لە ساڵیادی گیانبەختکردنی د. قاسملوو و هاوڕێکانیدا بەڵێنیی خۆمان بۆ هاوخەباتیی دژی داگیرکەران دووپات دەکەینەوە

Yeksani
13-07-2024

٣٥ ساڵ لەمەوبەر، د. عەبدولڕەحمان قاسملوو سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە ڤیێنی پایتەختی ئوتریش لەسەر مێزی گفتوگۆیەکی نهێنیی بە دەستی ترۆریستانی کۆماری ئیسلامیی ترۆر کرا. لەم پەلامارە ترۆریستییەدا دوو کەس لە هاوڕێیانی دکتۆر قاسملووش بە ناوەکانی عەبدوڵڵا قادری ئازەر و دوکتور فازڵ ڕەسووڵی بە فیشەکی نوێنەرانی کۆماری ئیسلامیی گیانیان لەدەست دا.

بەداخەوە، دەوڵەتی ئوتریش، بەدوای ئەو کارەساتەدا، نەک ترۆریستانی ئێرانیی نەکێشایە پای دادگا، بەڵکو سووک و سادە ڕەوانەی ئێرانی کردنەوە و تا ئێستاش ئامادە نەبووە لە کەیسی ترۆری د. قاسملوو و هاوڕێیانی بکۆڵێتەوە و نیشانی بدات کە لە پێناو بەرژەوەندییە ئابووریی و سیاسیە چەپەڵەکانی خۆیدا، لەوپەڕی بێشەرمییدا مافی مرۆڤ و دێموکراسی هەڕاج ناکات.

لە ساڵیادی ترۆری د. قاسملوودا پێویستە وەبیر بێنینەوە کە ترۆری د. قاسملوو لە هەلومەرجێکدا ڕووی دا، کە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە تەواوەتیی لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە داگیرکرابۆوە و هێزی پێشمەرگەش پاشەکشەی پێ کرابوو و کۆتاییهاتنی شەڕی ئێران عێراقیش هێندەی تر پارسەنگی هێزی بە قازانجی دوژمن، بە قازانجی کۆماری ئیسلامیی و ڕژێمی عێراق گۆڕیبوو. بەداخەوە لەو ڕۆژگارەدا و پاش ترۆرکرانی د. قاسملوو و تەنانەت پاش ترۆر کرانی د. سادقی شەرەفکەندی و هاوڕێیانیشی، حیزبی دێموکرات لەمبارەوە ئەزموونێکی وەر نەگرت، کە ئەوە پارسەنگی هێزە کە ئاکامی گفتوگۆکان دیاری دەکات و  دانیشتن لەگەڵ دوژمن دەبێ کاتێک بێت، کە تۆ لە شەڕ و ململانێدا بەهێز بیت و گفتوگۆش دەبێ بە ئاگاداریی خەڵکی کوردستان و بە بەشداریی نوێنەرانی هەموو لایەنە سیاسیەکان بکرێت.

 پرسی نەتەوایەتیی کوردستان، پرسی هەموو کوردستانیان و هەموو لایەنە سیاسیەکانیەتی، بۆیە ڕەوا نیە کە لایەنێک و دووان بە نهێنیی  لەگەڵ کاربەدەستانی ڕژێم دانیشن و گفتوگۆ بکەن. کۆماری ئیسلامیی لە ماوەی چوار دەیەی تەمەنی نگریسی خۆیدا نیشانی داوە، کە لەگەڵ هەندێ لایەنی گوێلەمستی خۆشیدا هەڵ ناکات چ بگات بە لایەنە سیاسیەکانی کوردستان.

لە ساڵوەگەڕی گیانبەختکردنی د. قاسملوو و هاوڕێیانیدا، وێڕای شەرمەزارکردنی کۆماری ئیسلامیی داگیرکەری ڕۆژهەڵاتی کوردستان و هاوخەمییمان لەگەڵ ڕیزەکانی حیزبی دێموکرات، لەسەر گرنگیی هاوخەباتیی هەموو لایەنە سیاسیەکانی کوردستان دژی داگیرکەری ئێرانی پێداگریی دەکەینەوە و  پێمان وایە نابێ جیاوازییە سیاسییەکانمان و بەرکەوتنە ناوخۆییەکانمان زیان بە یەکێتیی و یەکگرتووییمان بگەیەنن.

سڵاو لە یادی د. قاسملوو و عەبدوڵڵا قادری ئازەر و دوکتور فازڵ ڕەسووڵ، کە لە ئەورووپای بەناو لانکی دێموکراسییدا بە دەستی ترۆریستانی ئیسلامیی گیانیان بەخت کرد.

ناوەندی ڕاگەیاندنی کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان

٢٣ی پووشپەڕی ١٤٠٢

١٣/٧/٢٠٢٤