١٠ ساڵ بەسەر ٧٤ مین جینۆسایدی ئێزدیەکانی کوردستاندا تێپەڕی، هێشا ٣٠٠٠ کەسمان بێسەروشوێنن

یەکسانی
06-08-2024

ژینۆساید و کۆچی زۆرەملێی کوردانی ئێزدی لە سەردەمی داعشدا یەکێکە لە ڕووداوە تاڵ و ترسناکەکانی مێژووی هاوچەرخی کوردستان و بگرە جیهانیش. دە ساڵ لەمەوپێش لە ٣ی ئاگۆستی ٢٠١٤ ڕێکخراوی ترۆریستیی داعش لە کاتێکدا هێرشی کردە سەر شاری شەنگال، ژینۆساید و کۆچی زۆرەملێی کوردانی ئێزدی لە سەردەمی داعشدا یەکێکە لە ڕووداوە تاڵ و ترسناکەکانی مێژووی هاوچەرخی کوردستان و بگرە جیهانیش. دە ساڵ لەمەوپێش لە ٣ی ئاگۆستی ٢٠١٤ ڕێکخراوی ترۆریستیی داعش لە کاتێکدا هێرشی کردە سەر شاری شەنگال، کە شەوی پێشتر ئەو هێزە زۆروەبەند و پڕچەکەی پێشمەرگەی باشوور، کە ئەرکی پاراستنی ناوچەکەی لەستۆ بوو لە پاشەکشەیەکی گوماناوییدا و بە نهێنیی و بێ ئاگاداریی خەڵک، بە تەواوەتیی شەنگال و دەڤەرەکەی چۆڵ کردبوو. لە ئەنجامی ئەم هێرشە خوێناوییە دڕندانەیەدا، کە لە دژی خەڵکی سیڤیلی شەنگال بەڕێوە چوو دەیان هەزار لە خەڵکی سیڤیل لە ترسی ترۆریستانی ئیسلامیی داعش ڕوویان کردە چیاکان، ١٢٩٣کەس لە کوردانی ئێزدی کۆمەڵکوژ کران و ٦٤١٧ کەسیان ڕفێندران و بە کەنیزەک بران، کە لەوانە تا ئەمڕۆش ٢٩٠٨ کەسیان بێسەروشوێنن.

ئەم تاوانە بەربەرییانە لەلایەن کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە بە ژینۆساید ناسێندرا. بێگومان ئامانجی ئەم ژینۆسایدە جیهادییە تەنها هەوڵێکی داعش نەبوو بۆ گرتنی شارێکی ستراتیژیکی دەڤەرەکە، کە بۆ دامەزراندن و سەقامگیرکردنی دەوڵەتە ئیسلامییەکەیان زۆر یارمەتیدەر بێت، بەڵکو ئامانج لێی لە پلەی یەکەمدا پاکتاوی دینیی و نەتەوایەتیی کوردانی ئێزدی و ئەنفال و تاڵانوبڕۆی ماڵ و دارایی ئەو خەڵکە و بەکەنیزەکگرتنی ژنانی کوردستان بوو.

لەو سەردەمە تاریک و دژوارەدا کە خەڵکی سیڤیلی شەنگال لەژێر ئاڵای ڕەشی ئەنفال و جیهاد و فاشیزمی ئیسلامییدا قەلاچۆ کران. نەبوونی ئاو و خۆراک و دەرمان، بارودۆخی ژیانی بۆ ئاوارەکانی ئێزدی زۆر قورس کردبوو. هەوڵە نێودەوڵەتییەکان بۆ یارمەتیدانی ئەم ئاوارانە تاڕادەیەک کاریگەر بوون، بەڵام زۆرێکیان هێشتا لە دۆخێکی زۆر سەختدا دەژین. ئەم کۆڕەوە پان و بەرینە نەک هەر خێزانەکانی لەیەکتر جیاکردەوە، بەڵکو زۆرێک لە منداڵان و ژنانیش بە شێوازی جۆراوجۆر کەوتنە بەردەم مەترسیی و پارێزراو نەبوون.

لەم بارودۆخە ئەستەمەدا بەڵام حیزبە ئیسلامییەکانی باشووری کوردستان و کاسایەتییە دیارە ئیسلامییەکان بە وشەیەکیش ئەم کوردقڕانەی داعشیان شەرمەزار و سەرکۆنە نەکرد و بەم جۆرە بۆ جارێکی تریش سەلماندیانەوە، کە ئەوی لە مشک بێت هەنبانە دەبڕێت. گەڕانەوە بۆ ژیانی ئاسایی هێشتا ئاواتێکی گەورەیە بۆ زۆرێک لە ئێزدیەکان. زۆرێکیان ماڵ و کێڵگەکانیان لەدەستداوە و ڕووبەڕووی کەمی سەرچاوەی دارایی و پاڵپشتی بوونەتەوە. ئاوەدانکردنەوەی ناوچە وێرانبووەکان پێویستیی بە هەوڵی بەرفراوان هەیە. جگە لەوەش زۆرێک لە ژن و منداڵە ئێزدیەکان کە لە دیلێتی داعش ڕزگارکراون، لەگەڵ کێشەی دەروونی و کۆمەڵایەتی دەست و پەنجە نەرم دەکەن. بەداخەوە لە سۆنگەی ڕوانگە و ڕەفتاری داعشئاسای ئیسلامییەکانی کوردستان دەرهەق بە ئیزدیەکان و فەرامۆشکردنی کوردانی ئێزدی لەلایەن دەسەڵاتدارانی باشوورەوە، ئەمڕۆکە بەشێک لە کوردانی ئێزدیی گەیشتۆتە ئێسقانیان و کار گەیشتۆتە جێگەیەک کە نکۆڵیی لە کوردبوون و کوردستانییبوونی خۆیان بکەن.

ناوەندی ڕاگەیاندنی کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان وێڕای ڕێزگرتن لە یادی هەموو ئەو ئازیزانەی لەو ژینۆسایدەدا گیانیان لەدەست داوە، وێڕای دەربڕینی هاودەردیی و هاوخەمیی خۆی لەگەڵ هەموو قوربانیانی دەڤەری شەنگالی بریندار و هەموو گەلی کورد، لەسەر گرنگیی هاوخەباتیی کوردانی ئیزدی و هەموو کوردستان پێداگری دەکاتەوە بۆ پاراستنی کوردستانییان لە مەترسیی ئەنفالە دینیی و نەتەوایەتییەکان و داوا لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەکات، کە چیتر لە بەرانبەر کوردانی ئێزدیدا خەمسارد نەبێ و لە هەموو ڕووێکەوە هاوکار و یارمەتیدەریان بێت و چیتر وەک هاووڵاتیی پلە دوو سەیریان نەکات.

ناوەندی ڕاگەیاندنی کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان ٣ی ئاگۆستی ٢٠٢٤