ڕاگواستنی زۆرەملیی ئۆردوگاکانی حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ڕادەستکردنەوەی ئەندامانیان بە کۆماری سێدارە بە توندی شەرمەزار دەکەین!

یەکسانی
08-09-2024

کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان

لایەنە سیاسیەکانی کوردستان

ڕێکخراوەکانی پارێزەری مافی مرۆڤ

بە ڕاگواستنی ملهوڕانەی ئۆردوگاکانی سێ لایەنی سیاسی ڕۆژهەڵات کە دوێنێ ٥ی  سپتامبری ٢٠٢٤ لە زڕگوێز  و لەژێر لوولەی چەکی هێزەکانی کۆماندۆ و دژە ترۆری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانەوە بەڕێوە چوو، دۆخی ئاسایشیی ئەو حیزبانەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، کە لە باشووری کوردستان بارەگایان هەیە چووەتە قۆناغێکی زۆر هەستیار و پڕ مەترسییەوە. ڕاگواستنی ئۆردوگاکانی ئەو حیزبانە لە زڕگوێزەوە بۆ سوورداش، کە هاوکاتە لەگەڵ ڕادەستکردنەوەی ئەندامێکی حیزبی دێموکراتی کوردستان بە ڕژیمی ئێران، دەکرێ زەمینەخۆشکردنێک بێت بۆ ڕادەستکردنەوەی بە کۆمەڵی هەڵسووڕاوانی سیاسیی حیزبەکانی ڕۆژهەڵات بە کۆماری سێدارە و ئاسانکارییەک بێت بۆ هاژەکبارانکردنی زیاتری ئەو لایەنانە، بەتایبەتی لە سەروبەندی دووهەمین ساڵیادی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادیدا.

 ئێمە پێمان وایە ئەم هێرشە هۆڤانەیەی کۆماری ئیسلامیی بۆ سەر حیزبەکانی ڕۆژهەڵات لە پلەی یەکەمدا هەوڵێکە بۆ میلیتاریزەکردنی هەرچی زیاتری دۆخی ناوخۆی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە سەروبەندی ساڵیادی دەستپێکردنی شۆڕشی ژینا و لە لایەکی تریشەوە هەوڵێکە بۆ کزکردنی هەموو لایەنە سیاسیەکانی ڕۆژهەڵات و باشوور و باکوور و هەوڵێکە بۆ هەرچی زیاتر تێکشکاندنی شکۆی خەڵکی باشوور بە دەستی حیزبە دەسەڵاتدارەکانی خۆیان، کە مخابن ئەمڕۆکە زیاتر لە دوێنێ ڕۆڵی پێشقەرەوڵانی سوپای قودسی ئێران دەبینن. ڕاگواستنی زۆرەملیی لایەنە سیاسیەکانی ڕۆژهەڵات و دانەوەی پەنابەرانی سیاسی ڕۆژهەڵات بە کۆماری ئیسلامیی و پەرەسەندنی هێرشەکانی تورکیەی فاشیست بۆ سەر باشووری کوردستان، بەشێکن لە ئاڵقەکانی پێکهێنەری ئەو گەلەکۆمە مەترسیدارەی داگیرکەرانی کوردستان، کە لە کۆتاییدا هەڕەشە لە بوونی قەوارەی حکوومەتی هەرێمی کوردستانیش دەکات، کە سەرانی دوو حیزبە دەسەڵاتدارەکە، وەک کۆمپانی خۆیان لێی دەڕوانن و بەکاری دەهێنن.

لەم دۆخە دژوارەی ئەمڕۆدا، ئەوەی لە هەموو شتێ زیاتر جێی داخە ئەوەیە کە لە سۆنگەی داڕمانی فەرهەنگی سیاسیی باشووری کوردستان و گەندەڵییەکی سیاسی و فەرهەنگیی  قووڵ، کە سەرتاپای ئەم کۆمەڵگەیەی داگرتووە، ناتوانین وەک پێویستە چاوەڕوانیی ئەوەمان لە خەڵکی ئەو بەشەی کوردستان هەبێت، کە لە ئاستێکی بەریندا پشتگیریی حیزبەکانی ڕۆژهەڵات و بزووتنەوەی ڕۆژهەڵات بکەن.

کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان بۆ جارێکی تر نیگەرانیی خۆی لە دۆخی پڕمەترسی حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، کە لە باشوور جێگیرن دەردەبڕێت و ڕاگواستنی ئۆردوگای ئەو حیزبانە و چەککردنی پێشمەرگەکانیان و ڕادەستکردنەوەی ئەندامەکانیان بە ڕژیمی ئیسلامیی ئێران بە خەیانەتێکی گەورەی نیشتمانیی دەزانێت و بە توندی شەرمەزاری دەکات و داوا لە نەتەوە یەکگرتووەکان و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ دەکەین، کە لە هیچ هەوڵێک درێغیی نەکەن بۆ پاراستنی چالاکانی سیاسیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، کە ئەمڕۆکە لە باشووری کوردستان لەژێر فشاری ڕژیمی فاشیستیی ئێراندان و گیانیان لە مەترسییدایە.

کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان، ناوەندی ڕامیاری

١٦ی خەرمانانی ١٤٠٣ی هەتاویی

٦/٩/٢٠٢٤