هاژەکبارانکردنی ئیسرائیل لە لایەن کۆماری ئیسلامییەوە و مەترسیی هەڵگیرسانی شەڕێکی گەورە و ئەرکی لایەنەکانی ڕۆژهەڵات

یەکسانی
02-10-2024

کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان!

لایەنە سیاسیەکانی کوردستان!

کۆماری ئیسلامیی ئەم دواییانە هێندە لەلایەن ئیسرائیلەوە سووک و ڕیسوا کراوە، کە ناچار بوو بۆ کڕینەوەی ئابڕووی نەبووی خۆی و بۆ نیشاندانی شمشێرە دارینکەی بە ئیسرائیل و دەوڵەتانی ڕۆژاوایی و خەڵکی ناڕازیی ئێرانیش، شەوی ڕابردوو کۆمەڵێک هاژەک ئاراستەی ئیسرائیل بکات و ناوی بنێ تۆڵەی کوشتنی ئیسماعیل هەنیەی حەماس و نەسروڵڵای حیزبوڵڵا و چەند فەرماندەیەکی خۆی لە لوبنان.

سوپای پاستاران کاتژمێرێک دوای هەڵدانی هاژەکەکانی، وەک چاوسوورکردنەوەیەک لە خەڵکی ئێران لە داخویانییەکدا ڕایگەیاند: هەرکەس لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لە بەرژەوەندیی دوژمن بدوێت، بە توندترین شێوە سزا دەدرێت.

 

کۆماری شەڕ و ترۆر و سێدارە خۆشی دەزانێت ماڵی لە شووشەیە و لە توانای ئابووریی و سەربازییدا نیە خۆی لە قەرەی شەڕی ئیسرائیل بدات، کە لە ئەگەری ڕوودانیدا هەر شەڕی ئێران ــــ ئیسرائیل نابێت، بەڵکو ئەمریکا و هاوپەیمانانیشی تەڤلیی دەبن. کۆماری ئیسلامیی کە ئەمڕۆکە زیاتر لە هەر کات کەوتۆتە نێو دوو بەرداشی گوشاری خەڵک و گوشارە دەرەکییەکان و لە بەرەکانی شەڕی نێوان ئیسرائیل و دەستوپێوەندەکانیشیدا لە غەزە و لوبنان گورزێکی وەها کوشندەی بەرکەوتووە، کە پارسەنگی هێزی لە بەرژەوەندیی ئیسرائیل گۆڕیوە، بۆیە هیچ دوور نیە، کە حکوومەتی دەستە ڕاستیی نەتانیاهۆ دۆخەکە وەک هەلێک بقۆزێتەوە و ئەم هاژەکفڕێدانەی ئێران لە ڕۆژانی ئایندەدا شەڕێکی ڕاستەوخۆ و ڕووبەڕووی لێ بکەوێتەوە و لە ئەنجامدا خەڵکی سیڤیلی زۆر دەڤەری تری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش بە شێوەی غەزە و لوبنان ببنە سووتەمەنیی ئاگری ئەم شەڕە کۆنەپەرستانەیە.

کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان!

کۆماری ئیسلامیی لە ئەگەری هەڵگیرسانی شەڕدا بێگومان وەک سەردەمی شەڕی ئێران و عێراق هەوڵ دەدات شەڕ بکاتە ئامرازێکی سەرکوت و خوێنڕێژیی ناوخۆیی بۆ سەرکوتی خەڵک و درێژەدان بە تەمەنی نگریسی خۆی. ئەم ڕژیمە کە لە ئێران دیکتاتۆرێکی فاشیستە و لە کوردستانیش فاشیستێکی داگیرکەر، چاوەڕوانیی دەکرێت لە ئەگەری هەڵگیرسانی شەڕێکی فەرمیی، هەرچی زیاتر کوردستان میلیتاریزە بکات و ئەگەریش بۆی بکرێت، ئاگری شەڕەکە ئاوقای کوردستان بکات، بۆیە خەڵکی ئێمە و لایەنە سیاسیەکانی پێویستە وشیارانە لەسەر هێڵ بن بۆ بەسەرکەوتنگەیاندنی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی بە دەستی خەڵک خۆیان و بە سوود وەرگرتن لەو هەلوومەرجەش کە ڕەنگە لە ئەنجامی ئەم دۆخە هەستیارەدا بێتە پێشەوە.

لایەنە سیاسیەکانی کوردستان!

شەڕ و ململانێکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پێی ناوەتە قۆناغێکی زۆر هەستیارەوە و لە ئەگەری هەڵگیرسانی شەڕی ئێران ـــــ ئیسرائیل، شەڕەکە کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەبێت و دۆخەکە یەکڕیزیی کردەیی و ڕێکخراوبوونێکی خێرامان لێ دەخوازێت، بۆیە درێژەدان بەم پرژوبڵاویەمان کارەساتە و هیچ پاساوێک هەڵناگرێت. کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان بۆ جارێکی تر بانگەوازتان دەکات بۆ کۆبوونەوەیەکی فراوان، کە هەموو لایەنە سیاسیەکان بەشداریی تێدا بکەن و تیایدا لە خۆمان بپرسین لە چ دۆخێکداین و ئەرکە هەنووکەییەکانمان کامانەن. ڕۆژهەڵاتی کوردستان پێویستیی بە خۆئامادەکردنێکی خێرایە بۆ وەڵامدانەوە بە پرسە هەنووکەییەکانی. سەرکەوتن لە یەکێتیی و ڕێکخراوبوونماندایە!

نا بۆ شەڕ و ترۆریزم!

بژی ئاشتیی و ئازادی و یەکسانیی!

بڕووخێت کۆماری ئیسلامیی داگیرکەر!

 

ناوەندی ڕامیاریی کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان

١٠ی ڕەزبەری ١٤٠٣ی هەتاویی

١ی ئۆکتۆبری ٢٠٢٤