بەرز و پیرۆز بێت ٢ی ڕێبەندان، ٦٧مین ساڵیادی دامەزرانی کۆماری کوردستان

ناوەندی ڕاگەیاندنی یەکسانی
2013-01-21

 

هەر لە یەکەم دابەشکرانی کوردستان لە ساڵی ١٥١٤ی زایینی بە هۆی شەڕی چاڵدۆران لە نێوان ئیمپراتۆریی عوسمانی و سەفەوییەوە، خەڵکی کوردستان هەردەم لە دژی ئەو پارچەکردنەو بۆ یەکگرتنەوە و سەربەخۆیی وڵاتەکەی لە دژی داگیرکەران لە خەبات بەردەوام بووە. جاری دووهەم لە شەری جێهانیی یەکەم، کە بوو بە هۆی تێکڕمانی ئیمپراتۆریی عوسمانی و لەو دەرفەتەدا وڵاتانی رۆژئاوا لەگەڵ پشک پشک کردنی ناوچەکە، کوردستانیان بۆ جاری دووهەم دابەش کرد و کردیان بە ٥ پارچە و هەر بەشێکیان بە بێ لەبەر چاوگرتنی سەرەتاییترین مافەکانی خەڵکی کوردستان، بە تورکیە، ئێران، ئێراق، سوریە و ئەرمەنستانەوە لکاند.

لەم قۆناخەشدا خەڵکی کوردستان دەستی لە تێکۆشان و خەبات بۆ گەڕاندنەوەی مافەکانی هەڵنەگرت و لە هەر دەرفەتێک کە  بۆێ  ڕەخسابێ،  دەستی دا ڕاپەڕین و شۆڕشکردن.  ڕاپەڕینەکانی  شێخ مەحموود، سمایل ئاغا، شێخ سەعید، سەید رەزا و ئێحسان نووری پاشا یەک لە دوای یەک لە لایەن داگیرکەرانەوە و بە یارمەتیی وڵاتانی زلهێز، بە وێرانی و ڕاوەدوونان و کوشتارێکی بێ بەزەییانەوە سەرکوت کران.

 دوای سەرکوتکردنی ئەم ڕاپەڕینانە کە لەو سەردەمانەدا لە نەبوونی  رێکخستنی سەردەمیانە، زیاتر لەژێر سەرکردایەتی شێخ و مامۆستایانی ئایینی  و سەرۆک خێڵەکانەوە بەرێوە دەچوون، بەڵام پاشان هەلومەرجی پەرەسەندنی هزری نەتەوایەتییان ڕەخساند و  کۆمەڵێک رووناکبیر و خەڵکانی پێشکەوتووی ناو باژێرەکان لە هەموو بەشەکانی کوردستان دەستیان بە دامەزراندنی ڕێكخستنی سیاسیی سەردەم کرد کە کۆمەڵەی برایەتی، کۆمەڵەی هیوا و کۆمەڵەی ژیانەوەی کورد بەرهەمی ئەم سەرهەڵدانانەن.

 لە سەروبەندی شەڕی جیهانیی دووهەم، دەسەڵاتی پاشایەتیی ئێران کەوتە بەر پەلاماری وڵاتانی  هاوپەیمان و بەم هۆیەوە دەسەڵاتی ناوەندیی تاران کەوتە قەیرانێکی گەورە. سۆڤییەت باکووری  ڕۆژهەڵاتی ئێرانی گرتبوو و ئینگلیزییەکان لە باشووری ڕۆژهەڵاتی ئێرانەوە هاتبوونە ناو خاکی ئێران. کۆمەڵەی ژیانەوەی کورد (ژ. ک.) لەم کاتەدا لە شاری مەهاباد و شارەکانی دەوروبەر  خۆی رێک خستبوو و بە قۆستنەوەی ئەم هەلە، خەریکی دامەزراندنی کۆماری کوردستان بوو. هەر لەو کاتەدا خەڵکی ئازەربایجان لە ژێر چاوەدێریی  فیرقەی دێموکراتی ئازەربایجان  کە ڕاستەوخۆ لە لایەن دەوڵەتی ئازەربایجانی سۆڤییەتەوە یارمەتیی دەدران، بوونە فاکتەرێکی هاندەر کە کۆماری کوردستانیش بەزوویی دابمەزرێت. لەم سەروبەندەدا کۆمەڵەی ژیانەوەی کورد لە ژێر کۆمەڵێک فشاری ناوخۆیی و دەرەکییەوە ناوی خۆی گۆڕی و لە کاتی گەرانەوەی دەستەی نوێنەرایەتیی  کورد بە سەرپەرشتیی پێشەوا قازی موحەممەد لە باکۆ و پاش هەڵسەنگاندنی ئەم هەلومەرجە، ناوی کۆمەڵەی ژیانەوەی کورد،یان کرد بە  حیزبی دێمۆکراتی کوردستان.

 حیزبی دێمۆکراتی کوردستان بە رێبەرایەتیی پێشەوا قازی موحەممەد لە رۆژی ٢ی رێبەندانی ساڵی ١٣٢٤ی هەتاوی لە شاری مەهاباد بە بەشداریی نوێنەری هەموو بەشەکانی کوردستان، دامەزراندنی کۆماری کوردستانی  ڕاگەیاند. ئەو کۆمارە هەر چەند  تەمەنی لە ساڵێک کورتتر بوو، بەڵام بووە بەردێکی بناخەی سەربەخۆیی و مێژووی دەوڵەتداریی سەردەمییانەی  خەڵکی کوردستان. هێزی بەرگریی نەتەوەیی، واتە هێزی پێشمەرگەی کوردستان، ئاڵای کوردستان، خوێندنگەی کوردی، کارورباری بەڕێوەبەریی کۆمەڵگا، دامەزراندنی ڕێکخراوەی مەدەنی و لەوانەش ڕێکخراوی ژنان و لاوان، دابەشکردنی کاروباری دەوڵەتیی و بەشداریی  کوردی بەشەکانی تری کوردستان لەو کۆمارەدا و هەروەها دابینکردنی قوتابخانەی تایبەتیی بۆ کەمایەتییە جیاوازەکان، بۆ وێنە بۆ ٢٤ بنەماڵەی جوولەکە کە لە مەهاباد دەژیان، لە گرینگترین دەسکەوتەکانی کۆماری کوردستان بوون.

بەداخەوە ١١ مانگ و چەند رۆژ دوای ڕاگەیاندنی کۆماری کوردستان، تەمەنی ئەم کۆمارە دوایی هات کە لەو بارەوە دەکرێت ئاماژە بە دوو هۆکاری سەرەکیی ناوخۆیی و دەرەکی بکریت.

هۆکاری دەرەکیی ڕووخانی کۆماری کوردستان، دەسەڵاتی سۆڤییەت بوو کە بۆ  بەرژەوەندیی خۆی پشتی لە هەموو ئەو بەڵێنانە کرد کە بە کۆماری کوردستانی دابوو و هۆکاری گرینگی ناوخۆیی ڕووخانی کۆماری کوردستانیش ئەوە بوو کە بەشێک لەو کەسانەی کۆماری کوردستان پشتی پێ بەستبوون، خێڵ و دەرەبەگ بوون و هەر لە سەرەتاوە پێوەندییان بە دەسەڵاتی ناوەندییەوە هەبوو و بوونە بەربەستێکی گەورە لەبەردەم پێشەوا و هاوڕێیانی بۆ ئەوەی نەتوانن بە بەرنامەیەکی تۆکمەوە بچنە پێش و بەرگریی لە کۆماری کوردستان بکەن.  لەگەڵ ئەوەشدا پێشەوا داکۆکیەکی سەربەرزانەی لە کۆماری کوردستان کرد و سەربەرزانەش سەری خۆێ لەسەر گەل و نیشتمان دانا.

 پێشەوای نەمر لە وەسیەتنامەکەیدا ٣ خاڵی گرینگی بۆ داهاتووی  خەڵکی کوردستان و  خەباتە ڕەواکەی دیاری کرد کە بریتیی بوون لە:

١ -   خەڵکی کوردستان پێویستە  بخوێنن و زانست فێر بن تا لە دواکەوتوویی و نەخوێدەواریی ڕزگار بن.

٢-  داگیرکەران باش بناسن و فریوی بەڵێنیی و وادەکانیان  نەخۆن.

٣- ناکۆکییەکانیان وەلا بنێن و بە یەکێتی و یەکڕیزیی لە بەرامبەر داگیرکەراندا فاکتەرێکی سەرەکیی سەرکەوتنی داهاتووی کوردستان مسۆگەر بکەن.

 

بەهیوای هاتنەدیی ئامانجەکانی پێشەوای نەمر و کۆماری کوردستان!

 بەرز و پیرۆز بێت ٦٧مین ساڵیادی یەکەم کۆماری کۆردستان!

شەکاوە بێت ئاڵای کۆماری کوردستان! 

 

کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان

٢ی ڕێبەندانی ١٣٩١ی هەتاوی

٢١ی ژانویەی ٢٠١٣ی زایینی