با یەکدەنگ و یەکگرتووانە پشتگیریی بەرخۆدانی زیندانیانی سیاسیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بکەین

یەکسانی
30-07-2024

 ژنان و پیاوانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران!

داکۆکیکارانی مافی مرۆڤ لە دەرەوەی وڵات!

لایەنە سیاسیە چەپ و دێموکراتیکەکانی کوردستان و ئێران!

پاش سەرهەڵدانی شۆڕشی ژن ، ژیان، ئازادی و کوشتارێکی زۆری خۆپیشاندەران لە شەقامەکانی کوردستان و ئێران و لە سێدارادانی زیاتر لە ٧٠٠ کەس، کۆماری ئیسلامیی بۆ تۆڵەکردنەوە لە شۆڕش و شکستپێهێنانی خەڵک و بۆ درێژەدان بە تەمەنی نگریسی پڕ لە تاوانکاریی خۆی، بە شێوەیەکی سیستماتیک بەردەوام بووە لە گرتنی هەڕەمەکییانەی خەڵک و سەپاندنی حوکمی سێدارە و پەروەندەسازیی بۆ هەڵسووڕاوانی سیاسیی و چالاکانی کۆمەڵایەتیی و  ژینگەپارێزان و خەڵکی ناڕازیی.

 بە پێی ئاماری ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ لە ماوەی حەوت مانگی ڕابردووی ساڵی ٢٠٢٤ی زایینی زیاتر ٢٧٥ کەس لە زیندانەکانی ئێران لە سێدارە دراون، کە لەوانە ٧٦ کەسیان کورد بوون. بەپێی ئامارەکانی ئەو ناوەندانە لەو ماوەیەدا  زیاتر ٢٧١ کۆڵبەر لە کوردستان کوژراو و بریندار و دەستبەسەر کراون، کە لەوانە ٣٥ کەسیان بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ڕژیم گیانیان لەدەست داوە و ٣٨٢  ژن و پیاوی کورد ڕەمەکییانە و بێ بڕیاری ڕواڵەتیانەی دادگا، لە لایەن هێزە ئەمنیەکانی کۆماری ئیسلامییەوە ڕاپێچی زیندان کراون، کە هەندێکیان کەسانی کەمتەمەنن.

زۆربەی گیراوەکان چالاکانی پیشەیی و کرێکاریی و هەڵسوڕاوانی بزووتنەوەی ژن و چالاکانی ژینگەپارێزن، کە بە تۆمەتی چالاکی سیاسی و هاوکاریی لەگەڵ حیزبە کوردستانییەکان گیراون و حوکمی ناڕەواو و گرانیان بەسەردا سەپاوە.  چەند ڕۆژ لەمەوپێش بوو کە پاش مەراسمی بەخاکسپاردنی ژینگەپارێزی گیانبەختکردووی کوردستان ئیسماعیل کەریمیی، ژمارەیەکی بەرچاو لە ژینگەپارێزان و چالاکانی مەدەنیی کوردستان ڕاپێچی زیندان کران. لەم بگیروببەندانەی ٧ی مانگی ڕابردوودا بەداخەوە  ٤ کەس بە ناوەکانی میهران ئەکرەمی خەڵکی تیکاب ، پەیمان عەبدی خەڵکی کرماشان، شاهین گەلەداری خەڵکی ورمێ و بەرزین حەمزەزادە خەڵکی سەردەشت لە زیندان و لەژێر شکنجەدا گیانیان بەخت کردووە.

کەم نین ژمارەی ئەو گیراوانەی کە حوکمی لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپێندراوە و هەموو چرکەساتێک گیانیان لە مەترسییدایە. سێ کەس لەو زیندانیانە شەریفە محەممەدی و وریشە مرادی و پەخشان عەزیزین. شەریفە هەڵسووڕاوێکی بزووتنەوەی کرێکاریی و وریشە مرادی چالاکی سیاسی و ژینگەپارێزی کورد، هەڵسووڕاوی بزووتنەوەی یەکسانییخوازانەی ژنان و پەخشان عەزیزی ڕۆژنامەنووس و هەڵسووڕاوی بزووتنەوەی ژنان و خەڵکی مەهابادە، کە بە پێی پەروەندەیەکی ساختەیی و  بێ بنەما حوکمی سێدارەیان بەسەردا سەپاوە.

شەریفە محەممەدی لە ڕێکەوتی ٥ی دیسامبری ٢٠٢٣ لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعات و لەژێر زەبروزەنگێکی هۆڤانەدا لە ماڵەکەی خۆی لە شاری ڕەشت دەستبەسەر کرا و لەلایەن لقی یەکی دادگای شۆڕشی ئەو شارە بە تۆمەتی "بەغی، ڕاپەڕینی چەکدارانە دژی ڕژیم"  سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندراوە، بەو بیانووەوە کە ئەندامی کۆمیتەی هاوئاهەنگیی بۆ دامەزراندنی ڕێکخراوە کرێکارییەکانە و بەو بەهانە بێ بنەمایە کە ئەم کۆمیتەیە سەر بە کۆمەڵەیە.

وریشە مرادی چالاکی سیاسی و ژینگەپارێزی کورد، هەڵسووڕاوی بزووتنەوەی یەکسانییخوازانەی ژنان، خەڵکی شاری سنە لە ١٠ی پووشپەڕی ١٤٠٢ی هەتاوییەوە پاش پێنج مانگ شکنجە لە زیندانی تاکەکەسیی شاری سنەوە دەگوازرێتەوە بۆ زیندانی ئەڤینی تاران و  بە تۆمەتی "بەغی، ڕاپەڕینی چەکدارانە دژی ڕژیم"  حوکمی سێدارەی بەسەردا سەپاوە.

پەخشان عەزیزی ڕۆژنامەنووس، یاریدەدەری کۆمەڵایەتیی و هەڵسووڕاوێکی شێلگیری بزووتنەوەی یەکسانییخوازانەی ژنە، کە یەکەم جار لە گەڵاڕێزانی ١٣٨٨ی هەتاویی، کاتێک لە گەڵ خوێندکارانی کوردی زانکۆی تاران بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتیی دژ بە لەسێدەدانی زیندانیانی سیاسیی کوردستان کۆ ببوونەوە، دەستگیر دەکرێ و پاش ٤ مانگ بە دانانی بارمتەیەکی قورس ئازاد دەکرێت. پەخشان پاش ئازادبوونی لە زیندان لەژێر چاوەدێریی و هەڕەشە و گوشاری بەردەوامی کاربەدەستانی ئێراندا، ڕوو دەکاتە باشوور و ڕۆژاوای کوردستان و دەست دەکات بە توێژینەوەی ڕەوشی ژنان و لە ڕۆژاوای کوردستان وەک یاریدەدەرێکی کۆمەڵایەتیی شارەزا ڕاژەی خەڵکی ئەو دەڤەرەی کوردستان دەکات، کە کەوتبوونە بەر هێرشی داعش و هێزە ترۆریستییەکانی تر و ڕژیمی فاشیستیی تورکیە.

پەخشان عەزیزی پاش ئەوەی لە ڕۆژاوای کوردستان دەگەڕێتەوە ئێران، لە ڕێکەوتی ١٣ی گەلاوێژی ١٤٠٢ی هەتاویی لە شارۆچکەی خەرازیی شاری تاران لەلایەن هێزە سەرکوتگەرەکانی ئیتلاعاتەوە دەستگیر دەکرێ و پاش شکنجەیەکی هۆڤانەی پێنج مانگە دەگوازرێتەوە بۆ زیندانی ئەڤین و پاشان لە ڕێکەوتی ٢ی گەلاوێژدا پارێزەرەکانی ئاگادار دەکرێنەوە، کە پەخشان بە تۆمەتی  ڕاپەڕینی چەکدارانە دژی ڕژیم حوکمی سێدارەی بەسەردا سەپاوە.

 هاوکات لەگەڵ بڵاوبوونەوەی هەواڵی حوکمی سێدارەی پەخشان عەزیزی، زیندانیانی سیاسیی بەندی ١٦ی زیندانی ئەڤین دژ بەم بڕیارە هۆڤانەیە دەست دەدەنە مانگرتن لە خواردن و خوازیاری هەڵوەشانەوەی حوکمی سێدارەی پەخشان دەبن. لەو ڕۆژەوە و لە ماوەی ئەم یەک مانگ و نیوەدا پێنج گەرتووخانەی تریش بە ڕیزی مانگرتوانی زیندانی ئەڤین پەیوەست بوونە، کە خوازیاری هەڵوەشاندنەوەی دەستبەجێی حوکمی سێدارەی پەخشانن. بەرخۆدانی زیندانەکان بۆ هەڵوەشاندنەوەی حوکمی لەسێدارەدانی پەخشان هەر وا دێت و پەرە دەستێنێت. دوێنێ ڕێکەوتی ٢٧ی جولای ٢٠٢٤ ژنانی زیندانیی گرتووخانەی ئەڤین ڕایان گەیاند، کە لە درێژەی ناڕەزایەتیی بە حوکمی لەسێدارەدانی پەخشان عەزیزی بە درێژایی شەو لە حەوشەی زیندان دەمێننەوە و ناچنەوە ناو بەندەکانیان.

پەخشان عەزیزی لە نامەیەکی سەراوەڵادا کە لە زیندانەوە بڵاوی کردۆتەوە باس لە شکنجە هۆڤانەکانی سەردەمی ڕاگیرانی خۆی دەکات، کە چۆن بۆ ماوەی پێنج مانگ لە زیندانی تاکەکەسییدا سووکایەتیی پێ کراوە و چۆن بۆ دانپێدانانی زۆرەملیی بەردەوام شکنجەی جۆراوجۆر کراوە و تەنانەت زۆر جار بۆ قووڵای ١٠ مەتر یی بە ناخی زەویدا شۆڕ کراوەتەوە.

کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان وێڕای شەرمەزارکردنی توندی حوکمی لەسێدارەدانی پەخشان عەزیزی و شەریفە محەممەدی و وریشە مرادی، داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی و ڕێکخراوەکانی داکۆکیکاریی مافی مرۆڤ دەکات، کە بە هەر شێوەیەک بۆیان دەکرێت بە هانای پەخشان عەزیزی و شەریفە محەممەدی و وریشە مرادیەوە بچن و فشار بۆ کۆماری ئیسلامیی ئێران بێنن، کە هەرچی زووتر حوکمی کوشتنی ئەو زیندانیانە هەڵبوەشێنێتەوە و خوازیاری ئازادیی سەرجەم زیندانیانی سیاسی ئێران بن.

هاوکات داوا لە لایەنە سیاسیەکانی کوردستان و لایەنە چەپ و دێموکراتیکەکانی ئێران دەکەین، کە بە ڕێکخستنی هەڵمەتگەلێکی هاوبەش، هاودەنگ و یەکگرتووانە بۆ هەڵوەشاندنەوەی حوکمی سێدارەی شەریفە و پەخشان و وریشە و زیاندانیانی سیاسی تری کوردستان و ئێران دەست بدەینە کەمپەینێکی هاوبەش، کە سەرنجی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی بۆ پشتیوانی ئەو زیندانیانە و سەرجەم زیندانیانی سیاسیی ڕابکێشێت.

کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان و ئێران، ڕێکخراوە جەماوەرییەکان!

سەپاندنی حوکمیی سێدارە بەسەر شەریفە و وریشە و پەخشانەکاندا تۆڵەسەندنەوەیە لە شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادیی و بە نزیکبوونەوەمان لە ساڵیادی سەرهەڵدانی شۆڕشی ژینا، چاوەڕوانیی ئەوە دەکرێت، کە ڕژیم بۆ نانەوەی ترس و دڵەڕاوکێ و ڕێگرتن لە هاتنەوە شەقامی خەڵک دەست بەرێت بۆ گیانی زیندانیانی سیاسیی تریش. چاوەڕوانی لە ئێوەی بەڕێز ئەوەیە، کە پێشەنگایەتیی هەڵمەتێکی گەورەی کۆمەڵایەتیی بکەن لە ناوەوەی وڵات دژ بە حوکمی ناڕەوای کوشتن کە بەسەر شەریفە و پەخشان و وریشەدا سەپێندراوە و خوازیاری هەڵوەشاندنەوەی ئەو حوکمانە و ئازادییهەموو  زیندانیانی سیاسیی بن.

نا بۆ لەسێدارەدان و هەموو جۆرە کوشتنێک!

بڕووخێت کۆماری سێدارە، ڕژیمی ئاپارتایدی ڕەگەزیی و نەتەوایەتیی!

بژی بەرخۆدانی زیندانیانی سیاسیی کوردستان و ئێران!

سەرکەوێت شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی!

ناوەندی ڕامیاریی کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان

٦ی گەلاوێژی ١٤٠٣ی هەتاویی

٢٧ی جولای ٢٠٢٤