یادی هاوڕێ مەستوورەی شاسواری، هاوڕێ تەوار لە دڵی شۆڕشگێرانی یەکسانییخوازی کوردستاندا هەردەم زیندووە

Yeksani
25-05-2024

هاوڕێ مەستوورەی شاسواری ناسراو بە تەوار لە کادرەکانی ڕێکخستنی نهێنیی کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان و یەکەم ژنی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە کە بە دەستی دایگرکەرانی کۆماری ئاپارتایدی ئیسلامیی لە ٤ لە ی جۆزەردانی ١٣٥٩ی هەتاوی (٢٥ی مانگی مەی ١٩٨٠ زایینی) گوللەباران کرا.

هاوڕێ تەوار لە ١٥ی مانگی گوڵانی ١٣٤٠ی هەتاوی (٥ی مەی ١٩٦١ی زایینی) لە شاری سەقز لە لە بنەماڵەیەکی ڕۆشنبیر و شۆڕشگێردا چاوی بە دنیا هەڵێنا. هاوڕێ مەستوورە لە ڕێگەی پەڕتووکەکانی ماڵەوەیان و لە ڕێگەی هاوڕێ سیامەند شاسواری برایەوە لە تەمەنی ١٦ ساڵییدا چووە گۆڕەپانی خەباتی سیاسیەوە دژ بە چەسانەوە و هەڵاواردن و ستەم لە هەموو چەشنەکانیدا. هاوڕێ تەوار لە شۆڕشی ١٣٥٧ی هەتاوییدا بەشداری چالاکانەی دەبێت و پاشانیش لە خەباتی دژی کۆماری ئیسلامیی وەک کادرێکی پێشکەوت و وشیاری سۆسیالیست لە ڕیزەکانی کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستاندا جێ دەگرێت.

هاوڕێ تەواری نەمر دەستی دابووە خەباتێکی سۆسیالیستانەی فرە ڕەهەندیی. هەم کاری حیزبیی دەکرد و هەمیش لە ڕۆشنگەریی و کاری جەماوەریی خافڵ نەبوو. هاوڕێ تەوار یەکێک بوو لەو شۆڕشگێڕانەی کە لە ڕیخستنی خۆپیشاندانی شارەکانی سەقز و سنە و بانە کە بۆ پشتگیریی کۆچی مێژوویی خەڵکی مەریوان ڕێک خرابوون ڕۆڵێکی کارا و گرنگی گێڕا..

هاوڕێ تەوار پاش تەواوکردنی خوێندنی دواناوەندیی لە شاری سنە لە بواری تەندروستیی خوێندنگا دەیخوێند وبە گەرمیش سەرقاڵی کارسی سیاسیی و دامەزراندنی پەڕتووکخانەی گەڕەکەکان و دامەزراندنی شۆراکان بوو.

لەگەڵ دەوری دووهەمی هێرشی رژیمی ئیسلامی بۆ سەر کوردستان لە دوای نەورۆزی ١٣٥٩ ی هەتاوی (١٩٨٠)، هاوڕی "تەوار" چووە ڕیزی بەرگریی لە شاری سنە و چالاکانە لە شەقام و گەڕەکەکانی ئەو شارە شان بە شانی خەڵک و پێشمەرگە لە دژی هێزەکانی کۆماری ئیسلامیی داکۆکی لە شاری سنە کرد.

بەداخەوە لە جەرگەی داگیرکرانەوەی شاری سنە لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە هاوڕێ تەوار دەسگیر دەکرێت. یەکێک لەو هاوڕێیانەی هاوڕێ تەوار بەم جۆرە لە گیران و گولـلەبارانکردنی هاوڕێ تەوار دەدوێت:

"لە کاتی گرتنەوەی شار هاوڕی "تەوار" و من لە ناو شاری سنە لە لایەن هێزەکانی ڕژیمەوە گیراین و بردیانین بۆ پادگانی سنە. هەرلە سەرەتای گرتنی ئێمەوە پاسدارەکان و بەتایبەت جاشێک بە ناوی حاجی مسعود کەوتنە ئەشکنجەکردنی دڕندانەی هاوڕی "تەوار". بەڵام خۆڕاگریی قارەمانانەی "تەوار" و قسە نەکردنی ئەوەندەی تر ئەم خۆفرۆشەی شێت و هار کرد و ڕادەی ئەشکەنجەکان زیاتر کران بە شێوەیەک کە خۆڕاگریی هاوڕێ" تەوار" لە ناو چەند سەد نەفەر زیندانی دەنگی دایەوە. دوای زیاتر لە یەک مانگ ئەشکەنجە، رۆژێک کە هاوڕێ "تەوار" خەڵتانی خوێن کرابوو و لە ئەشکەنجە دەگەڕایەوە بەم کەسەی وت: دەزانم گولـلەبارانم دەکەن بۆیە ئەمڕۆ پێم وتن کە من پێشمەرگەم و دژی دەسەڵاتی کونەپەرستی ئیسلامیی ئێرانم، پێم وتن کە من پێشمەرگەی کۆمەڵەی یەکسانییم و ناتوانن هیچیتر لە زمانی من ببیستن."

پاشان هاوڕێ "تەوار" هەندێ قسەی تری تایبەتیی خۆی وەک قسەی کۆتایی لەگەڵ ئەم کەسەی لەگەڵیدا گرابوو کردبوو کە ئەویش بە ئەمانەتەوە پاش ماوەیەک گەیاندبوویە بنەماڵەی هاوڕی "تەوار."

پاشان لە شەوی یەکشەممەی ٤ی مانگی جۆزەردانی ١٣٥٩ی هەتاوی (٢٥ی مانگی مەی ١٩٨٠ زایینی) هاوڕێ "تەوار" و چالاکێکی تری بانەیی بە ناوی نەسروڵڵای قوددوسی، دەهێننە ناو مەیدانێکی گەورەی پادگانی سنە کە زیاتر لە ٢٥٠ زیندانییان دانیشاندووە. لەکاتێکدا دەست و چاوی هەردووکیانیان بەستووە، دەیانبەنە بەردەم دیوارێک بۆ گوللەبارانکردن. لەم کاتەدا هاوڕی "تەوار" دەڵێت: "چاوم بکەنەوە و بە چاوکراوەیی گوللەبارانم بکەن، من هیچ ترسێکم لێتان نییە و دەمهەوێت لە کاتی گولـلەباراندا چاو ببڕمە ناو چاوتان". بەڵام مرۆڤکوژەکانی کۆماری ئیسلامی بە قسەی ناکەن و بە چاوبەستراویی هەردوویان گوللەبارانی دەکەن. پاش گولـلەبارانکردنیان، حاجی مسعودی خۆفرۆش دەچێتە سەر تەرمەکانیان و پاشان بە پێلاقە بێ حورمەتیی بە تەرمی هاوڕی "تەوار" دەکات بەڵام چەند ساڵ دوای ئەمە، پێشمەرگەکانی کۆمەڵە حاجی مسعودیان بە سزای تاوانەکانی گەیاند و لە چالاکییەکی ناوشاردا کوشتیان.

بەهۆی بەردەوامیی شەڕ لە شاری سەقز، تەرمی هاوڕی "تەوار" دوای چەند ڕۆژ لە سنەوە گەیەندرایە شاری بۆکان و لەوێ بە خاک سپێردرا بەڵام پاشان تەرمەکەی بۆ سەقز گوێزدرایەوە.

هاوڕی "تەوار" یەکەم کچی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بوو کە بە دەست رژیمی کونەپەرست و مرۆڤکوژی ئیسلامیی ئێران گوللەباران کرا. هاوڕی "تەوار" هێمای ئازایەتی، لەخۆبردوویی و هۆشیاریی کچە کوردێک بوو کە لەپێناو سەربەخۆیی کوردستان و دامەزراندنی سۆسیالیزمدا سەری سەربەرزیی نایەوە.

هەزران سڵاو لە یاد و خەباتی لێبڕاوانەی هاوڕێ تەواری نەمر و هەموو گیانبەختکردوانی ڕێبازی ڕزگاریی کوردستان و سۆسیالیسم.

ناوەندی ڕاگەیاندنی کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان

٢٥/٥/٢٠٢٤