تا دوێنێ بیابانی قاقڕ، نوگرەسەلمان و عەرعەرەکان ئەنفالستانی کوردستان بوون، ئەمڕۆکە دەریا

Yeksani
20-06-2024

کۆمەڵەی یەکسانی کوردستان، هاوخەمیی هەموو خەڵکی کوردستانە!

دوای هاتنەسەرکاری کۆماری ئاپارتایدی ئیسلامیی له ئێران و زیادتربوونی گوشار و هەڕەشە لەسەر چالاکانی کرێکاریی و ژنان و هەڵسووڕاوانی سیاسی و فەرهەنگیی و نەتەوە بندەستەکان و کەمینە ئایینییەکان، دیاردەی کۆچبەریی و هەڵبژاردنی ڕێگەی سەختی مان و نەمان و پەنابردن بۆ وڵاتانی دراوسێ و ئوروپا و ئەمریکا بۆ پاراستنی ژیان و گیان، وەک ڕێگەچارەیەک بوو به تاکە بژاردەی بەردەمی چالاکانی دژی کۆماری سێداره لە کوردستانی داگیرکراو. دیارە ئەو بژاردەیەش بە زۆرەملیی بەسەریاندا سەپاوە و مخابن ئەم ڕەوتە هەتا ئێستاش نەبڕاوەتەوە و ڕۆژ لە دوای ڕۆژ ڕووی لە زیادبوونه.

 بێگومان تا لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ناوەوەی ئێران جموجۆڵێکی سیاسی بۆ سەرهەڵدانەوەیەکی جەماوەریی بەرین دژ بەم ڕژێمە ملهوڕ و فاشیستییە نەیەتە ئاراوه و پارسەنگی هێز لە بەرژەوەندیی کۆمەڵانی خەڵک نەگۆڕیت، گوشارەکان لەسەر خەڵک بەگشتی و چالاکانی سیاسی و مەدەنی چڕدەبنەوه و تەنیا دوو ڕێگا دێتە بەردەم خەڵکەکەمان: یا زیندان و لە سێدارەدان یا کۆچ له زێد و ڕووکردنە هەندەران.

ئەگەر هۆکاری سەرەکیی پەنابەریی و کۆچبەریی کوردان لە 80 کان و 90 کاندا زیاتر سیاسی بوو، ئەوا ئێستا دیاردەی کۆچبەریی کوردان بەگشتی سێ هۆکاری سەرەکی هەیه: سیاسی، کۆمەڵایەتیی و ئابووریی. سیاسەتە فاشیستییەکانی داگیرکەرانی کوردستان لە ئێران و عێراق و سوریا و تورکیا لە هەنبەر خەڵکی کوردستان و پەراوێزخستنی گەلەکەمان، تێکڕووخان و داڕمانی ناوەوەی کۆمەڵگا لەباری فەرهەنگیی و دیاردە کۆمەڵایەتییەکان بەهۆی بەئیدۆلۆگکردنی کۆمەڵگا و تەکدەنگیی ئایینی و فەرهەنگیی و هەروەها نەبوونی دەرفەتەکانی کار و داهات و بەرەو هەڵدێر بردنی کۆمەڵگا لە باری ئابوورییەوە و هەژارتر کردنی خەڵک، بوونەتە هۆکاری سەرەکیی کۆچبەریی خەڵکی وڵاتی ئێمە.

دۆخە دژوارەکە بە جۆرێکە کە هەر ساڵ هەزاران کۆچبەری کورد بەهیوای دابینکردنی ژیانێکی نوێ و ئارامی دوور لە زیندان و سێدارە و ئەشکەنجە و کوشتن ڕوو دەکەنە وڵاتانی تر که بەداخەوە بەشێکیان یا لە دەریاکاندا گیان لەدەست دەدەن و یا لە شاخ و دارستانەکاندا سەرمابردوو دەبن و بەشێکیش کە دەگەنە وڵاتانی ئەروپا و ئامریکا، ڕۆژانە بەرەوڕووی دەیان گیروگرفتی دەروونیی و بنەماڵەیی دەبن و قەڵای ژیانیان لێ دەڕووخێ.

بەداخەوە ئەو ڕۆژانە هەواڵی خنکانی ژمارەیەکی زۆری کۆچبەرانی باشوور و ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئەفغانی کە یەختەکەیان لە ناو ئاوەکانی یۆنان تووشی ڕووداو هاتبوو، کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان و ئەفغانستان و مرۆڤایەتیی هەژاند و تازیەباری کردین. کەسانێک کە بۆ دەربازبوون له چنگی سیاسەتە چەوت و فاشیستییەکانی حکومەتە دیکتاتۆر و گەندەڵەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوین و بەئاواتی گەیشتن به ژیانێکی تازه و کەنارەکانی هێمنیی و ئارامیی ڕێگەی پڕنەهامەتیی کۆچ و دەریایان هەڵبژاردبوو، گیانیان لەدەست دا. ئەم گیانبەختکردووانە چالاکانێک بوون کە لە زیندان و سێدارە ڕایان کردبوو. ژنانێک بوون کە لە کوشتن و سووتان ڕایان کردبوو، پیاوانێک بوون که له کۆڵبەریی و بێکاریی ڕایان کردبوو. ئەو بنەماڵانە بوون کە بۆ داهاتووی ڕوونی منداڵە چاوگەشەکانیان ڕوویان له کۆچێکی مەترسیدار کردبوو. بێگومان ئەگەر ئەو کۆچبەرانه تروسکاییەکیان بۆ ژیانێکی باشتر بەدی بکردایە، ڕوویان لە ڕێگەی مان و نەمان نەدەکرد.

گەلۆ بڵێی تاکەی بەشی  خەڵکی کوردستانی داگیرکراو هەر دەربەدەریی و ئاوارەیی و زیندان و سێدارە و سووتان و خنکان بێ! تاکەی ژنانی کورد بە دەست ئازارەکانی ستەمی ڕەگەزایەتیی و بەدەست ستەمی نەتەوایەتیی و چینایەتیی و بە دەست ئازاری نەریتە دواکەوتووەکانی کۆمەڵگەی پیاوسالارانەوە بناڵێنن! تاکەی ژنانی کوردستان و وڵاتانی ستەمگەر تەنانەت بواری ئەوەیان نەبێت بۆ دوورکەوتنەوە لەو مەینەتانە تەنانەت ڕێگەی وڵاتانی تریش بگرنە بەر! تاکەی لاوانی کورد دەبێ بۆ پەیداکردنی کار و بەدەستهێنانی نانێکی شەرافەتمەندانە دەربەدەریی بکێشن! تاکەی چالاکوانانی کورد دەبێ بۆ پاراستنی کولتوور و زمان و مێژوو و فەرهەنگی خۆیان ڕووبەڕووی زیندان و سێدارە و کۆچ و تاراوگە ببنەوە. بێگومان هیچ کەس لە خۆشیان و لە تێرییان کۆچی هەندەران ناکات. هۆکاری تەواوی ئەو نەهامەتیانە دەوڵەتە داگیرکەر و فاشیست و دیکتاتۆرەکانن. تەنها ڕێگەی سەرەکیی بۆ ڕزگاربوون لەو دۆخە دژوارە، کۆتاییهێنانە بە داگیرکاریی و شکاندنی قەڵای ستەم و چەوساندنەوەیە و دامەزراندنی دەسەڵاتێکی یەکسانییخوازانە کە ئازادی و یەکسانیی و دادپەروەریی لە کۆمەڵگەدا دابین بکات.

کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان!

بۆ کۆتاییهێنان بەم دۆخە دژوارە نابێ بچینەوە ماڵ و دۆشدامێنین تا هەموو ڕۆژێک ڕۆڵەکانمان ئاوا بەفیڕۆ بچن و بەبەر چاومانەوە بخنکێن و بسووتێن و لەسێدارە بدرێن و لە کۆڵبەرییدا بدرێنە بەر دەسڕێژی داگیرکەران یان هەڵوەدای هەندەران بن. پێویستە بە لەبەرچاوگرتنی پارسەنگی هێز و بە هاوکاریی لەگەڵ هاوچارەنووسەکانمان لە بلووچستان و خوزستان و هەموو ئێران یەکگرتوانەتر و ڕێکخراوانەتر لە جاران بێینەوە گۆڕەپانی خەبات و شەقامەکان بەدەستەوە بگرین. کۆچکردن و پەڕیوەبوونی هەندەران ئەویش بەو ڕێگە پڕمەترسیانەدا ڕێگەچارە نیە. ڕێگاچارە درێژەدانی هەرچی یەکگتوانەتر و ڕێکخراوانەتری خەباتە لە وڵاتی خۆمان، تەنانەت ئەگەر ئەو خەباتە خوێن و قوربانیدانی زیاتریشی لێمان بوێت. خەباتی ئێمە بۆ کۆتاییهێنان بەم دۆخە دژوارە دەبێ فرەڕەهەندیی بێت و پێویستە خەبات بۆ ڕیفۆرمە جۆراوجۆرەکان، خەبات بۆ وەدەرنانی داگیرکەر و تێکۆشان بۆ ڕووخاندنی کۆماری سەرکوت و سێدارە لە شوێنێک یەک بگرنەوە تا هێزێکی زیاتر پێک بێنن بۆ پاشەکسەکردن بە دوژمن و سەرەنجام بۆ تێکشکانی دوژمن و دامەزراندنی دەسەڵاتێکی یەکسانییخوازانە لە کوردستانی سەربەخۆ.

کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان هاوخەمیی خەڵکی کوردستان و گەلانی دراوسێ و هەموو ئەو خانەوادە دڵبریندارانەیە، کە ڕۆڵەکان و ئازیزانیان لە ڕووداوی جەرگبڕی نوقمبوونی یەختی هەڵگری کۆچبەراندا گیانیان لەدەستداوە.

کوردستانیانی هێژا!

نابێ ڕێگە بدەین دەریاشمان لێ بکەنە گۆڕستانی چراکان. ئێمە یەکگرتوو و ڕێکخراو و دووربین بین، دەتوانین چوار بەشی وڵات بکەینەوە بە یەک!

نەمان بۆ داگیرکاریی و نایەکسانیی!

بژی شۆڕشی هەژاران و کوردستانی شۆڕشگێر بۆ وەردنانی داگیرکەران!

ناوەندی ڕامیاریی کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان

٣٠ی جۆزەردانی ١٤٠٢

١٩/٦/٢٠٢٤