدا قورسایی شۆڕشەکە کەوتبووە سەر شانی ژنان و خوێندکارانی زانکۆکان. ئەگەر خەڵکی ئێران وەک کوردستانی شۆڕشگێڕ بهاتایانەتە گۆڕەپانی شۆڕشیکی سیاسیەوە، ئەمڕۆکە شوێنەوارێک لە کۆماری ئیسلامیی نەمابوو. هەڵبەت ئەوە بەو واتایە نیە کە کۆماری ئیسلامیی لە کۆمەڵگەی ئێراندا ڕیشەیەکی ئەوتۆی مابێت، بەڵکو بەو واتایەیە کە چەپ و سکۆلاری ئەو کۆمەڵگایە بەداخەوە، وەک پێویستە ڕێکخراو و چالاک و خاوەن ئاسۆیەکی فرە ڕوون نیە.

کرێکارانی کوردستان، ژنانی تێکۆشەر و پێشەنگی شۆڕشی یەکسانییخوازانەی ژینا!

ئێوە خۆتان ئاگادارن کە دۆخی کرێکار و ڕەنجدەر و هەژاری کوردستان و خەڵک بە گشتی زۆر لە دۆخی کرێکار و هەژاری ئێرانیی دژوارترە، ئەوەش بێگومان دەگەڕێتەوە بۆ ژێردەستەیی نەتەوایەتییمان. ستەمێک کە تاکبەتاکی خەڵکی کوردستان و تەنانەت ژینگەکەشی دەگرێتەوە. چینی کرێکاری کوردستان و ڕێکخراوە پیشەییەکانی پێویستە لەم بوارەدا وێڕای بەرەوپێشبردنی خەبات بۆ باشترکردنی ژیانی ڕۆژانەیان، وێڕای گرنگییدان بە هاوخەباتیان لەگەڵ چینی کرێکاری ئێران و نەتەوە بندەستەکانی ئەو وڵاتە و بزووتنەوە پێشکەوتووەکانی، دەبێ لە ئاستی پرسی نەتەوایەتیی کوردستاندا، کە برینێکی ئۆرژانسی و هەنووکەیی کۆمەڵگەی ئێمەیە، هەست بە بەرپرسیارێتیی زیاتر بکەن و نابێ چارەسەری ئەم پرسە گرنگ و هەنووکەییە بە چینی سەرمایەدار و ناسیۆنالیستەکان بسپێرین. ئەزموونی بزووتنەوەی ڕزگارییخوازی کوردستان لە ڕۆژهەڵات و بەشەکانی ترییش ئەوەی سەلماندووە، کە ڕزگاریی نەتەوایەتیی ئەرکی چینە چەوسێنەرەکان نیە. ئەوانەی لە ژێرچەپۆکەیی نەتەوایەتی ڕەنج دەبەن زیاتر ئەوانەن، کە لە ستەمی چینایەتیی و ڕەگەزیی و ... ڕەنج دەبەن. هەڵسووڕاوانی کرێکاریی و چینی کرێکاری کوردستان و ڕێکخراوەکانیان پێویستە بەناوی خۆیانەوە لە پرسە نەتەوایەتیی و فەرهەنگییەکانی کوردستان خودی دەرکەون.

کرێکاران، ژنان و لاوانی تێکۆشەری کوردستان!

کوردستانی ئێمە تا چەن ساڵێک لەمەوبەر بە شێوەیەکی ڕەها لە دواکەوتوویی ئابوورییدا ڕاگیرابوو ئێستاش ئەم سیاسەتە لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە هەر بەردەوامە، بەڵام لە یەک دەیەی ڕابردوودا کۆماری ئیسلامیی بە وتەی خۆیان بۆ دەوردانەوەی گەمارۆ ئابوورییەکان و بۆ سوودوەرگرتنی تاڵانچیانە لە سامانە سروشتیەکانی کوردستان، ژمارەیەکی بەرچاو کارگە و کارخانە و کانەکانی زێڕ و ماددە کانزاییەکانی تر و ناوەندە پێترۆشیمیەکانی دامەزراندووە. ئەمڕۆکە چینی کرێکاری کوردستان بە بەراورد بە سەردەمی شۆڕشی ١٣٥٧ زۆر گەشەی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە و هێزێکی کۆمەڵایەتیی بەرینە. ئەم هێزە پێویستە هەرچی زیاتر لە ڕێکخراوە پیشەیی و چینایەتییەکانی خۆیدا ڕێکخراو بێت و ئەم ڕێکخراوانەش لە ڕایەڵەیەکی سەرتاسەرییدا یەک بگرنەوە. بوونی ئەو هەموو کرێکارە لە بوارەکانی کشتوکاڵ و کانەکان و کارگە و کارخانەکان و لە بوارەکانی فەڕشچنین و کۆڵبەری و... هێزێکی بەرینە و ئەگەر بە ڕێکخستن بکرێت، دوژمن ناتوانێت ئەو هەموو زەبروزەنگە هۆڤانەیە بنوێنێت. لە سۆنگەی ئەم ناڕێکخراوبوونەیە کە کوشتاری ڕۆژانە و بەردەوامی کۆڵبەران خەریکە دەبێتە ڕووتینیات لە بیروڕای کۆمەڵگەی ئێمەدا و کوردستان نەدەبوو مل بەم کۆیلەتییە بدات. جێی داخە کە لە کۆمەڵگەی دەوڵەمەندی کوردستاندا ئێمە دەیان هەزار کۆڵبەرمان هەیە لە ژن و لە پیاو، لە کەم خوێندەوار و لەوانەش کە خوێندنی باڵایان تەواو کردووە و ژیانێکی کۆیلایەتییان بەسەردا سەپاوە و ڕۆژانە دەدرێنە بەر گوللـە. لە ساڵی ١٤٠٢ی هەتاویدا ٥٠٧ کۆڵبەر لە کوردستان کوژراون و بریندار بوونە، کە زیاتر لە ٨١٪ی قوربانیەکان بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی کوژراون و بریندار کراون. جگە لەوە، لە مانگی مارسی ٢٠٢٤دا ٩١ کۆڵبەر بە فیشەکی چەکدارانی ڕژێم کوژراو و بریندار بوونە.

بەهیوای یەکگرتوویی و ڕێکخراوبوونی هەرچی زیاتری چینی کرێکاری کوردستان و کۆمەڵگەی کوردستان بە گشتی. بەهیوای چالاکتربوونی بزووتنەوەی کرێکاریی کوردستان لە شۆڕشی ژینادا و لە بزووتنەوەی ڕزگاریبەخشی کوردستاندا. لێرەدا وێڕای بەرزنرخاندنی خەباتی کرێکاران بۆ ژیانێکی باشتر، وێرای ڕێزگرتن لە یاد و خەباتی هەموو ئەو ئازیزانەی کە لە شۆڕشی ژینا و کوردستاندا گیانیان بەخت کردووە، وێرای ڕێزگرتن لە یادی هەموو ئەو ئازیزانەی کە لە کۆڵبەریدا دراونەتە بەر فیشەکی داگیرکەران، وێڕای ڕێزگرتن لە یادی هەموو ئەو کرێکارانەی، کە لە ڕووداوەکانی شوێنی کاردا گیانیان لەدەست داوە، ڕێز دەگرین لە یادی هاوڕێ جەماڵی چراغوەیسی، هەڵسووڕاوی کرێکاریی و یەکێک لە وتاربێژانی مەراسمی ١ی ئەیاری ١٣٦٨ ی شاری سنە، کە بەدەستی خوێنینی داگیرکەرانی ئیسلامیی و "بە تاوانی" وتاردان لە ڕۆژی کرێکاردا لەسێدارە درا. بەهیوای مەراسمگەلێکی شکۆداری کرێکاریی لە ئەیاری ئەمساڵی کوردستان و ئێران و هەموو جیهاندا.

بژی ١ی ئەیار، ڕۆژی هاوپشتیی و هاوخەباتیی جیهانیی چینی کرێکار!

بڕووخێت کۆماری داگیرکەری ئیسلامیی!

بژی ئازادی و دێموکراسی و سۆسیالیزم!

ناوەندی ڕامیاریی کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان

١١ی بانەمەڕی ۱۴۰۳

٣٠ ئاوریلی ۲۰۲۴