ڕیژەی لەسێدارەدان لە ئێران لە ساڵی ڕابردوودا ٣١ لە سەد زیادی کردووە!

ناوەندی ڕاگەیاندنی یەکسانی
6-4-2016

 

ڕێکخراوی لێبوردنی ناونەتەوەیی ڕۆژی سێشەممە ١٧ی خاکەلێوەی ٢٧١٦ (٠٥/٠٤/٢٠١٦) ڕاپۆرتی ساڵانەی خۆی لە بابەت ڕێژەی ئێعدام لەو وڵاتانەی ئەم سزایەیان تێدا بەڕێوە دەچێت، بڵاو کردەوە. بە گوێرەی ئەم ڕاپۆرتە ڕێژەی لەسێدارەدان و جۆرەکانی تری سزای کوشتن لە ساڵی ڕابردوودا لە جیهان لە چاو ساڵی ڕابردوو ٥٠ لەسەد زیادی کردووە و ئەم ڕێژەیەش لە ئێران ٣١ لەسەد زیاتر بووە لە ساڵی ڕابردوو.

بە گوێرەی ڕاپۆرتەکە ڕێژییمی چیین بە ئێعدامی زیاتر لە ١٠٠٠ کەس زیاتریین ڕێژەی جێبەجێکردنی سزای ئێعدامی لە ساڵی ڕابردوودا بەر کەوتووە و هەروەها ڕێژییمی ئێران بە لەسێدارەدانی ٩٧٧ کەس لە پلەی دووهەم دایە. بەپێی ئەم ڕاپۆرتە ڕێژەی لەسێدارەدان لە ئێران لە ساڵی ٢٠١٤ دا ٧٤٣ کەس بووە و بەم پێیە ئەم ژمارەیە ٢٣٤ کەس لە ساڵی ٢٠١٥دا زیادی کردووە و ٤ کەسیش لەم کەسانە تەمەنیان لە ژێر ١٨ ساڵ بووە. لە دوای ئێران و چیین، لە وڵاتانی پاکستان، عەرەبستانی سعوودی و هەروەها وڵاتە یەکگرتووەکانی ئامریکا زیاتریین سزای ئێعدام بەڕێوە چووە.

شایانی باسە کە ئەم ڕێژەیەی کە ساڵانە لە ڕاپۆرتی ڕێکخراوی لێبوردنی ناونەتەوەییەوە ڕا دەگەیندرێت، تەنیا ڕێژەی ڕا گەیەندراوی فەرمیی لەسێدارەدانی ئەو وڵاتانەیە کە سزای کوشتنیان تێدا بەڕێوە دەچێت، ئەگینا ڕێژەی کوشتنی هاووڵاتییان بەتایبەت لە لایەن ڕێژیمە دیکتاتۆرەکان زۆر لەوە زیاترە کە بە فەرمیی ڕا دەگەیەندرێت.  جێی ئاماژەیە کە کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان لە بەرنامەی سیاسیی خۆیدا سزای کوشتن بە هەموو شێوازەکانی بە سزایەکی نامرۆڤانە دەزانێت و خوازیاری نەهێشتنی ئەم سزایەیە لە هەموو وڵاتانی جیهان.