کردەوە تیرۆریستییەکەی قامیشلۆ شەرمەزار دەکەین!

ناوەندی ڕاگەیاندنی یەکسانی
28-7-2016

ڕۆژی ٢٧ ٠٧ ٢٠١٦ بۆ جارێکی تر تیرۆریستانی ئیسلامیی لە شاری قامیشلۆ ڕووی ڕاستەقینەی خۆیان و داگیرکەرانی کوردستانیان وەک دووژمنانی ماف و ئازادییەکانی خەڵکی کوردستان پێشانی هەموو لایەکدا.

سەرلەبەیانیی ٢٧ ٠٧ ٢٠١٦ بە هۆی دوو تەقیینەوەی تیرۆریستیی لە لایەن ڕێکخراوی تیرۆریستیی دەوڵەتی ئیسلامیی عێراق و شام (داعش)، لە شاری قامیشلۆی ڕۆژئاوای کوردستان ژمارەیەکی زۆر لە هاووڵاتییان شەهید و بریندار بوون و هەروەها زیانی ماڵیی زۆریش بە خەڵکی شارەکە گەیشت.

بە ئامانج گرتنی قامیشلۆ لە لایەن  تیرۆریستانی ئیسلامی، نەیارانی ماف و ئازادییەکانی خەڵکی کوردستان، لە هەلومەرجی ئێستادا نیشانەی ترس و دڵەڕاوکێیانە لە  سەرکەوتن و پێشکەوتنەکانی دۆزی ڕەوای گەلەکەمان لەم بەشەی کوردستان. تەقینەوەکەی قامیشلۆ پەنا بردنی دەوڵەتی تیرۆریستیی ئیسلامیی عێراق و شام و داگیرکەرانی هاوکاری بوو بۆ قێزەونترین شێوەی تۆڵە سەندنەوە لە خەڵکی سڤیل دوای شکستە یەک لەدوای یەکەکانیان لە باشوور و ڕۆژئاوای کوردستان، کە ئەو ڕەوشت نزمییەش تەنیا کاری هێزێکی دژ بە مرۆڤایەتیی تێکشکاو و ناهومێدە لە داهاتووی خۆی.

ئێمە وێرای ئیدانە کردنی ئەو کردەوە تیرۆریستییە، خۆمان بە هاوخەمی کەس و کاری شەهیدان دەزانین و هیوای زوو چاک بوونەوە بۆ بریندارەکانی ئەو تەقینەوەیە دەخوازین. هاوکات داوا لە هەموو کوردستانیان و لایەنە سیاسیەکانی کوردستان دەکەین لە پێناو پاراستن و گەشەپێدانی ئەزموونەکانی باشوور و ڕۆژاوای کوردستان لە هیچ هاوکارییەک درێغی نەکەن و جیاوازییە سیاسیی و هزرییەکان نەکەنە لەمپەر بۆ یەکێتیی و هاوکاریی کوردستانیی.

 

سەرکەوێ خەباتی ڕەوای خەڵکی کوردستان!

شەرمەزاریی و نەمان بۆ تیرۆریستان!

 

کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان

 

٢٨/٧/٢٠١٦