"نا"ی کوردستان هەر بە شانۆی هەڵبژاردنی سەرکۆماریی نیە، ""نا"یە داگیرکەری ئیسلامیی

Yeksani
27-06-2024

کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان!

ژنان و پیاوانی یەکسانییخواز، لاوانی شۆڕشگێڕ!

کۆماری ئیسلامیی پاش کوژرانی دڕدۆنگانەی سەرکۆمارە چنگبەخوێنەکەی بەگەرمیی کەوتۆتە پەلەقاژەی شانۆی بەناو هەڵبژاردنێکی تر بۆ دیاریکردنی سەرکۆمارێکی تر کە بتوانێت ئاشی خوێنڕێژیی کۆماری ئیسلامیی بچەرخێنێت، بەو مەرجەی لەسەر هێڵی ویلایەتی فەقێ موو نەپسێنێ.

هەڵوێستی کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان و کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان لە سەرەتای داسەپانی ڕژیمی ئیسلامییدا هەر وەستانەوە بە دژی ئەو ڕژیمە داگیرکەر و فاشیست و داپڵۆسێنەرە بووە، بۆیە ڕەنگە پێویست نەکات سەبارەت بەم شانۆی هەڵبژاردنە قسەیەکی زۆر ڕوو بە خەڵکی کوردستان بکەین، چونکە کوردستانیان هەرگیز کۆماری ئیسلامییان بە هیچ باڵێکیەوە پەسەند نەبووە تا ئەمڕۆ دەنگی پێ بدەن. بێگومان نای کۆمەڵەی یەکسانیی و ڕۆژهەڵاتی کوردستانی پێشەنگی شۆڕشی ژن ژیان ئازادی نەک هەر نا بە هەڵبژاردنێکی ئەو ڕژیمە دەبێت، بەڵکو نایە بۆ سەرتاپای کۆماری ئیسلامیی و بوونی هەر چەشنە دەسەڵاتێکی داگیرکەری ئێرانیی لە کوردستان. بۆیە لەمبارەوە زیاتر ڕوو دەکەینە خەڵکی ئێران کە بەردەوام بن لە هاوکاریی کوردستان بۆ ڕووخاندنی ئەو ڕژیمە و بۆ بایکۆتی یەکپارچەی شانۆی هەڵبژاردنی ڕژیمی ئاپارتایدی ئیسلامیی.

کرێکاران، ژنانی شۆڕشگێڕ و لاوانی تێکۆشەری ئێرانیی!

ڕژیمی کۆماری ئیسلامی لە حاڵێکدا بەرەو هەڵبژاردنی پێشوەختی سەرۆککۆماریی دەڕوات که هەم ڕوانگەی خەڵک لەسەر بەشداری کردنیان لەم نمایشەدا و هەم ئاراستەی هێزەکانی ناوەوەی حکومەت گۆڕانکارییەکی بەرچاویان تێدا بەدی دەکرێ. دوابەدوای کوژرانی سەرۆککۆماری پێشووی ڕژیم لە ڕوداوە ساختەکەیدا، دەهۆڵ و زوڕنای هەڵبژاردن لە دۆخێدا کەوتنە لێدان کە خەڵک لە هەڵبژاردنی مەجلیسی ڕەژیمدا که ساڵی پێشوو بەڕێوەچوو، بە بەشداری نەکردنیان هەمیسان "نا"یەکی گەورەیان به کۆماری ئیسلامی وتەوە، بەڵام ئەمەی ئەو جار ئەوەندە گەورە بوو کە تەنانەت دەزگای پڕوپاگاندای ڕەژیمیش نەیتوانی حاشای لێ بکات.

ئەوە یەکەمجار بوو کە بناماکانی مەشروعییەتی ڕەژیم لە لایەن هەموو چین و توێژ و نەتەوەکانەوە بەم شێوەیه دەکەوتە ڕووخان. هەمان شت که ساڵانێکە بۆتە مۆتەکەی خەونەکانی خامنەیی و دارودەستەکەی و ئەمانیش ئەمەیان لەچاوی بێلیاقەتیی و بێتەدبیریی سەرۆککۆمار دەدیت. لە لایەکی تریشەوە "ڕەئیسی" کە زاوای "عەلەمولهودا"بوو، کەسێک کە دوای خامنەیی دەستڕۆیشتووترین و سەرەکیترین مۆرەی ڕژیم لە "مەشهەد" بوو، شوێنێک کە ببوو به مەکۆی کۆبوونەوەی دارێژەرانی تیۆریکیی "ویلایتی فەقیه" و بە نیسبەت "قۆم" چەند هەنگاوێکیش لەپێش بوو. مەترسیی جێگۆڕکە کردنی "ویلایەتی فەقیه" دوای خامنەیی بۆ ڕەئیسی و وەپشت گوێ خرانی "موجتەبا خامنەیی" لەم کێبڕکێیەدا نیگرانییە هەرە سەرەکییەکەی خامنەیی و ترسی گەورەی وی له ڕەئیسی و عەلەمولهودا و مەشهەد بوو. ئێستا دوو هۆی سەرەکیی لەسەر مێزی سیاسەتی خامنەیی لەبەردەست بوون بۆ کوشتنی ڕەئیسی. هەنگاوی یەکەم بەپێی بەرنامە لە سات و کاتی خوێدا بەڵام زۆر ساویلکانە بەڕێوەچوو. بەم شێوەیه هەم موجتەبا ڕکابەرێکی خۆی لە گۆڕەپانی "ڕەهبەری"دا گۆڕەوشار کرد و هەمیش هەلێک سازبوو بۆ هەڵبژاردنێکی نوێ بە گوڕ و تینێکی تازه که بتوانێ ڕادەی بەشداریی خەڵک بەشێوەیەکی بەرچاو بەرزکاتەوە و هەمیسان پەیامێکی ناڕاستەوخۆی ئاراستەی ئەو کەسانە کرد کە دژ بە بەرژەوەندییەکانی خودی خامنەی ڕادەوەستن: "با سەرۆککۆماریش بیت و زاوای عەلەمولهوداش بیت، بەکەیفی من نەجوڵێیەوە کوژراوی.

هەنگاوی دووهەم دوای گۆڕبەگۆڕبوونی ڕەئیسی دەبوو ئاشتکردنەوەی خەڵکی ئێران لەگەڵ سەندوقی هەڵبژاردن و گەڕاندنەوەی خەڵک بەرەو ڕەژیم با. لێرەوە دەبوو لە هەڵبژاردنی کەسایەتییەکان و بەربژێران و تیمەکانیاندا سرنجێکی تەواو درابا و ڕێگە بۆ کەسانێک خۆش کرابا کە بەڕواڵەت لە خەڵک نزیکن ئەگەرچی لە ناوەڕۆکدا هەموویان چڵکاوخۆری "بەیتی ڕەهبەری"ین. کەسێکی وەک "پزشکیان" بە هاوکاریی "زەریف" ڕەنگ بوو نمایشێکی باش ساز بکەن.

زەریف و پزیشکیانی کاندیدی ڕیفۆرمخوازە حکوومەتییەکان ناتوانن سەرنجی خەڵکی ئێران بۆ سندووقەکانی دەنگدان ڕابکێشن. ئێوە خەڵکی ئێران لە خۆپیشاندانەکانی ١٣٩٦ دا سەلماندوویانە کە ئیتر چیتر لە نێوان خراپ و خراپتردا، خراپ هەڵنابژێرن و بایکۆتی شانۆی هەڵبژاردنی ڕژیم دەکەن. ڕیفۆرمخوازە حکوومەتیەکان بە هێنانی پزشکیان لە هەوڵی ئەوەدان خۆیان ڕادەستی دەسەڵاتی ڕەهای خامەنەیی بکەن، بەڵکو دستیان بە پلە و پایە و پارووی چەور بگات، ئەگینا خامەنەیی لەمێژە فاتیحای ئەمانەی لە بەشدارییکردنی دەسەڵاتدا خوێندووە.

بەو هیوایە بە بایکۆتکردنی سەرتاسەریی شانۆی هەڵبژاردنی سەرۆککۆماریی ڕژیمی ئیسلامیی جارێکی تر ئەم ڕژیمە ڕیسوا بکەن و نیشانی بدەن کە کۆماری ئیسلامیی لە کۆمەڵگەی ئێراندا پێگەیەکی نەماوە و دەبێ بڕوات.

بژی یەکێتیی و هاوخەباتیی خەڵکی کوردستان و ئێران بۆ لەگۆڕنانی کۆماری سێدارە!

ناوەندی رامیاریی کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان
١٠ی خاکەلێوەی ١٤٠٣ی هەتاویی

٢٩ی مارسی ٢٠٢٤