پەیامی ناوەندی ڕامیاریی یەکسانی بە بۆنەی ٣٧ مین ساڵیادی بۆرومانی شیمیایی شاری سەردەشتەوە

Yeksani
29-06-2024

لە ڕۆژژمێری کوردستاندا تاقە ڕۆژێک نیەکە تیایدا کارەساتێکی گەورە تۆمار نەکرابێت. ئەمڕۆ ساڵرۆژی کیمیابارانی شاری سەردەشتی سەرسەوز و سەربەرزە کە چەند مانگێک بەر لە بۆردومانی شیمیایی هەڵەبجە کەوتە بەر پەلاماری فڕۆکە جەنگییەکانی ڕژێمی فاشیستیی عێراق.

 ئێوارەی ٢٨/٦/١٩٨٧ لە سەردەمێکدا کە کۆماری ئیسلامیی بەرەیەکی تری شەڕی لەگەڵ ڕژیمی عێراق کردبۆوە بەڵکو بە سوودوەرگرتن لە کەواسوورەکانی پێش لەشکری داگیرکەران بتوانێت هەرچی زیاتر ئاگری شەڕی کۆنەپەرستانەی ئێران و عێراق ئاوقای کوردستان بکات، بە چوار فڕۆکە حەوت بۆمبی شیمایی ئاراستەی شوێنە قەرەباڵغەکانی شاری سەردەشت کرد و لە ئەنجامدا خەڵکێکی زۆر لە دانیشتووانی شاری سەردەشت و ئاواییەکانی دەورەبەری گیانیان لەدەست دا و ژمارەیەکی ئێجگار زۆریش بەرکەوتە و بریندار بوون.

بەپێی ئەو ئامارانەی کە کۆماری ئیسلامیی ڕایگەیاندوون لە یەکەم چرکەساتی بۆردوومانەکەدا  زیاتر لە ١١٠ کەس دەستبەجێ گیان لەدەست دەدەن و ٨٠٢٥ کەسیش بەرکەوتە و  بریندار دەبن. بەپێی ئەو ئامارانە و بە وتەی کاربەدەستانی ڕژێمی ئێران لە کۆی ٨٠٠٠ بەرکەوتوو و برینداری بۆردومانەکە ١٥٠٠  کەس بۆ چارەسەری خێرای پزیشکیی لە نەخۆشخانەکان دەخەوێندرێن و لەوانە ٦٠٠ کەسیان ڕەوانەی نەخۆشخانەکانی تاران دەکرێن و ٣٠٠٠ کەسیش بەهۆی نەبوونی چارەسەری پزیشکییەوە لەلایەن خەڵکەوە دەبرێنە گونەدەکانی دەروبەری سەردەشت بۆ دوورکەوتنەوە لە کاریگەریی زیاتری چەکی شیمیایی.

 قوربانیانی چەکی شیمیایی لە شاری سەردەشت و گوندەکانی دەوروپشتی بەهۆی خۆگێلکردنی کۆماری ئیسلامیی لە چارەسەرکردنی بەرکەوتەکان خەڵکی ناچار کردبوو هەر جۆرێک بووە خۆیان بەشێک لە بریندارەکان بگەیەننە شارەکانی تری کوردستان و تەنانەت تەورێز و تارانیش. داستانی ناخهەژێنی زیندەیاد قادری مەولاناپوور  کە بۆ چارەسەر  هاوسەرە دووگیانەکەی و سێ منداڵەکەی ڕوو دەکاتە تەورێز و تاران و  سەرەنجام تەرمی هاوسەر و منداڵەکانی لەگەڵ خۆی دێنێتەوە گوندی ڕەشە هەرمێ و منداڵە ساواکەشی کە لە نەخۆشخانەیەکی تەورێز لەدایک دەبێت، بۆ هەمیشە بزر دەکات، مشتێکە لە خەرواری داستانە تراژیدییەکانی ئەو کارەساتەی داگیرکەرانی کوردستان لە ساڵی ١٩٨٧ دا لە بۆردومانەکەی سەردەشتدا بەسەر  خەڵکی کوردستانیان هێنا.

خەڵکی قارەمان و خۆڕاگری کوردستان!

بۆردومانە شیمیاییەکانی سەردەشت و هەڵەبجە تەنها بۆردومانی شیمیایی داگیرکەرانی کوردستان نەبوون لە وڵاتی ئێمە و  بەداخەوە ئەم بۆردومانانە تا ئێستاش بەردەوامن، نموونەش بۆردومانەکانی ڕژیمی فاشیستیی تورکیەن لە ڕۆژاوای کوردستان و چیاکانی باشووری کوردستان. بێگومان تا کوردستان لە ژێردەستەیی داگیرکەران ڕزگاری نەبێت پرۆسەی کۆمەڵکوژیی و پاکتاوی ڕەگەزیی و جینۆسایدەکان لە کوردستان هەر بەردەوام دەبێت.

بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕ و قەلاچۆی خەڵکی سیڤیل و کاولکاریی لە کوردستان، بۆ پێشگرتن لە دووپاتنەبوونەوەی داستانی ناخهەژێنی خانەوادەی قادری مەولاناپوور، عومەر خاوەرەکەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، داستانێک کە لە دادگای نێونەتەوەیی لاهەدا سەرۆکی دادگا و داواکاری گشتیی و ئامادەبووانی دادگای هێنایە گریان، پێویستە ئۆرژانسیانە لە پرسی نەتەوایەتیی کوردستان بڕوانین و وەدەرنانی داگیرکەران لە کوردستان بکەینە خەم و خەونی هەموو لایەنە سیاسیەکانی کوردستان و ڕێگە نەدەین لەژێر هیچ پاساوێکدا مامەڵەی پێوە بکرێت.

هەزران سڵاو لە یادی گیانبەختکردووانی بۆردومانی شیمیایی شاری سەردەشت و دەوروبەریی و هەموو گیانبەختکردووانی ڕێگەی ڕزگاریی کوردستان و یەکسانیی و دادپەروەریی کۆمەڵایەتیی.

ناوەندی رامیاریی کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان

٧ی پووشپەڕی ١٤٠٣ی هەتاویی

٢٨/٦/٢٠٢٤