بەرز و بەڕێز بێت ساڵیادی گیانبەختکردنی هاوڕێ بێخەو ئەندامی سەرکردایەتیی کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان

Yeksani
26-06-2024

ئەمڕۆ ٥ی پووشپەڕی ١٤٠٢ ( ٢٦/ ٦/ ٢٠٢٤ ) ساڵیادی گیانبەختکردنی هاوڕێ عەبدوڵڵای ئیبڕاهیمیان ناسراو بەمامۆستا بێخەو، هۆزانوان و ئەندامی سەرکردایەتیی کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستانە.مامۆستا بێخەو تێکۆشەرێکی چەپ و سۆسیالیستی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازانەی کوردستان بوو. کە ساڵی١٣٣٠ (١٩٥١) ی زایینیی لە گوندی وەردێی ناوچەی سەردەشت لە خانەوادەیەکی هەژاردا پێ دەنێتە ژیانەوە. مامۆستا بێخەو بەداخەوە بواری ئەوەی نابێت لە قوتابخانە بخوێنێت، بەڵام بەدەم کار و کوێرەوەریی ژیانی دێهاتەوە لە حوجرە دەخوێنێ و بڕوانامەی مەلایەتیی وەر دەگرێت، هەرچەندە هیچ کات ئامادە نابێت کاری مەلایەتیی بکات.

مامۆستا بێخەو لە ساڵی ١٣٤٦ ی هەتاویی (1967) لە ڕێکخستنی نهێنی حیزبی دێموکراتی کوردستاندا کاری کردووە و هاوڕێ و هاوخەباتی ڕێبەرانی بزووتنەوەی ٤٦ و ٤٧ بووە. مامۆستا لە ساڵی ١٣٤٨ی هەتاویی ( 1969) بەهۆی ئەوەی دەزگای هەواڵگریی ئێران (ساواک) ئاگاداری کار و چالاکییە سیاسیەکانی دەبێت گیانی دەکەوێتە مەترسیی و ناچار دەبێت ڕوو بکاتە باشووری کوردستان. و لەوێ لەپاڵ خوێندن، لە ڕیزەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستاندا درێژه‌ی بە خەبات دەدات.

پاش شکانی بزووتنەوەی باشوور لە ساڵی ١٩٧٥دا، ٥٥ کەس لە ڕێبەران و کادر و ئه‌ندامانی کۆمیتەی بەڕێوەبەرایەتیی کاتیی حیزبی دێموکراتی کوردستان، کەلە شۆڕشی باشووری کوردستانیشدا بەشدارییەکی بەرچاو و چالاکانەیان کردبوو، لەلایەن ڕژیمی بەعسی عێراقەوە ڕادەستی ڕژیمی پاشایەتیی ئێران دەکرێنەوە. ئەو کاتە مامۆستا بێخەو لە ناوچەی پشدەر بە هاوکاریی دۆستان و هاوڕێیانی دەتوانێت ماوەیەک بە نهێنیی لەو دەڤەرە بمێنێتەوە. پاشان بەهۆی ئەوەی دەزگای هەواڵگریی ئێران بەدوایەوە دەبێت، دەچێتە بناری قەندیل و لەگەڵ سەرهەڵدانەوەی شۆڕشی باشوور لەپاڵ هێزەکانی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان لەگەڵ کۆمەڵێکی تر لە هاوڕێیانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان درێژە بە خەبات دەدات و بنکەیەکی سەربەخۆ دادەمەزرێنن.

هاوڕێ بێخەو پاش ڕووخانی ڕژیمی شا دەگەڕێتەوە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و پەیوەندی دەکاتەوە بەو هاوڕێیانەی کە ساڵی ٧٥ ڕادەستی ڕژیمی ئێران کرابوونەوە و لە زیندانی ئێران ئازاد بووبوون. هاوڕێ بێخەو لە دامەزراندنی کۆمەڵەی یەکسانییدا ڕۆڵێکی گرنگ دەبینێت و لە کۆنفرانسەکانی ١ و دووی کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستاندا وەک ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی هەڵدەبژێردرێت و بەرپرسی ڕێکخستنەکانی ناوچەی سەردەشت دەبێت. مامۆستا بێخەو پاش هێرشی کۆماری ئیسلامیی بۆ داگیرکردنەوە کوردستان، لە شەڕی بەرگریی کوردستاندا ڕۆڵێکی گرنگ دەبینێت بەتایبەتی لە شەڕەکانی ناوچەی سەردەشت. هاوڕێ بێخەو لە ستادی هاوبەشی هێزی پێشمەرگەی کۆمەڵەی یەکسانی و کۆمەڵەی زەحمەتکێشان و حیزبی دێموکراتدا، نوێنەری کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان دەبێت. ئەم ستادە لە ساڵی ١٣٥٩ (١٩٨٠) لە ناوچەی سەردەشت پێک هاتبوو.

زۆر بەداخەوە مامۆستا بێخەو لە ڕێکەوتی ٠٥/٠٤/١٣٦٧ی هەتاوی (26/06/1988)، لەکاتیکدا لەگەڵ یەکێک لە هاوڕێکانی بۆ ئەرکێکی ڕێکخراوەیی لە بنکەیەکی یەکسانییەوە بەرەو بنکەیەکی تر دەچێت، لە بناری قەندیل دەکەوێتە بەر تۆپبارانی ڕژیمی بەعسی ئێڕاق و گیانی بەخت دەکات.

کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان و بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی کوردستان بە گیانبەختکردنی مامۆستا بێخەو ڕێبەرێکی شێلگیر و هەڵکەوتووی خاوەن ئەزموونی لەدەست دا.

بەرز و بەڕێز بێت یادی هاوڕێی گیانبەختکردوو مامۆستا بێخەو و هەموو گیانبەختکردووانی ڕێبازی ئازادیی و سەربەخۆیی کوردستان و سۆسیالیزم.

ناوەندی ڕامیاریی کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان

٥ی پووشپەڕی ١٤٢ی هەتاویی    ٢٦/٦/٢٠٢٤ی زایینیی