لە دووەمین ساڵوەگەڕی شۆڕشی ژینای هێمای یەکسانییدا پشتگیریی مانگرتنی گشتیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەکەین

یەکسانی
14-09-2024

دوای گیانبەختکردنی ژینای نەمر بە دەستی پۆلیسی بەناو ئاسایشی تاران و سەرهەڵدانی ڕاپەڕینی شۆڕشگێڕانەی "ژن، ژیان، ئازادی"، لاپەڕەیەکی زێڕین لە خەباتی خەڵکی کوردستان و گەلانی ئێران دژ بە ڕژیمی کۆنەپەرەستی سێدارەی ئیسلامیی ئێران دەستی پێ کرد. هەرچەندە دوو ساڵ بەسەر گیانبەختکردنی ژینا ئەمینی، هێمای خۆڕاگریی و خەبات لە دژی ستەم و هەڵاواردنی ڕەگەزیی و نەتەوەیی و چینایەتیی و دینیی تێپەڕیوە، بەڵام دەنگی ناڕەزایەتیی ئەو لە بەرامبەر ئەم ستەمکارییانەدا هێشتا لە دڵ و دەروونماندا دەنگ دەداتەوە.

بێگومان "ژینا ئەمینی" تەنیا ناوێک نییە؛ بەڵکو هێمای هەموو ئەو کەسانەیە کە لە پێناو ئازادی و شکۆ و مرۆڤایەتیدا گیانیان بەخت کرد. ژینا تەنیا هێمای خەباتی ژنانی ئێران نییە، بەڵکو دەنگی ئازادییە بۆ هەموو گەلانی ژێردەست، زیندانیانی سیاسی، کرێکارانی ستەملێکراو و ئەو چین و توێژانەی کۆمەڵگا کە لەژێر گوشار و چەوساندنەوەی بێوچانی ڕژیمی ئیسلامیی ئێراندان. ژینا یەکێکە لەو هەزاران قوربانیانەی سیاسەتی سەرکوتگەرانەی نەتەوەیی، چینایەتیی، مەزهەبی و ڕەگەزیی ڕژیمی ئیسلامیی ئێران. ڕژیمێک کە نەک هەر ئازادی و مافەکانی خەڵکی ئێران پێشێل دەکات، بەڵکو دوژمنی ژینگە و سروشتیشە و بە درێژایی تەمەنی نگریسی خۆی، سەرکوت و هەڵاواردن و زیندان و ئەشکەنجەدان و لەداردان و بە پشتبەستن بە یاساگەلێکی کۆنەپەرستانە، مافە بنەڕەتییەکانی گەلانی ژێردەستەی پێشێل کردووە و لەسەر ئەم سیاسەتە قیزەونانەی بەردەوامە.

ئەمڕۆ سروشتی وڵات لەگەڵ قەیرانی ژینگەییدا بەرەوڕووە؛ لە وشکەساڵی و لێڵی هەواوە تا لەناوبردنی دارستان و لەوەڕگەکان. ڕژیم بە کەمتەرخەمی و تەنانەت بە ئەنقەست، ئاگر بەردەداتە جەستەی دارستانەکانی زاگرۆس، سرووشت کاول دەکا، ڕووبار و دەریاچەکان وشک دەکا و سامان و کانزا بەنرخەکانی ئێمە بەتاڵان دەبا. چالاکڤانانی ژینگەپارێزی کە هەوڵی پاراستنی ئەم میراتە سروشتییەیان داوە، لەبری پشتیوانی، ڕووبەڕووی زیندان و هەڕەشە و تەنانەت سزای لەسێدارەدان دەبنەوە. ئەو چالاکڤانە فەرهەنگییانەی کە شەو و ڕۆژ خەریکی زیندوو ڕاگرتنی زمانی زگماکی و وێژە و ڕێوڕەسمە نەتەوەکەیانن، بە ناوی ئیسلام و پڕۆژەی ئوممەت سازی دەکەونە بەر دڕندەترین هەڵسوکەوتی ڕژیمی ئیسلامیی ئێران.

ئەم دەسەڵاتە بۆ سەرکوتکردن و لەناوبردنی دەنگە دژبەرەکان لە هیچ تاوانکارییەک دەست ناپارێزێت. ئەم ڕژیمە بە ڕەچاوکردنی سیاسەتگەلێکی شەڕەنگێزانە و پشتیوانی لە دارودەستە بەکرێگیراوەکانی لە ناوچەدا، ئارامی و سەقامگیریی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی هێندەی تر تێک داوە. بۆ خۆ دەربازکردن لەو بارودۆخە نالەبارەی کە لە ناوخۆی ئێران هێناویەتە ئاراوە خەڵکی فەلەستین، ئیسرائیل، یەمەن، لوبنان، عێراق و هتد دەکاتە قوربانی و سەرچاوە دارایی و مرۆییەکانی ئێران کە دەکرا بۆ باشترکردنی ژیانی خەڵک کەڵکیان لێ وەربگیرێت، لە شەڕی بە وەکالەت و دەستێوەردانی سەربازیدا بەفیڕۆ دەدرێت.

ڕژیمی ئێران نەک هەر مافەکانی خەڵکی ئێران پێشێل دەکات، بەڵکو بە تێکدانی ژینگە و کردەوەی سەربازیی نابەرپرسانە ئایندەی ناوچەکە و نەوەکانی داهاتوو دەخاتە مەترسییەوە. هاوکات زیندانیانی سیاسی کە تاکە تاوانیان وەستانەوە بۆ ماف و ئازادییە بنەڕەتییەکان و دەربڕینی بیروڕای خۆیانە، لە گرتووخانەکانی ڕژیم لە بارودۆخێکی نامرۆڤانەدا لە ژێر توندترین ئەشکەنجەی جەستەیی و دەروونیدا زیندانی دەکرێن و ڕووبەڕووی سزای زیندانی هەتاهەتایی و حوکمی سێدارە دەبنەوە.

هەموو ڕۆژێک شایەتحاڵی لەسێدارەدانی خوشک و براکانمان دەبین لەسەر تاوانی چالاکییە سیاسییەکان، بەڵام دوژمن دەبێ ئەوە بزانێت کە ئەو لەداردانانە نەک تەنیا ئیرادەی گەل بۆ کۆتایی هێنان بە دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی ئێران بەهێزتر دەکات، بەڵکو لێکەوتەکانی ئەم لەسێدارەدانانە دەبێتە هۆی "نەفرەتی زۆرتر و یەکگرتوویی و چڕکردنەوەی هێزی خەڵکان بۆ ڕووخاندنی حکومەت". بە شکاندنی بێدەنگی لە بەرامبەر نادادپەروەری و ستەمکاریی سیستماتیکی ڕژیم. ئێمە داوای ئازادکردنی دەستبەجێی سەرجەم زیندانیانی سیاسی و کۆتایی هێنان بە سەرکوتی سیستماتیکی دژ بە ژنان و منداڵان و گەلانی ستەملێکراو و هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگا دەکەین. ئێمە بەردەوام دەبین لە خەبات بۆ ئازادیی گەلانی ژێردەست و گەیشتن بە یەکسانی و دادپەروەری و تا مافی خۆمان لەم حکومەتە دژە مرۆڤە وەرنەگرین کە هەمانا ڕووخاندنیەتی، ناوەستین.

بژی شۆڕشی ژینای هێمای یەکسانیی!

بڕووخێ کۆماری داگیرکەری ئیسلامیی!

ژن، ژیان، ئازادی!

ناوەندی ڕامیاریی کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان

٢٢ی خەرمانانی ١٤٠٣ هەتاویی

١٢ سپتامبری ٢٠٢٤