بڕیاری ناڕەوای دادگای نمایشیی ڕژیمی فاشیستیی تورکیە لە دژی دەمیرتاش و سیاسەتمەدارانی تری کورد بە توندی شەرمەزار دەکەین

Yeksani
18-05-2024

ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و دەزگاکانی ڕاگەیاندنی کوردستان و تورک و وڵاتانی تریش ڕایان گەیاند کە ڕژیمی فاشیستیی تورکیە لە دادگایەکی نمایشییدا کە دوێنێ ڕێکەوتی ١٦/٥/٢٠٢٤ لە سینجان بەڕێوە چوو سزای زیندانیکردنی درێژماوەی بەسەر دەیان کەس لە ڕێبەران و سیاسەتمەدارانی باکووری کوردستاندا سەپاند. سەلاحەدین دەمیرتاش سەرۆکی پێشووی پارتی دێموکراتیکی گەلان کە ٨ ساڵە لە زیندانی فاشیزمی تورکدایە و دادگای مافی مرۆڤی ئەورووپا لەمێژە داوای ئازادکردنی دەکات، سزای ٤٣ ساڵ زیندانی بۆ بڕاوەتەوە و فیگەن یوکسەکداغی هاوسەرۆکی پێشووی پارتی دێموکراتیکی گەلانیش سزای ٣٠ ساڵ زیندانی بەسەردا سەپاوە.

بیانووی دادگای ڕژیمی فاشیستیی تورکیە بۆ زیندانیکردنی ئەو ڕێبەرە خۆشناوانەی باکووری کوردستان و دەیان سیاسەتمەداری تری کورد ئەوەیە کە گوایە ساڵی ٢٠١٤ پارتی دێموکراتی گەلان بە ڕێبەرایەتیی دەمیرتاش و فیگەن یوکسەکداغ خۆپیشاندانێکی توندوتیژانەی دژی سیاسەتی چاونووقاندنی ڕژیمی تورکیە لە حاند تاوانکارییەکانی ترۆرستانی داعش لە هەنبەر خەڵکی ڕۆژاوای کوردستان بەڕێوە بردووە.

ئەم بڕیارە ناڕەوایەی دادگای فاشیستەکانی تورکیە لە ئاستی جیهانییدا لەگەڵ ناڕەزایەتیی ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و لایەنە سیاسییە چەپەکان بەرەوڕوو بووە.

کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان ئەم بڕیارەی ڕژیمی فاشیستیی تورکیەی داگیرکەری باکووری کوردستان بە توندی شەرمەزار دەکات و داوا لە ڕێکخراوەکانی پارێزەری مافی مرۆڤ و یەکێتییە کرێکارییەکان و سەندیکاکانی پارێزەران و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی دەکات بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەو بریارە و بۆ ئازادکردنی ڕێبەران و زیندانیانی سیاسیی کورد فشار بۆ تورکیای فاشیست بێنن و لەم پێناوەدا ئەوەی لە دەستیان دێت درێغیی نەکەن.

هەروەها داوا لە خەڵکی باکووری کوردستان و بەشەکانی تری کوردستانیش دەکەین دژ بەم کردەوە فاشیستییەی ڕژیمی تورکیە بێنە دەنگ و خوازیاری ئازادی بێمەرج و دەسبەجێی ئەو زیندانیانە و هەموو زیندانیانی سیاسیی باکووری کوردستان بن.

نەمان بۆ فاشیزم و داگیرکاریی!

ئازادی بۆ ئۆجەلان و دەمیرتاش و هەموو زیندانیانی سیاسیی ژێر دەستی تورکیە!

بژی خەبات بۆ ڕزگاریی و یەکسانیی و سەربەخۆیی کوردستان!

ناوەندی ڕامیاری کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان

١٧ی مەی ٢٠٢٤