٢٥ی نۆڤەمبەر؛ ڕۆژی جیهانی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژ بە ژنان

ێەکسانی
24-11-2024

ئەمڕۆ ٢٥ی نۆڤەمبەره و هەموو جیهان لەمەڕ پێویستیی هەنووکەیی "ڕاوەستاندنی توندوتیژی دژی ژنان" دەنووسێت و دەنگ هەڵدەبڕێت، بەڵام بۆ ئێمە لە کوردستان، بەتایبەت لە ڕۆژهەڵات ئەم ڕۆژە مانایەکی قووڵتری هەیە. ژنانی کوردستان لە بەرامبەر چەندین جۆرە ستەم و سەرکوت وەستاونەتەوە؛ سەرکوتکردنێک کە نەتەنیا ڕەگەزیان دەکاتە ئامانج، بەڵکو شوناس و کولتوور و ئیرادەی ئەوانیش دەخاتە ژێر مەترسی و گوشاری سیاسی و فەرهەنگی. 
ساڵانێکە ژنانی کوردستان هەست بە قورسایی دوو هەڵاواردن لەسەر شانیان دەکەن. لە لایەک زاڵ بوونی یاساکانی ژنکوژانە و باوکسالارانە کە لە کوردستان و ئێراندا حوکم دەکەن و ژنان دەچەوسێننەوە و ژیانی ژنانی دژوار کردووە و لە لایەکی دیکەشەوە سیاسەتی جیاکاری و سەرکوتی نەتەوەیی لە کوردستاندا ئەم گوشارەی دوو هێندە کردووە. لە ژینگەیەکی وەها چەقبەستوودایە کە ژنی کورد لە بەرخۆدان و خەباتدا ئازایانەترین و پێشکەوتنخوازانەترین ڕۆڵی بینیوە و یەکێ لە گەورەترین

شۆڕشەکانی ئازادیخوازانەی جیهان واتا شۆڕشی هەمەلایەنەی "ژن، ژیان، ئازادی" دەباتە پێش. 
ڕاپەڕینی ژینا ئەمینی خاڵێکی گرینگی وەرچەرخان بوو لە خەباتی ڕزگاریخوازانەی گەلی کورددا. ژینا، کچێکی کوردستانی، کە بوو بە قوربانیی لە بەرامبەر توندوتیژی سیستماتیکیدا، هەمیسان بوو بە هێمای خۆڕاگری و داکۆکیکردنی ژنان لە سەر مافە ئینسانی و دێرینەکانیان. دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی" کە ئەمڕۆ لە گوند و شارەکانی کوردستانەوە تا شەقامەکانی تاران و پاریس و لەندەن سەریهەڵدا، ئیلهامبەخشی شۆڕشێکە کە سنوورەکانی ئێرانی تێپەڕاندووە و بووەتە دەنگی ژنانی ستەملێکراو لە ئاستی جیهاندا. 
ئەم شۆڕشە تەنها ڕاپەڕین نییە دژی یاسا دژە فێمینیستییەکان، بەڵکو هاواری دادخوازانەی دایکانی جەرگبڕاو و ژنانی زیندانیی سیاسیی و ئەوانەی سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپێنراوە بۆ مافی دەربڕینی بیروڕا و گەیشتن بە یەکسانی و ئازادی ڕەگەزی و نەتەوەیی. لە کوردستاندا ژن هەمیشە کۆڵەکەی سەرەکیی خەباتی نەتەوەیی بووە؛ ژنانی کورد بەردەوام لە دژی داگیرکەران و هەموو چەشنە یاسا دژەژنەکان و چەوسانەوەی کولتووری و کۆمەڵایەتی، لە ڕیزی پێشەوەی ناڕەزایەتیی سیاسی و مەدەنی لە شەقامی شارەکان تا سەنگەری چیاکان وەستاونەتەوە. 
ئەمڕۆ ئێمە دەنگی کچان و ژنانی چالاکی کوردستان و هەموو ژنانی ستەملێکراوی جیهانین کە لەسەر خەبات بۆ ئازادی و وەدەستهێنانی مافە ڕەواکانیان زیندانی کراون. دەنگی دایکانی دادخوازین کە لە ماتەمینی جگەرگۆشەکانیاندا دانەنیشتوون. دەنگی ئەو ژنانەی کە لە بەرانبەر یاسا دژەژنەکان و کۆمەڵگای چەقبەستووی باوکسالاردا وەستاون و ژیانی خۆیان خستۆتە مەترسییەوە بۆ ژیانێکی باشتر. ئەم ڕۆژە دەرفەتێکە بۆ یادکردنەوەی ئەو ڕاستییەی کە کوردستان لە کووبانییەوە تا قەندیل و لە سەقزەوە تا تاران بە ئازایەتی ژنانییەوە دەناسرێتەوە و بۆتە مەکۆی ئازادیخوازان. 
با لە تەنیشت ژنانی کوردستان و هەموو ژنانی ئێران ڕاوەستین. بە یەکگرتوویی و یەکدەنگی دەتوانین کۆتایی بە ستەمی نەتەوەیی و چینایەتی و ڕەگەزی بێنین و پەیکەرەی ڕەشی دیکتاتۆڕەکان لە سیمای شار بسڕینەوە. ڕێگای شۆڕشی ژینا بەردەوامە و دەنگی "ژن، ژیان، ئازادی" هەرگیز ناوەستێت. 
 
ژن، ژیان، ئازادی 
بژی یەکسانی 
بژی شۆڕشی ڕزگاریخوازانەی ژنانی کوردستان و هەموو جیهان 
ناوەندی ڕامیاریی کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان 
٢٥ی نۆڤەمبری ٢٠٢٤