ئیبراهیمی ڕەئیسی، سەرکۆماری ڕژێمی مەرگ و سێدارە لە ڕووداوێکی گوماناویدا تێدا چوو

Yeksani
20-05-2024

ئەم بەیانییە کۆماری ئیسلامیی بە فەرمیی هەواڵی کوژرانی ئیبراهیم ڕەئیسی سەرکۆماری چنگبەخوێنی ئەو ڕژیمە و حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان وەزیری دەرەوەی ئێران و چەند کەسێکی تر لە کاربەدەستانی باڵای خۆی ڕاگەیاند کە دوێنێ ١٩ی مانگی پاش گەڕانەوەیان لە دیدارێکی فەرمیی کە لەگەڵ سەرکۆماری ئازەربایجان بوویان، لە دەڤەری تەورێز لە ئەنجامی کەوتنەخوارەوەی هێلیکۆپتێرەکەیان کوژران.

هەواڵی کەوتنەخوارەوەی هێلیکۆپتێری سەرکۆماری ڕژیمی سێدارە و هاوپێڕەکانی لە یەکەم ساتەکانی خۆیدا لەگەڵ دەربڕینی شادی و خۆشیی خەڵکی کوردستان و ئێران ڕووبەڕوو بوو، بەجۆرێک کە شەوی ڕابردوو ئاسمانی شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە ڕووناکیی یاریی ئاگرین دەدرەوشایەوە.

ئیبراهیم ڕەئیسی سەرکۆماری پێشووی کۆماری سێدارە، لە خوێنڕێژییدا یەکێک لە دیارترین کاربەدەستانی باڵای ڕژیم بوو. ناوبراو کەسێک بوو بە پێشینەیەکی دڕندانەتر لە ئایەتوڵڵا خاڵخاڵی. ئیبراهیم ڕەئیسی پێش ئەوەی ببێتە داواکاری گشتیی تاران و داواکاری گشتیی وڵات و بەرپرسی دەسەڵاتی جێبەجێکردن، سەرۆکی دەستەیەکی کوشتار بوو بەناوی هەیئەتی مەرگ کە ساڵی ١٣٦٧هەتاویی بە دەستووری خومەینی پێکهێندرا بۆ قەلاچۆی زیندانیانی سیاسی. بە وتەی جێگری پێشووی خومەینی، ئایەتوڵڵا مونتەزری، هەیئەتی مەرگ کە ئیبراهیمی ڕەئیسی سەرۆکی بوو، زیاتر لە سێ هەزار زیندانیی سیاسی لە ماوەیەکی زۆر کورتدا لە سێدارە دران. کوژرانی ئیبراهیمی ڕەئیسی خۆشحاڵیی و شادمانی خەڵکی کوردستان و ئێرانی لێ کەوتۆتەوە، چونکە پاش خامەنەی جەللاد، ڕەئیسی یەکێک بوو لە گرنگترین و سەرەکییترین مۆرەکانی مافیای ڕژیمی ئیسلامیی.

لە ماوەی سەرکۆمارێتیی ئیبراهیم ڕەئیسیدا لە کوردستان و ئێران ئاستی خوێنڕێژییەکان بە شێوەیەکی بەرچاو بەرز بووەوە.  لە شۆڕشی ژن ــ ژیان ــ ئازادیدا سەدان کەس لە شەقامەکان بە تەقەی ڕاستەوخۆی چەکدارانی ڕژیمی ئیسلامیی خەڵتانی خوێن کران، سەدان کەس لە سێدارە دران، سەدان کۆڵبەری کوردستان بە فیشەکی داگیرکەری ئیسلامیی گیانیان بەخت کرد و لە ماوەی پێنج مانگی ڕابردوودا ٧٢ کەس لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ٢٣٣ کەس لە ئاستی هەموو ئێراندا لە سێدارە دراون.

ئیبراهیم ڕەئیسیی تاوانکار لە ڕووداوێکی گوماناویی و لە هێلیکۆپتێردا گۆڕی خۆی گوم کرد. تاوانکارێکی دڕندە کە پێش ئەوەی بەنداوی قیزقەڵاسی لە پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژهەڵات بکاتەوە، لە کوردستان و ئێران چەندین بەنداوی خوێنی بەرپا کردبوو. خۆزگە ئەم تاوانکارەی مێژوو لە دادگای شۆڕشی ژن ــ ژیان ــ ئازادیدا بە سزای تاوانەکانی دەگەیشت. بەو هیوایە سەرانی کۆماری سێدارە و بە تایبەتیی سەرقافڵەی تاوانکاران عەلی خامەنەیی بەر لە مردنی، لە دادگای شۆڕشی گەلی ڕاپەڕیودا بە سزای تاوانەکانی بگات.

بڕووخێ کۆماری مەرگ و سێدارە!

سەرکەوێ شۆڕشی ژن ــ ژیان ــ ئازادی!

بژی بەرخۆدانی قارەمانانەی گەلی کوردستان بۆ سەربەخۆیی و یەکسانیی!

ناوەندی ڕامیاریی کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان

٣١ی بانەمەڕی ١٤٠٣ی هەتاوی

٢٠ی مەی ٢٠٢٤