پاش ٤٢ ساڵ لە گیانبەختکردنت تۆ هێشتا قەندیلێکی لەگیراننەهاتوو و سەرمەشقی خەباتمانی!

یەکسانی
28-08-2024

ئەمڕۆ ساڵیادی گیانبەختکردنی مامۆستا قەندیل، ئەندامی سەرکردایەتیی کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان و بەرپرسی گشتیی هێزی پێشمەرگەی کۆمەڵەی یەکسانییە، کە لە ٦/٦/١٣٦١ی هەتاویی لە شەڕی بەرگریی دەڤەری پیرانشاردا گیانی بەخت کرد.

ئەمڕۆ ساڵیادی گیانبەختکردنی مرۆڤێکە، کە پاش تێپەڕبوونی ٤٢ ساڵ بەسەر گیانبەختکردنیدا هێشتا ڕەفتار و گوفتار و قارەمانەتیی و ڕێبازی شۆڕشگێڕانەی سەرمەشقی لاوانی تێکۆشەری کوردستانە بۆ ڕزگاریی کوردستان لەژێرچەپۆکەیی نەتەوایەتیی و بۆ ڕزگاریی کرێکاران و هەژاران لە ستەمکاریی چینایەتیی و لە خەبات بۆ دامەزراندنی دەسەڵاتێکی یەکسانییخوازانەی جەماوەریی، کە تاک بە تاکی ژن و پیاوی ئەم وڵاتە لە بەڕێوەبردنیدا بواری یەکسانیان بۆ بڕەخسێت و بە هی خۆیانی بزانن.

مامۆستا قەندیل، عەوڵای مەلا عوسمانی، کە لە خەباتی دژی سیستمی دواکەوتووانە و ستمەگەرانەی دەرەبەگایەتییدا بۆ دێنشینان و ڕەشایی و هەژارانی کوردستان پێشەنگ و پشتوپەنا و قەندیلێکی سپارتاکووسئاسای یەکسانییخواز بوو، لە شۆڕشی ڕزگاریی نیشتیمانیی کوردستاندا و لە هەنبەر داگیرکەران و خۆفرۆشانی ناوخۆییشدا قەندیلێکی ڕاستەقینەی سەربەرز و خۆڕاگر و هەرگیز لەگیراننەهاتوو بوو. مامۆستا قەندیل بە گەواهی هاوڕێیانی، لە زیندانەکانی ڕژیمی شا و بەعسی عێراقدا بە واتای تەواوی وشە، قەندیلێکی ڕاستەقینە بوو.

مامۆستا قەندیل، فەرماندەیەکی دڵسوز و لێهاتوو و قارەمانی بەرەکانی شەڕی بەرگریی سەردەشت و سەقز و ئاربابا و پیرانشار بوو لە ڕۆژهەڵات و فەرماندەیەکی هەرە کارێزمای شەڕەکانی هەندرێن و کێوەڕەش و ناوچەکانی تری باشووری کوردستان بوو لە دژی ڕژیمی فاشیستی عێراق. قەندیل، پێشمەرگەی هەرە دڵسۆز و ڕاستەقینەی کوردستان و هەژاران بوو . پێشمەرگەیەک، کە لە ماوەی ١٧ ساڵ پێشمەرگایەتییدا بۆ جارێکیش درهەمێکی لە شۆڕش وەر نەگرت و چەکی شانیشی هەر هی خۆی بوو.

مامۆستا قەندیل لە ٦ی خەرمانانی ١٣٦١ی هەتاوییدا لە شەڕێکدا گیانی بەخت کرد، کە سوپای ئیسلامیی ئێران و دەرەبەگە چەکدارەکانی ناوچەکە و هێزەکانی قیادەی موەقەتە هێرشێکی بەرینیان بۆ داگیرکردنەوەی ناوچەکانی پیرانشار و سەردەشت دەست پێ کردبوو. بەداخەوە لەو شەڕەدا دەیان پێشمەرگەی قارەمان و ژمارەیەکی زۆریش لە خەڵکی سیڤیلی ناوچەکە گیانیان بەخت کرد.

سڵاو لە یاد و مێژووی پڕ لە سەربەرزیی و شانازیی مامۆستای گیانبەختکردوومان، قەندیلی نەمر و هەموو گیانبەختکردووانی ڕێبازی ئازادیی و ڕزگاریی و یەکسانیی. ناو و ڕێباز و ئامانجتان لە دڵی گەلی کوردستاندا بۆ هەمیشە زیندوو دەمێنێتەوە.

ناوەندی ڕامیاریی کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان

٦ی گەلاوێژی ١٤٠٣ هەتاویی

٢٧ی ئاگۆستی ٢٠٢٤ی زایینی