کۆچی مێژوویی مەریوان، هێمای گرنگیی خەباتی جەماوەریی و هەوێنی هاوپشتی خەڵکی کوردستان!

یەکسانی
22-07-2024

ئەمڕۆ ساڵیادی کۆچی مێژوویی خەڵکی مەریوانە. ئەم کۆچە، کۆڕەوی پەنابەرانی پەڕیوەی جەنگ نەبوو، بەڵکو ناڕەزایەتییدەربڕینێکی شارستانییانە و پێشکەوتووانەی تێکڕای دانیشتووانی شاری مەریوان بوو، کە لە ڕۆژەکانی ٣٠ و ٣١ی پووشپەڕی ١٣٥٨ی هەتاویدا لە دژی کۆماری ئیسلامیی تازە بە دەسەڵاتگەیشتوو ڕووی دا.

لەو سەردەمەدا کۆماری ئیسلامیی بۆ داگیرکردنەوەی کوردستان و بۆ لەباربردنی ئەو دۆخە شۆڕشگێرانەیەی کە لە ئەنجامی شۆڕشی ٥٧ دا هاتبووە کایە و بەرەو ئەوە دەچوو بە لێکهەڵپێکانەوەی شۆراکانی شار و دێ، دەسەڵاتێکی دێموکراتیکی جەماوەریی لە کوردستان دابمەزرێت، لە بیانوو دەگەڕا.

لە پووشپەڕی ١٣٥٨ی هەتاوییدا پادگانی مەریوان بە بیانووی چەکداربوونی ژمارەیەک لە خەڵکی شارەوە، بەردەوام هەڕەشەی دەکرد و لە هەوڵی داگیرکردنەوەی شار و هەڵایساندنی شەڕدا بوو. خەڵکی شار بۆ پووچەڵکردنەوەی پیلانی شەڕەنگێزانەی دوژمن، لە ڕێگەی نوێنەرەکانیانەوە چەن دانیشتنێکیان بوو لەگەڵ فەرماندەکانی پادگان و کاتێک نوێنەرانی خەڵک و ڕژیم نەگەیشتنە ڕێککەوتن، نوێنەرانی خەڵک بۆ پێشگیریی لە کۆمەڵکوژیی خەڵکی شار، بڕیاریان دا بە تەواوەتیی مەریوان چۆڵ بکرێ و لە نزیک گوندی کانی میران، کە ١٢ کیلۆمەتر لە شارەوە دوورە کەمپێک بۆ خەڵک بکرێتەوە. ئەوە بوو کە خەڵکی مەریوان سەرەڕای هەوڵەکانی ڕژیم بۆ پاشگەزکردنەوەیان لەو بڕیارە، یەکپارچە شاریان چۆڵ کرد و نزیک بە دوو هەفتە لەو کەمپە مانەوە.

ئەم هەڵمەتە یەکپارچەیەی خەڵکی مەریوان لە ماوەیەکی کورتدا لەگەڵ پشتیوانییەکی بەرینی خەڵکی کوردستان ڕوو بەڕوو بوو، بە جۆرێک کە لە یەکەم ڕۆژی کۆچدا خەڵکی ئاواییەکانی دەوروبەری مەریوان یەکپارچە بە هانای خەڵکی شارەوە هاتن و بەدوایدا ئەم شەپۆلی هاوپشتییە زۆربەی دەڤەرەکانی کوردستانی گرتەوە و لە هەموو لایەکەوە خەڵک پەیتا پەیتا بە دەرمان و خۆراک و پێداویستیی ترەوە بە هانای خەڵکی مەریوانەوە دەهاتن. ڕێپێوانە هەزاران کەسییەکانی ژنان و پیاوانی کوردستان لە شارەکانی سنە و سەقز و بانەوە بەرەو مەریوان، کە لە دوو مارشی جەماوەریی جیاوازدا ڕێگەیەکی ١٨٠ کیلۆمەترییان بە پێیان بڕی، ڕیفراندۆمێکی درەخشانی مێژوویی بوو دژی داگیرکاریی و کۆنەپەرستیی. کۆچی مێژوویی خەڵکی مەریوان و پشتگیریی هەموو ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە خەباتی ئەو شارە لە ئاستی ئێراندا دەنگی دایەوە و تەنانەت سەرنجی هەندێک لە هەواڵنێرە جیهانییەکانیشی بۆ لای خۆی ڕاکێشا.

کۆچی مێژوویی خەڵکی مەریوان پاش دوو هەفتە لە ١٣ی گەلاوێژدا بە وتارێکی هاوڕێ فوئاد مستەفا سوڵتانی، کە تیایدا داوای لە خەڵک کرد بە ڕێپێوان بگەڕێنەوە شار، سەرکەوتووانە کۆتایی پێ هات.

کۆچی مێژوویی خەڵکی مەریوان و هاوپشتیی سەرتاسەریی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەگەڵ ئەو شارە گەلێک وانەی بەنرخی تێدایە، کە بۆ بەسەرکەوتنگەیاندنی شۆڕشی کوردستان دەکرێ لێیانەوە فێر بین و سوودیان لێ وەرگرین.خەڵکی مەریوان بەم کۆچە مێژووییەیان بێزاریی خۆیان لە داگیرکەر و لە ڕژیمی ئیسلامیی دەر بڕی و ڕێگەیان نەدا مەریوانیش لەو کاتەدا وەک سنەی نەورۆزی خوێناویی، شەڵاڵی خوێن بکرێت.

هاوڕێی گیانبەختکردوومان مامۆستا سالار (عەلی قوتبی) لە هۆنراوەیەکیدا بەم جۆرە لە قارەمانێتیی خەڵکی مەریوان و بێزارییان لە کۆماری ئیسلامیی دەدوێت و وەڵامی کچە کوردێک دەخاتە دوو تووێی هۆنراوەیەکیەوە، کە لە کەمپەکەی کانی میران ڕووبەڕووی ئایەتوڵڵا لاهووتیی دەڵێت: بڕۆن، بڕۆن گۆڕی خۆتان گوم کەن! ئێمە شارمان چۆڵ کردووە، تا ئێوە نەبینین! ئێمە لێرەین، و لێرەش دەمێنینەوە، تەنانەت ئەگەر هیچ خواردنێک نەبێت و ناچار بین بە گەڵای درەختەکان سکی خۆمان تێر بکەین:

با ئەوەمان لەبیر نەچێ، چلۆن گەڵای ئەخوارد کچێ

هەتا بزانێ لاهووتیی، بێقیمەتە هاتوهووتی!

 

بژی خەباتی جەماوەریی و هاوپشتیی و یەکگرتوویی خەڵکی کوردستان دژی داگیرکەران!

ناوەندی ڕاگەیاندنی کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان

١ی گەلاوێژی ١٤٠٣ی هەتاویی

٢٢/٧/٢٠٢٤