مامۆستا فەتاح ئەمیریی ڕۆماننووسی ناوداری کورد، بۆ هەمیشە ماڵاوایی لە کوردستان و وێژە کرد

ناوەندی ڕاگەیاندن
25-12-2024

فەتاح ئەمیری، نووسەری دیار و خوڵقێنەری شکارەکانی میرزا، زیندەخەو، هەوارەبەرە و گێژەڵووکە، لە ساڵی ١٣٢٥ هەتاویی لە  گوندی مەنوچێر، سەر بە شاری بۆکان لەدایک بووە. خوێندنی سەرەتایی لە شاری مەهاباد دەست پێ کردووە و لە وێستگەی کارەبای بۆکان کاری کردووە.

ژیانی ئەم ڕۆماننووسە کوردە وەک هەموو وێژەوان و نووسەرێکی نیشتیمانپەروەری کورد، پڕی هەوراز و نشێو بووە. لە ساڵی ١٣٥٤ تا ١٣٥٧ ی هەتاویی بە هۆی چالاکی سیاسییەوە لەلایەن ڕژیمی نەگریسی پەهلەویەوە زیندانی کراوە. لەگەڵ ڕووخانی ڕژێمی پەهلەوی، یەکێک لە هاوکارە کاریگەرەکانی گۆڤاری بەناوبانگی کوردیی "سروە" بووە و  گەلێک نووسینی لەم گۆڤارەدا بڵاو بوونەتەوە. جگە لەوەش ئەمیری بەمەبەستی گەشەپێدانی وێژەی کوردی لە ناوچەی موکریان هاوڕێ لەگەڵ هەندێ شاعیر و نووسەری تر بنکەی ئەدەبیی شاری بۆکانی دامەزراند و ساڵانێکی زۆر بە سۆزەوە بۆ نیشتیمانەکەی نووسی..

ڕۆمانەکانی فەتاح ئەمیری وەک قەڵەمێکی ڕەسەن و دەوڵەمەند، بوونەتە سامانێکی بەنرخ بۆ وێژەی کوردی و ساباتێکی ئارام بۆ نووسەران و ئەوانەی ئارەزووی گەشەی زمان و وێژەی کوردی دەکەن. فەتاح ئەمیری لە بەرهەمەکانیدا واقیعبینانە و بە زمانێکی سێحراویی و سەرنجڕاکێش خەمی کۆمەڵایەتی و کولتووری و مێژوویی خەڵکی کوردستانی گێڕاوەتەوە.

ئەم نووسەرە دیارە، دوای چەندین ساڵ خزمەتی وێژە و کلتوری کوردی و هاوکات ململانێ لەگەڵ شێرپەنجە، دواجار ڕۆژی شەممە ١ی بەفرانباری ساڵی ١٤٠٣ی هەتاویی لە تەمەنی ٧٨ ساڵیدا لە شاری بۆکان کۆچی دوایی کرد. ڕێوڕەسمی پرسەی ئەم نووسەرە بەرزەی موکریان لە ڕۆژی دووەمی بەفرانبار، بە ئامادەبوونی ژمارەیەکی زۆر لە هۆگرانی فەرهەنگ و وێژەی کوردی، لە شاری بۆکان بەڕێوەچوو.

میراتی وێژەیی فەتاح ئەمیری وەک یەکێ لە ڕۆماننووسانی نوێی وێژەی کوردی هەمیشە زیندوو دەمێنێتەوە.

سڵاو لە یاد و تێکۆشانی وێژەیی مامۆستا فەتاح ئەمیری و ڕێگایان پڕ ڕێبوار بێ.

ناوەندی ڕاگەیاندنی کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان بەم بۆنەوە هاوخەمیی خۆی بۆ کەس و کار و ماڵباتی ئەم نووسەرە گەورە دەردەبڕێت و سەرەخۆشی لە کۆمەڵگای فەرهەنگیی و وێژەیی کورد و هەموو خەڵکی کوردستان دەکات

ناوەندی ڕاگەیاندنی کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان

٥ی بەفرانباری ١٤٠٣ی هەتاوی