کۆماری ئیسلامیی لە کامیاران زیاتر لە ١٠ ژینگەپارێز و چالاکی مەدەنیی ڕوانسەر و جونڕۆ و پاوە و کامیارانی بە شێوەیەکی هۆڤانە دەستبەسەر کرد

یەکسانی
25-07-2024


دوێنی پاش ڕێوڕەسمی بەخاکسپاردنی ئیسماعیل کەریمی، ژینگەپارێزی شاری کامیاران، کە سێ ڕۆژ لەمەوپێش لە جەنگەی کوژاندنەوەی ئاگری لێڕەوارەکانی دەڤەرەکەدا سووتا، زیاتر لە ١٠ کەس لە چالاکانی مەدەنی و ژینگەپارێز لەلایەن سوپای پاستارانەوە گیران و لەژێر توندوتیژییەکی هۆڤانەدا بۆ شوێنی نادیار گواسترانەوە.

ناوی ٨ کەس لەو گیراوانە بەم جۆرەیە:  حیسام مەهدی، حەمید سەبزه، خەلیل پەرەندەک، فەرزین موەفەقی، فەریدە وەیسی، یاسر نووری، ئامانج قوربانی و ئەمیر نەدیمی.

خەڵکی تێکۆشەری کامیارانی و  سەرجەم ڕۆژهەڵاتی کوردستان!

ئەم ڕۆژانە کۆماری سێدارە فشارەکانی بۆ سەر خەڵکی کوردستان توندتر کردۆتەوە و ڕۆژ نیە هەواڵی گرتن و داسەپاندنی حوکمی سێدارە و لە سێدارەدانی ئازیزانمان نەبیستین. وا پێ دەچێت بە نزیکبوونەوەمان لە ساڵیادی گیانبەختکردنی ژینا ڕژیم ڕۆژ بە ڕۆژ فشارەکانی زیاتر و زیاتر بکات.

ئەگەر کوردستان یەکدەنگ و  یەکپارچە لە چالاکانی مەدەنی و لە ژینگەپارێزان و هەڵسوڕاوانی سیاسی خودی دەرنەکەوێت، ئەگەر لایەنە سیاسیەکانی کوردستان لە دەرەوەی وڵات لە ئاستی چاوەڕوانییەکانی خەڵکدا نەبن و یەکگرتووانە پشتگیریی خەڵکی کوردستان نەکەن، بێگومان دوژمن فشاری زیاتر دێنێت و دۆخەکە لەوەش کە هەیە خراپتر دەبێت. بێگومان ئەم ڕژیمە دیکتاتۆرە لە بێهێزییەتی کە توندوتیژیی و هێز دەنوێنێت. پێویستە وەک سەردەمی کۆچی مێژوویی خەڵکی مەریوان بەدەم کامیارانەوە بچین، کە ئەم ڕۆژانە بووەتە زەنگی دەنگی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی لە کوردستان.

ڕۆژهەڵاتی کوردستان پێویستە یەکدەنگ و یەکپارچە خوازیاری ئازادیی دەستبەجێی گیراوانی ژینگەپارێز و چالاکانی مەدەنیی و زیندانیانی سیاسی بێت. یەکێک لە شێوازەکانی خەبات دەکرێ خۆپیشاندانی خەڵکی شارەکان بێت بەرەو کامیاران و بۆ سەر گڵکۆی ژینگەپارێزی گیانبەختکردوو ئیسماعیل کەریمیی. جێی خۆیەتی ڕێکخراوە جەماوەرییەکانی کوردستان، ڕێکخراوەکانی ژینگەپارێزان، کرێکاران، مامۆستایان، ژنان و ئەنجوومەنە ئەدەبیەکان و ... لە بانگەوازێکی هاوبەشدا دەست بەرن بۆ وەها هەڵمەتێکی سەرتاسەریی.

نەمان بۆ کۆماری ئیسلامیی داگیرکەری ڕۆژهەڵاتی کوردستان!

ناوەندی ڕاگەیاندنی کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان

٤ی گەلاوێژی ١٤٠٣ی هەتاویی

٢٥ی جولای ٢٠٢٤