ڕۆژی جیهانیی زمانی دایک، هەلێک بۆ وشیاربوونەوە!

ناوەندی ڕاگەیاندنی یەکسانی
2013-02-20

 

ڕۆژی ٣ی ڕەشەمە (٢١ی فێورییە) ی هەر ساڵێک ، لە سەر پێشنیاری وڵاتی به‌نگلادێش له‌ساڵی١٩٩٩ ی زایینی، له لایه‌ن ڕێکخراوی زانستی و فه‌رهه‌نگیی نەتەوە یەکگرتووەکان (یۆنێسکۆ)‌، وەک ڕۆژی جیهانیی زمانی دایک دیاری کراوە. هەر لەو ڕۆژەوە، ساڵانە له به‌شێکی زۆر لە وڵاتانی جیهان، ئه‌م ‌ڕۆژه جێژن دەگرن.

یەکەم شت کە مرۆڤ  گوێی پێ دەکرێتەوە، پێی فێری دارە دارە دەبێت، ڕێگای فێربوونی پێ نیشان دەدرێت، لە خۆشیی تێ دەگەیەندرێت، لە ناخۆشیی و مەترسی وریا دەکرێتەوە و بناخەی شوناس و کەسایەتیی تاک لە سەری ڕەگاژۆ دەکرێت، زمانی دایکە. کاتێک کە مناڵ بە کۆرپەیی چ لە ڕووی هەستی خۆشەویستیی یان بۆ ئۆقرەگرتن توند خۆی لە باوەشی دایکی گرێ دەدات، مێشک و گوێچکەی لە سەر هەستن بۆ گوێگرتن و فێربوونی زمانی دایک. هەر بۆیەش فێربوونی زمانی دایک یەکەم و سەرەتاییترین مافی یەکسانی هەموو مرۆڤێکە و  هەر کەس و لایەن و ئایدۆلۆژیی و دەسەڵاتێک لە دژی ئەو مافە بوەستێتەوە، دژی سەرەتاییترین مافی مرۆڤە و لەم ڕوانگەیەوە دەکرێ بگوترێت کە وەها کەس و لایەنێک هیچ باوەڕێکی بە سەرەتاییترین مافەکانی مرۆڤ نییە.

لە کۆمەڵگای ئەمرۆی مرۆڤایەتییدا گەلێک دەسەڵاتی داگیرکەر و کەسانی فاشیست و بیر تەسک هەن کە بە پێی بەرژەوەندیی ناوچەیی و جیهانیی خۆیان ڕووکارێکی بە ناو دێمۆکرات و مرۆڤایەتییان بۆ خۆیان نەخشاندووە، بەڵام لەڕاستییدا تەنانەت لە گەڵ ئەم مافە سەرەتاییەی مرۆڤ، واتە مافی فێربوون و خوێندن و گەشەکردن بە زمانی دایک دژایەتیی دەکەن. زۆربەی وڵاتانی داگیرکەری جیهانی بەگشتیی و  وڵاتانی داگیرکەری کوردستان بە تایبەتیی، هەر یەکەی بە پێی بەرژەوەندیی و هەلومەرجی سەردەمەکان بە شێوازی جۆراوجۆر دژی مافی زمانی دایکیی نەتەوە بندەستەکانی وڵاتەکانیان وەستاونەتەوە و تەنانەت بۆ سڕینەوەی کەلەپوور و مێژوو و وێژەی ئەو نەتەوانەش لە هیچ کارێکی نامرۆڤانەی وەک کۆمەڵکوژیی، بەزۆر ڕاگواستن، قەدەخەی زمان و ئەدەبیات، گۆڕینی مێژوو و دزینی ئاسەوارە مێژووییەکان و هتد درێخییان نەکردووە.

خەڵکی کوردستان وەک گەورەترین نەتەوەی بێدەولەتی جیهان، تەنانەت لەو مافە سەرەتاییەش بێبەش کراوە و تا ئێستا بە هەزاران کەس لە سەر ئاخافتن بە زمانی دایک زیندانی کراوە و سەزای ماڵیی و تەنانەت  گیانییشیان بەسەردا سەپاوە. لە گەڵ ئەوەدا کە زمانی دایک یەکێک لەو مافانەیە کە خەڵکی کوردستان خەباتیان بۆ کردوە بەڵام زۆر جار چ لە لایەن هێزەکانی دەرەوەی کوردستان و چ لە ناوخۆ، شۆڕشی خەڵکی کوردستان بۆ مافی دیاریکردنی چارەنووس و سەربەخۆیی خۆی، وەک خەبات بۆ مافی شارۆمەندی و ئاخافتن بە زمانی دایک واتە زمانی کوردی پێناسە کراوە، هەربۆیەش پێویستە بگوترێت کە شۆڕشی گەلی کورد بێجگەلە ئەم مافە سەرەتاییە، بۆ ڕزگاریی نیشتمانەکەیان لەدەست داگیرکەران و بۆ دامەزراندنی کۆمەڵگەیەکی یەکسان و پێشکەوتوو بووە.

دیارە بۆ ئێمەی کورد بێجگەلە ناسین و ناساندنی سیاسەتی پاکتاوکردن و تواندنەوە و سەرجەم پیلانەکانی داگیرکەران، زۆر گرینگ و پێویستە بزانین کە لە کوردستان گەلێک کەمەنەتەوەی تر دەژین کە زمانی سەربەخۆی خۆیان هەیە و پێویستە ئێمە وەک نەتەوەیەکی ستەملێکراو، لە هەموو گەلێک زیاتر مافی زمانی دایک بۆ ئەو خەڵکانە، کە هاووڵاتیی ئێمەن بە فەرمیی بناسین، بیانپارێزین و ڕێزیان لێ بگرین.

لەکۆتاییدا وێڕای پیرۆزبایی ڕۆژی جیهانیی زمانی دایک لە هەموو گەلێک و بەتایبەت لە گەلانی ستەملێکراو، داواکارین ئەو دەسەڵات و لایەنانەی ئەو مافەیان لە خەڵکانیتر سەندووە، بەخۆیاندا بچنەوە، ڕێز لە مافەکانی مرۆڤ بگرن و بە هوموو شێوەیەک واز لە چەوساندنەوەی نەتەوکانیتر بێنن. هاوکات داواکارین خەڵکی کوردستان تەسلیمی سیاسەتەکانی داگیرکەران نەبن و دایکان و باوکان بە هەر زەحمەتێک بێت بە دابینکردنی کتێبی کوردیی زمانی دایک لە ماڵەکانی خۆیاندا هەلی فێربوون و خوێندن بە زمانی دایک بۆ مناڵەکانیان بڕەخسێنن.

سەرکەوێ خەباتی گەلان بۆ ئازادی و یەکسانی!

دای بڕێژین کۆشکی یەکسانیی ژیان!

 

٢ی ڕەشەمەی ١٣٩١ی هەتاوی

٢٠ی فێورییەی ٢٠١٣ی زایینی

کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان