هەڵوێستی کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان لە بابەت ڕێککەوتنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان

ناوەندی ڕاگەیاندنی یەکسانی
18-5-2016

 

دوای حەوت ساڵ لە لێکدابڕانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان، پاش چەند کۆبوونەوە و وتوێژی دوو لایەنە لە سەر ٢٥ خاڵی هاوبەش ڕێک کەوتن و لە ١٧/٠٥/٢٠١٦ لە دەباشان بە ئامادە بوونی زۆربەی ئەندامانی بەڕێوەبەریی هەر دوو لایەن، ڕێککەوتننامەکە لە لایەن بەڕێزان نەوشیروان مستەفا، ڕێکخەری گشتیی بزووتنەوەی گۆڕان و کۆسرەت ڕەسوڵ عەلی، جێگری یەکەمی سکرتێری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان واژۆ کرا.

ئێمە وێڕای دەست خۆشی و پیرۆزبایی لە سەرکردایەتیی و ئەندامان و لایەنگرانی هەر دوو لایەن، هیوای سەرکەوتنی ئەم ڕێککەوتنە و سەرکەوتنی هەرچی زیاتریان لە خزمەتکردن لە بەرەوپێشبردنی دۆزی ڕەوای خەڵکی کوردستان بۆ دەخوازین.

هیوادارین ئەو ڕێککەوتنە ببێتە سەرەتایەک بۆ تەبایی و لێک نزیکبوونەوە و هاوکاری زیاتر لە نێوان هەموو لایەنە کوردستانییەکان و چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکان و سەقامگیر بوونی دێموکراسی لە باشووری کوردستان. بەو هیوایە لە دەرئەنجامی جێبەجێکردنی ئەو ڕێککەوتنەدا، ژیانی خەڵکی باشووری کوردستان ئاڵوگۆڕی بنەڕەتیی بەسەردا بێت و هەلومەرجێکی باش بڕەخسێت بۆ خەباتی هەمەلایەنە و پوچەڵکردنەوەی سیاسەت و پلانی دوژمنکارانەی داگیرکەران و هەنگاونان بۆ ڕاگەیاندنی سەربەخۆیی باشووری کوردستان.

 

بژی یەکێتیی و هاوخەباتیی خەڵکی کوردستان

کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان

١٨/٠٥/٢٠١٦