دەسەڵاتدارانی تورکیا و سیاسەتی دژ بە کوردستان

سەربەست ئازاد
16-10-2016

 

دەسەڵاتدارانی تورکیا، لە ناوەرۆکدا دژی خەڵکی کوردستانن. بۆ دژایەتی ماف و دەسکەوتەکانی خەڵکی کوردستان لە هەموو توانای سیاسی، مادی، دیپلۆماسی و سەربازیان کەڵک وەردەگرن. لە سەر بنەمای مەزهەبی و زاڵبوونی هەستی شوێنیستی بە سەریاندا، لە دەوری یەکتر کۆ بوونەتەوە. لە پێناو گەیشتن بە ئامانجی تواندنەوەی هەمووان لە ناو نەتەوەی تورکدا، هەروەها هەبوونی یەک ئاڵا و یەک دەسەڵات لە تورکیا و گەیشتن بە پلەی سوڵتانی خاوەن دەسەڵاتی بێسنوور، دەست  لە هیچ کردەوەیەکی قێزەونی دیکتاتۆرانەی هەڵقوڵاو لە ناخی ڕەگەز پەرستی دواکەوتوانەیان ناپارێزن.

هەروەک هەموو لایەک ئاگادارن، دەسەڵاتدارانی تورکیا سەرەتای ڕزگاری باشووری کوردستان لەساڵی ١٩٩١ بە دواوە زۆریان دژایەتی ئەزمون و دەسکەوتەکانی باشووری کوردستان کرد. کاتێک لە دەرەوەی ئیرادەی دەسەڵاتدارانی  تورکیا، ڕزگاری باشووری کوردستان و سیستەمی فیدراڵی لە عێراق و ئەزموون و دەسەڵاتی خۆبەرێوەبەری لە هەرێمی کوردستان  بە هەموو کەم و کۆرییەکانی خۆیانەوە بوون بە ئەمری واقیع، دەسەڵاتدارانی تورکیا دوای کۆمەڵێک هەوڵی تێکدەرانە، بە ناچاری خۆیان لە گەڵ بارودۆخەکە گونجاند. تەنانەت سیاسەتێکیان گرتە بەر کە باشووری کوردستان ببێتە هۆکارێکی بەهێز بۆ بوژاندنەوەی ئابوری تورکیا. لە گەڵ ئەوەشدا دەسەڵاتدارانی تورکیا، لە پێناو بەرژەوەندی خۆیان رێز لە سەروەری باشووری کوردستان ناگرن، زوو زوو سنووری کوردستان دەبەزێنن ،بە بیانوێ هەبوونی پارتی کرێکارانی کوردستان لەو هەرێمە بە تۆپ و تەیارە بۆردوومانی زۆر ناوچەی باشووری کوردستان دەکەن و زیانی زۆر بە هەرێمەکە دەگەیەنن. سەرەڕای ئەوەش، ماوەیەکی زۆریشە هێزێکی سەربازیان  لە باشووری کوردستان جێگیر کردوە کە لە ژێرەوە کار و بەرنامەی تێکدەرانە بەرێوە دەبەن و دژی بەرژەوەندیی خەڵکی کوردستان دەجۆڵێنەوە. بە داخەوە دەسەڵاتدارانی باشووری کوردستان خۆیان توشی بارودۆخیک کردوە کە نەتوانن بە دەسەڵاتدارانی تورکیا بڵێن دەست لە کاری ناوخۆی باشووری کوردستان وەرمەدەن، خۆ ئەگەر داوشیان لێ بکەن کە سووپاکەیان لە باشووری کوردستان بکشێننەوە، دەسەڵاتدارانی تورکیا رێز لە ئیرادەی خەڵکی کوردستان ناگرن.

دەسەڵاتدارانی تورکیا بە گشتی و لە ئێستادا دژی هەموو دەسکەوت و پێشکەوتنێکی خەڵکی کوردستانن. لە کاتێکدا وتوێژ لە نێوان پارتی کرێکارانی کوردستان و دەوڵەتی تورکیا، لە پێناو ئاشتی بەرەوپێشچوونی باشی بە خۆوە دیبوو. لە ٢٨/٢/٢٠١٥ لە کۆشکی دۆڵمە باغچە  پارتی دێموکڕاتی گەلان و پارتی داد و گەشە پێدان لە سەر دە خاڵ رێککەوتن. بەڵام دوای ماوەیەکی کەم دەسەڵاتدارانی تورکیا پەشیمان بوونەوە و درێژە دان بە  وتوێژیان لە پێناو ئاشتیدا پەک خست. لە کاتێکدا سەرکەوتنی ئەو وتوێژە و سەقامگیر بوونی ئاشتی، یەکەم لە بەرژەوەندی هەموو خەڵکی تورکیا دابوو، ئینجا بە دەرەجەی دووهەم لە بەرژەوەندی خەڵکی باکوری کوردستان دابوو. بەڵام پارتی داد و گەشە پێدان لە ڕوانگەی شوێنیستی خۆیانەوە بەرژەوەندی هەموو خەڵکی تورکیایان کردە قوربانی، لە بەر بە رەوا نەبینینی کەمێک دەسکەوت بۆ خەڵکی باکوری کوردستان. بە هۆی هەست نەکردن بە بەرپرسیاەیەتی، دوای ماوەیەک لە وەستانی شەر لە مانگی ٧ی ٢٠١٥ شەریان هەڵگریساندەوە. بە بەر چاوی هەموو لایەکەوە زۆر کەسی بێتاوانیان کوشت، چەند شوێنی نشتەجێبوونیان وێران کرد و باری نائاساییان  لە چەند شاری باکوری کوردستان راگەیاند و چەندین ڕۆلەی خەڵکی تورکیایان بە کوشتدا.

لە هەڵبژاردنی گشتی، خولی بیست و پێنجی پارلمانی تورکیا، لە٧/٦/٢٠١٥ کاتێک دەرئەنجامی هەڵبژاردن بە دڵی دەسەڵاتدارانی تورکیا نەبوو، پارتی دێموکراتی گەڵان توانی بەربەستی لە سەدا دە تێپەرێنی و ٨٠ کورسی پارڵمانی بە دەست بێنی، بەڵام پارتی داد و گەشە پێدان لە بەر کەمی کورسی پارڵمانی نەیان توانی دەوڵەت پێک بێنن. بۆیە دوای کێشەیەکی زۆر لە هەوڵێکی تێکدەرانەی چەواشەکاریدا، پرۆسەی هەڵبژاردنیان بە ناوی هەڵبژاردنی پێشوەخت لە ١/١١/٢٠١٥ دوو بارە کردەوە. کە پارتی داد و گەشە پێدان بە هۆی فێڵ و تەزویر ٣١٧ کورسی بۆ خۆی بەرد و توانی بە پێی یاسای ئەو ووڵاتە بە تەنیا دەوڵەت بە خواستی خۆی پێک بێنی. لەو لاشەوە کورسیەکانی پارتی دێموکراتی گەڵان لە ٨٠ کورسیەوە کەم کرایەوە بۆ ٥٩ کورسی پارڵمانی.

دەسەڵاتدارانی تورکیا، بە جێگای ئەوەی هەنگاوی بەرەو پێش باوێژن، لە بەر ڕەگەز پەرستیان بۆ دواوە دەگەرێنەوە. لە ١١/٤/٢٠١٦ پارتی داد و گەشە پێدان داوای لە سەرۆکایەتی پارڵمان کرد لە کۆی ٥٥٠ پارڵمانتار، پارێزبەندی لە سەر ١٣٨ پارڵمانتاری کورد و لایەنەکانی دیکە بە تۆهمەتی تاوانی بێ بنەما لاببات، تا بە ئارەزوی خۆیان بیاندەنە دادگا. لە کاتێکدا ئەو پارڵمانتارانە بە دەنگی خەڵک هەڵبژێردراون.

پارتی داد و گەشە پێدان لە هەوڵێکی دوژمنکارانەی دواکەوتوانەدا، بە تاوانی  هاوکاری پارتی کرێکارانی کوردستان هەستا بە لادانی زۆرێک لە شارەوانیەکانی باکوری کوردستان. هەر چەند خەڵک داوای ئەو شارەوانیانەی کرد کە بە دەنگی خۆیان هەڵیانبژاردبوون، بەڵام پارتی دەسەڵاتدار کەسانی نزیک لە خۆی لە جێگای شارەوانیەکانی نوێنەری  هەڵبژێردراوی خەڵکی باکوری کوردستان دانان.

لە هەلومەرجێکی تایبەتدا، ڕێکەوتی ٢٤/٨/٢٠١٦ سوپای تورکیا بە فەرمانی پارتی داد و گەشە پێدان، بە ناوی پڕۆسەی قەلغانی فوڕات، لە بەر ڕەوشەنایی ئۆکەی ئەمریکا و روسیا و بە ڕەزامەندی سەعودیە و سووریا !!شاری جەرابلوسی داگیرکرد. بەمەبەستی بەر بەست دروست کردن بۆ پێشکەوتنی ئەزمونی خۆ بەرێوەبەری ڕۆژئاوای کوردستان، دەسەڵاتدارانی تورکیا هەرەشەی پێشڕەوی سوپاکەیان بۆ ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی کوردانی ڕۆژئاوای کوردستان کرد.

پارتی دەسەڵاتدار لە تورکیا، لە پێناو کپ کردنی دەنگی ئازاد و بڵاو نەبوونەوەی وشیاری گشتی بە نێو کۆمەڵگادا، لە ٢٩/٩/٢٠١٦ فەرمانی دا بە داخستنی چەندین کەناڵی ڕاگەیاندنی وەک تەلەفزیۆن و رادیۆ و ڕۆژنامە کوردیەکان وگرتن و ئەشکەنجە دان و سوکایەتی کردن بە روناکبیران و ڕۆژنامە نووسان و ڕاگەیاندنکاران لە باکوری کوردستان.

کاربەدەستانی تورکیا، لە هەوڵێکی دواکەوتوانەی تردا، بە تاوانی پشتیوانی لە بزوتنەوەی ڕزگاریخوازانەی کوردستان، یازدە هەزار و پێنج سەد مامۆستایان لە سەر کار لابرد. لەکاتێکدا ناویان لە خۆیان ناوە"پارتی داد و گەشە پێدان" بەڵام لە کردەوەدا دایم خەریکی دروست کردنی دووبەرەکی و درێژەدان بە نادادپەروەری و گەرانەوە بۆ دواوەن.

لە گەڵ هەموو ئەوانەشدا، پارڵمانی تورکیا لە ١/١٠/٢٠١٦ بڕیاری دا بۆ ماوەی یەک ساڵی تر هێزەکانی سوپای تورکیا لە باشووری کوردستان و ووڵاتی سووریا بمێننەوە. لەکەس شاراوە نیە کە مانەوەی ئەو هێزە سنوور بەزێنەی سوپای تورکیا، تەنیا بۆ دژایەتی بزوتنەوەی ڕزگاریخوازانەی کوردستان و لە بار بردنی دەسکەوتەکانی خەڵکی کوردستانە.

دەسەڵاتدارانی تورکیا، هەر سەرکەوتن و دەسکەوتێکی خەڵکی کوردستان، بە خەتەر لەسەر خۆیان دەبینن. تەنانەت زۆر جارلە داخی گەشەکردن و پێشکەوتنی دۆزی ڕەوای خەڵکی کوردستان دەستەوپارچە دەبن. پەنا بۆ کردەوەی توندوتیژ یا دەست تێکەڵاو کردن لە گەڵ دامەزراوەی نامۆ بە سەردەمی ئێستا دەبەن، ئاسان پەیوەندی لە گەڵ ووڵاتان دەپچرن و دەنگیان لێ وەردەگرن، هەڕەشەی لە خۆیان گەورەتر دەکەن. لە پر سەد دەرەجە دەگۆرێن، تەنەزول دەکەن وپەیوەندی لە گەڵ ووڵاتان ئاسایی دەکەنەوە.  هەر ووڵاتێک بەڵێنیان پێبدا کە دژایەتی بەرژەوەندیەکانی خەڵکی کوردستان دەکا، لە دەستیان دێت هەموو ئیمتیازێکی پێبدەن. نمونەی بەرچاو چۆنیەتی هەڵسوکەوت کردن و دۆستایەتی لە گەڵ بزوتنەوەی فەتعولا گولەن و سوپای سووریای ئازاد و داعش،.... و دوای هەڵگەرانەوە لێیان. هەروەها پچراندنی پەیوەندی لە گەڵ ووڵاتانی عەربی، ئێران، ئیسرائیل، روسیا، ئاڵمان،...  دوای ماوەیەکی کەم ئاسایی کردنەوەی پەیوەندی لە گەڵیاندا. 

 هەموو ئەو پلان و سیاسەتە دوژمنکاریانەی لە ڕابردوو دا بە کردەوە لە دژی خەڵکی کوردستان بەرێوە چوون، دەرهاویشتەی بیر و هزری شوێنیستی زال بە سەر دەسەڵاتدارانی تورکیادان. کە بێگومان ئەو شێوە دژ وەستانەوەی خەڵکی کوردستان لە لایەن کار بەدەستانی تورکیا، تێچووێکی زۆریان هەڵگرتووە، کە خەڵکی بێتاوانی تورکیا باجەکەیان داوە. درێژە کێشانی ئەو  ڕەوتە، ووڵاتێکی گرنگی وەک تورکیایان لە گەل کۆمەڵێک قەیرانی ناوخۆیی و دەرەکی بەرەوروو کردوە.

  ئەو سیاسەت و هەڵوێستە دووژمنکاریانەی ئاماژەیان پێکرا، تەنیا بەشێکی کەم و ئاشکران لە سیاسەتی گشتی دەسەڵاتدارانی تورکیا بە دژی خەڵکی کوردستان، کە هیچ تاک و لایەنیکی کوردستانی ناتوانی نەکۆڵیان لێ بکات.  جێبەجێکردنی ئەو کار و کردەوە توندوتیژیانە  هەموویان ئەو ڕاستیە پشتڕاست دەکەنەوە کە دەسەڵاتدارانی تورکیا دژی خەڵکی کوردستانن و بۆ سەرکوتکردنی بزوتنەوە ڕزگاریخوازانەکەی پەنا بۆ هەر کارێک دەبەن، خۆ لە هیچ کردەوەیەکی چەواشەکاری و دیکتاتۆرانە نابوێرن.

ئێستا کە دەسەڵاتدارانی تورکیا، بە ئاشکرا شەر دەکەن لە پێناو بەشدار بوون لە شەر کردن لە گەڵ داعش لە موسل، بە شاراوەیی بە دوای کۆمەڵێک کاری تێکدەرانە و بەرژەوەندی شوێنیستی و ئیدۆلۆژیکی دا دەگەڕێن. ڕێک لە بارودۆخێکدا کە لە سەر ئاستی نێودەوڵەتی پارتی داد و گەشە پێدان بە لایەنێکی ڕاڕا ناسراون و هیچ لایەک لە پەیوەندی و دۆستایەتیان دڵنیا نین، بەڵام هەموو لایەک گرنگی ووڵاتی تورکیا دەزانن. بۆیە هەموو ئەوانەی خاوەنی بەرژەوەندین لەو ناوچەیە، تا بۆیان بکرێت نایانهەوێت دەست بەرداری تورکیا بن. ناچارن تا کاتی گونجاو یا لە سەر کار نەمانی کار بەدەستانی تورکیا، لە گەڵیان هەڵکەن. تا ئەو جێگا کە پەیوەندی بە خەڵکی کوردستان و بزوتنەوە ڕزگاریخوانەکەیەوە هەیە، نەک هەر پێویستە بە  قسە سنوور بەزاندنی سوپای تورکیا مەحکوم بکرێت ، بەڵکو ئەرکی سەر شانی هەموو کوردستانیانە کە بە کردەوە بەر پەرچی هەموو سیاسەت و پیلانی شوێنیستی وهەر کردەوەیەکی دیکتاتۆرانەیان بدەنەوە. پێویستە خەڵکی کوردستان بە گشتی بە تایبەت بزوتنەوە ڕزگاریخوازانەکەی پشت بە دەسەڵاتدارانی تورکیا نەبەستی و متمانە بە بەڵێن و دروشمەکانی بەرێوەبەرانی  دەسەڵاتی تورکیا نەکەن. لە باشترین حاڵەتدا ئەگەر پێویست بێت هەردیالۆگ و کار و بەرنامەیەک لە گەڵ دەسەڵاتدارانی تورکیا ببرێتە پێشەوە، پێویستە لایەنی سێهەمی خاوەن پێگە ئاگادار بێت، باسکردن لە سەر هەر پرۆسە و پڕۆژەیەک بە ئاشکرا بێت، جێبەجێکردنی بریارەکان وەک خۆیان، گرەنتی بکرێن.

دوای چەندین ساڵ خەبات و قوربانی دان، ئێستا خەڵکی کوردستان گەیشتۆتە قۆناغێک ئەگەر بتوانی هەلەکە بقۆزیتەوە، دەتوانی کۆمەڵێک کاری گرینگ و پێویست بکات. بارودۆخ لە بارە بۆ خەڵکی کوردستان، کە بریاری چارەنوسساز بدات و سەرکەوتنی گەورە  و دەسکەوتی پایەدار بە دەست بێنی، کە نەوەی داهاتوو شانازیان پێوە بکات. لە دەست دانی ئەو دەرفەتە ی کە ئێستا هاتۆتە پێش چەندین ساڵ چاوەروانی دەوێت تا هەلێکی تر بۆ خەڵکی کوردستان دەرەخسێ. بۆیە پێویستە هەموو لایەک گرنگی ئەم قۆناغە بزانن ، واز لە بەرژەوەندی کەسیەتی، حیزبی، ناوچەیی بێنن، بیر لە بەرژەوەندی گشتی بکەنەوە و بە ئەرکی نیشتمانپەروەری خۆیان هەستن. هەر هەنگاونانێک بە پێچەوانەی ئەو ئاڕاستەیە، ماڵ وێرانی بە دواوەیە و لە خەیانەتی نیشتمانی نزیکە. بەو هیوایە هەموان هەست بە بەرپرسیاریەتی خۆمان بکەین و سەربەرزانە ئەو قۆناغە تێپەرێنین.

سەربەست ئازاد 

١٥/١٠/٢٠١٦