یەکی مەی، ڕۆژی هاوخەباتیی جیهانیی کرێکارانە بۆ دامەزراندنی کۆمەڵگەیەکی یەکسان!

ناوەندی ڕاگەیاندنی یەکسانی
2013-04-30

 

یەکی مەی ڕۆژی هاوپشتیی جیهانیی کرێکارانە بۆ دامەزراندنی کۆمەڵگەیەکی دادپەروەر و یەکسان. هەموو ساڵێک لەو ڕۆژەدا، کرێکارانی سەرتاسەری کۆمەڵگای مرۆڤایەتی، جیاوازییە نەتەوەیی، ڕەگەزیی، ئاینیی و ئیدیۆلۆژییان دەنێنە لاوە و لە ڕیزێکی یەکگرتوو و یەکپارچەدا سروودی هاوپشتیی جیهانیی ئەچڕن و ناڕەزایەتی لە دژی سیستەمێک دەردەبڕن کە تیایدا مرۆڤی بەرهەمهێنەر ڕوباتێکی گیاندارە و کۆمەڵگای مرۆڤایەتیش بازاڕی ساخکردنەوەی ئەو شتومەکانەیە کە کرێکاران بەرهەمیان دێنن و خۆیان لێیان بێبەرین. کرێکاران لە ڕۆژی یەکی مەیدا لە دژی سیستەمێک دێنە مەیدان کە هەژاریی، بێکاریی و نایەکسانیی بەشێکی جیانەکراوە ی تایبەتمەندییە ئابووری و سیاسییەکانیەتی و بە قەیرانە یەک لە دوای یەکەکانیشی ئەوەندەی تر کرێکاران و زۆرینەی ئەندامانی کۆمەڵگا تووشی ئاستەنگیی ئابووری دەکات.

 

مێژووی چینی کرێکار لە هەموو وڵاتان، دیرۆکی خەباتێکی لێبڕاو و بێوچانە بۆ دامەزراندنی کۆمەڵگایەکی یەکسان و بێ چین و چەوسانەوە. کۆمەڵگایەک کە لەودا ئامانجی بەرهەمهێنان باشترکردنی ژیانی مرۆڤ و دابینکردنی پێداویستیەکانی ژیان دەبێت، نەک کەڵەکەکردنی سوود بۆ ژمارەیەک سەرمایەدار کە لەڕێگەی زێدەباییەوە مرۆڤی بەرهەمهێنەریان ڕەنجەڕۆ کردووە. ئەم مێژووە ئەوەمان پێ دەڵێت کە کرێکاران بۆ هەڵوەشاندنەوەی کۆمەڵگای چینایەتی و دامەزراندنی سیستەمێکی یەکسان خەبات دەکەن کە خاوەندارێتی هۆیەکانی بەرهەمهێنان دەگەڕێتەوە بۆ کۆمەڵگا و لەو سیستەمەدا کرێکاران، بێکاران، بەساڵاچوان، منداڵان، کەمئەندامان، خوێندکاران، ژنان و هەموو ئەندامانی کۆمەڵگا ژیانیان لەلایەن دەوڵەتەوە دابین دەکرێت.

 

سیمای ڕاستەقینەی سیستەمە چەوسێنەرەکانی ئێستای جیهان کاتێک بۆ هەمووان بە باشیی دەردەکەوێت کە دەبینین لە سەردەمی قەیرانی ئابوورییدا ملیارد ملیارد لە سامانی کۆمەڵگا دەکرێتە حسابی ملیاردلێرە بانکدارەکانەوە و لەولاشەوە لە مووچەی کرێکاران دەبڕن و تەمەنی خانەنشینی بەرزدەکەنەوە و بە ملیۆن خەڵکی هەژار بێنان و بێکار دەکەن!

 

مێژووی نووسراوی مرۆڤایەتی بیری نایە هیچ کاتێک تاکی مرۆڤ توانیبێتی هێندەی ئەم سەردەمە زیاتر لە نیازەکانی خۆی بەرهەم بێنێت. تێکنۆلۆژی لە گەلێک بواری جۆراوجۆردا بە ڕادەیەکی زۆر گەشەی سەندووە و لە گەشەسەندندایە، بەڵام بەداخەوە گەشەسەندنی کەرەسەکانی بەرهەمهێنان نەک وەک پێویستە نەبووەتە هۆی خۆشتربوونی ژیانی کۆمەڵانی کرێکار و هەژاری تەنانەت پێشکەوتوترین وڵاتی خۆرئاواش، بەڵکو هەندێک جار بەهۆی تایبەتمەندییەک کە سیستەمی کاپیتالیزم هەیەتی، بووەتە هۆی بێکاربوونی کرێکاران. ئامارە فەرمییەکانی دەوڵەت و دەزگا ناونەتەوەییەکان باس لەوە دەکەن کە لە گەورەترین زلهێزی ئابووری دنیا کە وڵاتی ئەمریکایە نزیک بە ٥٠ ملیۆن کەس لەژێر هێڵی هەژارییدا دەژین. لە وڵاتانی ئەورووپاییش ڕەوشەکە لەوە باشتر نییە و لە یەکێتی ئەورووپادا لە هەر چوار کەس یەکێک بێکارە. ئەمە ڕەوشی دەوڵەمەندترین و پێشکەوتووترین زلهێزەکانی جیهانە و لە وڵاتانی ئاسیایی و ئەفریقایی هەژاریی، شەڕ و گەلێک کێشەی سیاسی و کۆمەڵایەتیی تر ژیانیان لە مرۆڤ تاڵ کردووە. بەپێی ئامارێکی فەرمیی ساڵی ڕابردووی ڕێکخراوی ناونەتەوەیی کار ( ئای. ئێل. ئۆ) ٣٠% کرێکارانی جیهان و خانەوادەکانیان لە ژێر هێڵی هەژاریدا ژیان بەسەر دەبەن.

 

لە ئێرانی ژێر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیدا بە وتەی کاربەدەستانی باڵای ئەو ڕژیمە ٧٠% دانیشتوانی ئێران لە ژێر هێڵی هەژارییدا دەژین. سنووری هێڵی هەژاریی بۆ خانەوادەیەکی ٤ کەسیی تارانی ملیۆنێک و ٥٠٠ هەزار تمەنە و لانیکەمی هەقدەستی کرێکاران کە لە لایەن شۆرای باڵای کارەوە دیاریکراوە ٤٨٧ هەزار تمەنە. ئەمە لە کاتێکدایە کە خەڵکی ئێران لە بیمە ئابووری و کۆمەڵایەتییەکان بێبەشن و لە سایەی لابردنی سوبسیدی شتومەکی سەرەکیی ژیان و گەمارۆی ئابووریی ئەوەندەی تر  گرانیی و هەژاریی لەو وڵاتە پەرەی سەندووە و بەتایبەتی ڕەوشی کرێکاران و هەژارانی کوردستان و ناوچەکانی وەک سیستان و بلووچستان لەوپەڕی دژواریی دایە.

 

گرانی لە ئەندازەبەدەر و بێکاریی و نەبوونی بیمە ئابووری و کۆمەڵایەتیەکان وای کردووە بەشێک لە خەڵکی کرێکار و ڕەنجدەری نیشتەجێی نزیک سنوورە داسەپاوەکانی نێوان باشوور و ڕۆژهەڵات و باکووری کوردستان پەنا بەرنە بەر کاری کرێکۆڵی و کاروانچێتیی و ڕۆژانە خۆیان و ئەسپەکانیان دەدرێنە بەر گوللەی هێزە چەکدارەکانی ئێران و تورکیە.  کۆماری ئیسلامی ئێران و تورکیە بە ڕەچاوکردنی سیاسەتێکی ڕاسیستی، کوردستانیان لە دواکەوتوویی پیشەسازییدا ڕاگرتووە و ئەمەش هەژارانی کوردستانی ناچار کردووە بۆ دابینکردنی ژیانی خۆیان و خانەوادەکانیان ڕوو بکەنە شارە ناوەندییەکانی ئەم دوو وڵاتە و لە هەلومەرجێکی دژواری کاردا و بە مووچەیەکی کەم شان بدەنە بەر کارێک کە نان و ئاسایشێکی تێدا نییە.

 

 لە ناوخۆی کوردستانیش ژیانی کرێکاران و جوتیارانی هەژار و توێژە دەستەنگەکان لەوپەڕی ناخۆشیدایە و هەڵسوکەوتی سەرمایەدارانی کوردیش زۆر لە ڕەفتاری سەرمایەدارانی نەتەوەی باندەست باشتر نییە. جێی ئاماژەیە کە حکوومەتی هەرێمی کوردستانیش وەک پێویستە ئاوڕی لە کرێکارانی کوردستان نەداوەتەوە و بەداخەوە بۆ باشترکردنی ڕەوشی دژواری کرێکاران بەتایبەتی کرێکارانێک کە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە یان لە دەرەوەی وڵاتەوە هاتوون، ئاسانکارییەکی ئەوتۆی نەکردووە و بە بەرچاوی میلیۆنێرە کوردەکان و حکوومەتی خۆماڵیەوە ساڵانە چەندین کرێکار لە ڕوداوی کاردا گیانیان لەدەس دەدەن.

 

چینی کرێکاری کوردستان، بە هۆی داگیرکرانی وڵاتەکەیەوە زیاتر لە کرێکارانی وڵاتانی ناوچەکە چەوساوەتەوە و لە خەباتی ڕەوای خۆیدا گەلێک لە پێشڕەوان و هەڵسوڕاوانی وەک جەماڵ چراغوەیسی لەدەس داوە.  بە بەراورد بە پارچەکانی تری کوردستان، لە بوواری خەباتی کرێکارییەوە، ڕۆژهەڵاتی کوردستان خاوەن ئەزموونێکی زیاترە و بزووتنەوەی کرێکاریی لەم بەشەی کوردستان وێڕای پاراستنی سەربەخۆیی خۆی، لەگەڵ بزووتنەوەی ڕزگاریی نیشتمانی کوردستان و بزووتنەوەی یەکسانیخوازانەی ژنان و خوێندکارانیش هاوکاریی شیاوی کردووە. بەداخەوە دابەشبوونی کوردستان و کاریگەریی هزری چەپی سۆسیالشۆڤێنیستی وڵاتانی داگیرکەری کوردستان کارێکی وای کردووە کە خەباتکارانی بزووتنەوەی کرێکاریی بەشە جیاجیاکانی کوردستان وەک پێویستە هاوکاریی و پێوەندییان لەگەڵ یەکتر نەبێت.

 

کۆمەڵەی یەکسانی کوردستان وێرای پیرۆزبایی یەکی مەی لە هەموو کرێکارانی کوردستان و جیهان، خۆی بە پشتیوانی کرێکاران و چەوساوەکان دەزانێ و بۆ دامەزراندنی کوردستانێکی یەکسان و سەربەخۆ تێدەکۆشێ کە مافەکانی وەک بیمەی بێکاریی، گرێبەستی گشتیی، نیشتەجێبوونی بەخۆڕایی، بەهرەمەندبوون لە خزمەتگوزاریی تەندروستی، خوێندنی بەخۆڕایی، بەهرەمەندبوون لە کرێی یەکسان لەبەرانبەر کاری یەکسان، کەمکردنەوەی تەمەنی خانەنشینی، ئازادیی بیروڕا و ڕێکخراوبوون، ڕەخساندنی هەلومەرجی یەکسان بۆ گەشەسەندن و خۆپێگەیاندن و گەلێک مافی تر، وەک خزمەتگوزاریی گشتیی تیایدا پارێزراو بێت و کەس بۆی نەبێت مامەڵەیان پێوە بکات. هەروەها ئێمە پشتیوانیی خۆمان لە داخوازیی سێ ڕێکخراوی مەدەنیی کوردستان (کۆمه‌ڵه‌ی مافی مرۆڤی کورد، ڕێکخراوی مافی مرۆڤی کوردستان و ڕێکخراوی چاودێری کوردۆساید) ڕادەگەیەنین کە لە بەیانیەیەکی هاوبەشدا داوایان کردووە ڕۆژی یەکی مه‌ی ئه‌مساڵ وه‌ک ڕۆژی هاوده‌ردی له‌گه‌ڵ کۆڵبه‌رانی کورد ناوزەد بکرێت.

 

شەکاوە بێت ئاڵای یەکی مەی، ڕۆژی هاوخەباتیی جیهانیی کرێکاران!

 

دای بڕێژین کۆشکی یەکسانیی ژیان!

 

کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان

 

١٠/٠٢/٢٧١٣

 

٣٠/٠٤/٢٠١٣