بە گیانلەدەستدانی هونەرمەندی لاوی توانا، سارۆ سوزەنیی، کوردستان ئەستێرەیەکی گەشی لەدەست دا
ناوەندی ڕاگەیاندنی یەکسانی
04-01-2025
زۆر بەداخەوە، دوێنێ ڕێکەوتی ١٤ی بەفرانباری ١٤٠٣ی هەتاویی ( ٣ی جانوەری ٢٠٢٥ ) هونەرمەندی لاوی توانا، دەنگی زەنگی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی کاکە سارۆ سوزەنیی لە تەمەنی ٢٢ ساڵیدا و لە ڕووداوێکی هاتوچۆی نێوان سەقز و دیواندەرەدا گیانی لەدەست دا.
بە گیانلەدەستدانی کاکە سارۆی جوانەمەرگ ، کوردستانی شۆڕش و یەکسانییخوازیی، لە بەرەی بەرخۆدانی موزیک و هونەردا ئەستێرەیەکی گەشی لەدەست دا. سارۆ، لە جەرگەی سەرهەڵدانی شۆڕشی ژینادا چالاکانە بەشدار بوو، لە لایەن کۆماری ئیسلامییەوە زیندانیی و شکنجە درا، بەڵام دوژمن هەرگیز نەیتوانی سارۆی ئێمە بێدەنگ بکات.
تەرمی ئەم هونەرمەندە نەمرە دوێنێ، لە لایەن ژمارەیەکی زۆر لە خەڵکی شاری سەقز و دەوروبەرەوە، لە گۆڕستانی ئایچی، لە ئارامگای ژینای هێمای کوردستاندا بە خاک سپێردرا.
ئێمە لە ناخەوە هاوبەشی خەم و پەژارەی خانەوادەی کاکە سارۆ و شارەکەی ژینای نەمر و کۆمەڵگەی هونەریی کوردستان و هەموو خەڵکی کوردستانین.
ناوەندی ڕاگەیاندنی کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان
١٥ی بەفرانباری ١٤٠٣ی هەتاویی
٣ی جانیوەری ٢٠٢٥
www.yeksani.info