ئەرکی خەڵک و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان لە قۆناخی دوای لە ناوچوونی داعش

کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان
25-9-2016

 

ئەو ژینگەیە کە کوردستانی تیدا هەڵکەوتووە، بە کۆمەڵیک هۆکاری جیاواز ناوچەیەکی زۆر لەبارە بۆ سەرهەڵدانی ڕێکخراوی جۆراوجۆر لە شێوەی دەوڵەتی ئیسلامی عێراق و شام (داعش) کە بەکردەوە توندڕەوەکانیان ڕەوڕەوی سروشتی ژیانی پێکهاتەکانی ناوچەکە دەشێوێنن. ئەو لایەنانە لە سەربنەمای بیر و باوەری تاکڕەوانەیان هیچ نرخێک بۆ دێموکڕاسی و بەیەکەوەژیانی ئاشتییانەی نەتەوە و ئایین و ڕەنگ و دەنگە لە یەک جیاوازەکان دا نانێن. ئێستا کە داعش لە دەرەنجامی کردەوە نامۆکانی بە دنیای پێشکەوتویی ئەم سەردەمە، مەحکوم بە لەناوچوونە، بۆ ئێمە خەڵکی کوردستان بە گشتی قۆناخی دوای لەناوچوونی داعش زۆر گرنگە. بۆیە پێویستە خەڵکی کوردستان و هێزە نیشتمانپەروەرەکان لە ئێستاوە خۆیان بۆ پێشهاتەکانی قۆناخی دوای لەئارادانەمانی داعش  ئامادە بکەن.

ئاشکرایە کە داعش بەو ناو و بەرنامە دواکەوتووە و بەو کردەوە  توندووتیژییانەی، لە ناو کۆمەڵگەی پێشکەوتوی سەدەی بیست و یەکدا جێگای نابیتەوە. هەروەک چۆن تا ئیستا هیچ ووڵاتێک بە فەرمی خۆی لێ بەخاوەن نەکردووە، تەنیا بە دزی هاوکاری دەکرێت و پەلاماری شوێنی مەبەستی پێ دەدەن. بەڵام بە ئاشکرا زۆر لایەن هەوڵی لەناو بردنی دەدەن. هەر بۆیەش داعش لە درێژخایەندا بە شکڵ و ناوی ئێستای نامێنی، بەڵام ئەگەری ئەوە هەیە کە بە هەمان ناوەرۆک و بەناوێکی ترەوە ڕێک بخرێتەوە. لە هەموو حاڵتێکدا پێویستە خەڵکی کوردستان لە هەوڵی دابینکردنی ئاسایشی دواڕۆژی خۆیدا بێت، داوا بکات ئەو ووڵاتانەی کە تا ئێستا بۆ شەڕ لە دژی داعش پشتیان بە خەڵکی کوردستان بەستووە، دوای نەمانی داعشیش پشتیوانی لە خەڵکی کوردستان بکەن و لە پەلاماری هەر لایەنێکی دیکە و هێزی تری لە شێوەی داعش بی پارێزن و هەروەها لە ئاوەدانکردنەوەی کوردستان هاوکارمان بن. لە بەرامبەردا پێویستە خەڵکی کوردستان لە بیری ڕاگرتنی هاوسەنگی لە نێوان ئەو ووڵاتانەدا بێت.

بێگومان داگیرکەرانی کوردستان هەر کات هەست بە نەمانی مەترسی داعش لە سەر خۆیان بکەن، بزووتنەوەی ڕزگارییخوازانەی خەڵکی کوردستان بە گەورەترین خەتەر بۆ سەر خۆیان دەزانن. دوای لەناوچوونی داعش لە دەرفەتێک دەگەرێن بۆ پەلاماردانی خەڵکی کوردستان و دەسکەوتەکانی بە گشتی. روون و ئاشکراشە کە  داگیرکەرانی کوردستان ئەگەر لە سەر هەموو بابەتێک بە یەکەوە ناکۆک بن، بۆ سەرکوتکردنی خەڵکی کوردستان بە یەکەوە کۆک و هاوهەڵوێستن. بۆیە ئەگەر لە هەلومەرجی ئێستادا بە هەر هۆکارێک ناتوانرێ هەموو لایەنەکان لە ژێرسێبەری چەتری دامەزراوەیەکی هاوبەشی نیشتمانییدا کۆ ببنەوە و بریار لە سەر چارەنووسی خەڵکی کوردستان بدەن، دەکرێ دژایەتی یەکتر نەکەن و ڕێگا بە هەوڵی تێکدەرانەی هیچ لایەک نەدەن. ئەرکی هەنووکەیی تاک و لایەنە دڵسۆز و نیشتمانپەروەرەکانە کە دوور لە بەرژەوەندیی کەسیەتی و حیزبی و ناوچەیی، بیر لە یەکیێتیی و بەرژەوەندیی نیشتمانیی بکەنەوە. بە هەموو لایەک هەوڵی بێ کاریگەرکردنی پیلانی دوژمنکارانەی نەیارانی خەڵکی کوردستان بدەن. هەروەها پێویستە فشار بۆ لایەنە دەسەڵاتدارەکانی باشوور و ڕۆژئاوای کوردستان بێنن تا ئاسایش و ژیانی وەک یەک بۆ خەڵکی ئەم دوو بەشەی کوردستان و بە تایبەت بۆ دانیشتوانی ئەو ناوچانە ڕزگارکراوانەی لە باشوور و ڕۆژئاوای کوردستان لەلایەن داعشەوە داگیر کرابوون، دابیین بکەن.

پێویستە خەڵکی کوردستان و لایەنە سیاسیەکان بە وەکالەت شەڕ بۆ هیچ لایەک نەکەن،  بەڵکو پێویستە هەموان هەر یەک لە ئاست خۆیەوە بۆ گەیشتن بە ئامانجە هاوبەشەکانی خەڵکی کوردستان تێ بکۆشن. هەوڵی هەموان بەو ئاڕاستەدا بێت کە خەڵکی کوردستان تێکەڵاوی شەری نێوان مەزهەبەکان، شەر و ناکۆکیی نێوان ووڵاتانی ناوچەکە، کێبەرکێی نێوان  دوو جەمسەری ڕۆژئاوا و ڕۆژهەڵات نەبێت. ئەرکی سەر شانی هەموو تاک و لایەنە خۆ بە بەرپرسزانەکانە  نەهێڵن کوردستان ببێتە مەیدانی یەکلاکردنەوەی ئەو شەڕ و ناکۆکییانەی ئاماژەیان پێ کرا. پێویستە هەر کەس و لایەنێک کە خۆی بە بەرپرس و نیشتمانپەروەر دەزانی، بۆ پاراستن و گەشەدان بە دەسکەوتەکانی خەڵکی کوردستان هەوڵ بدات.

با هەموومان بۆ بە دامەزراوەیی کردنی بەڕێوەبەریی، دەستاودەستکردنی دەسەڵات بە شێوەی ئاشتییانە و لە ڕێگای هەڵبژاردنەوە، ، پێکهێنانی لشکری نیشتمانیی کوردستان، سەقامگیر کردنی ئاشتی، دێموکڕاسی، دادپەروەری کۆمەڵایەتی، سەروەری یاسا و ئاوەدان کردنەوەی کوردستان تێ بکۆشین.

کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان

٢٤/٩/٢٠١٦