لە ساڵیادی شەهیدانی ١٠ی خاکەلێوە و کۆماری کوردستان
ناوەندی ڕاگەیاندنی یەکسانی
2013-03-30
خەڵکی خۆڕاگر و ئازادیخوازی کوردستان
مێژووی خەڵکی کوردستان پڕە لە قوربانیدان و فیداکاریی ڕۆڵە گیانفیداکانی لەپێناو سەربەخۆیی و مافی ژیانێکی یەکسان وەک هەموو گەلانی ئازاد و سەربەست. ڕۆژی دهی خاکهلێوهی ساڵی 1326ی ههتاوی، (٣٠ی مارسی ١٩٤٧) یەکێکە لەم ڕۆژانە لە مێژووی خەڵکی کوردستاندا کە سێ کەس لە فیداکارترین ڕۆڵەکانی گەلەکەمان گیانیان لە پێناو ئامانجە بەرزەکانی کۆماری جوانەمەرگی کوردستاندا بەخت کرد. لەم ڕۆژەدا لە پایتەختی کۆماری کوردستان، پێشهوا قازی موحەممەد(سهرۆک کۆماری کوردستان)، حهمهحوسەینی سهیفی قازی (وهزیری بهرگریی کۆماری کوردستان) و سهدری قازی (نوێنهری کوردستان له مهجلیسی ئهوکاتی ئێران و نوێنەری کوردستان بۆ وتووێژ لە گەڵ حکوومەتی ناوەندیی ئێران)، دوای دادگاییەکی فەرمایشیی و داخراو، بە فەرمانی حەمەڕەزا شای پەهلەوی و بە جێبەجێکردنی ستادی ئەڕتەشی ئێران لە مهیدانی چوارچرای مههاباد، هەر ئەو شوێنەی کە پێشتر کۆماری کوردستانی لێ ڕاگەیێندرا، له سێداره دران.
بێجگە لە شەهیدانی دەی خاکەلێوە، ژمارەیەکیتر لەو کەسانەی کە لەسەروبەندی تێکچوونی کۆماری کوردستان بە دەستی هێزەکانی ڕژیمی شای ئێران لە سێدارە دران، بریتیی بوون لە:
ــ شەهید عەلی شێرزاد، یەکێک لە فەرماندەکانی هێزی پێشمەرگەی کۆماری کوردستان، کە لە ٢٥ی ڕێبەندانی ١٣٢٥ (١٥ی فێڤریەی ١٩٤٦) لە بۆکان لە سێدارە درا.
ــ موحەممەد فەیزوڵڵابەگی، حەسەنی فەیزوڵڵابەگی، ئەحمەدی فاڕووقی، عەبدوڵڵا مەتین، ڕەسووڵ مەحموودی، موحەممەد دانیشوەر، ، عەلی فاتح، سەدیق ئەسعەدی، عەلی جەوانمەردی، ئەمین ئەسعەدی و ئەحمەد شەجیعی، کە لە تێکۆشەرانی کۆماری کوردستان بوون و لە سەقز لە سێدارە دران.
ــ ڕەسووڵ نەغەدەیی، ئەحمەد نازمی، عەبدوڵڵا ڕۆشەنفکر و حامید مازووچی کە چەند ڕۆژێک دوای لە سێدارەدانی پێشەوا و هاوڕێیانی لە مەیدانی چوارچرای مەهاباد لە سێدارە دران.
ــ موستەفا خۆشناو، خەیروڵڵا عەبدولکەریم، عێززەت عەبدولعەزیز و موحەممەد قودسی چوار کەس لە ئەفسەرانی کۆماری کوردستان بوون کە دوای تێکچوونی کۆماری کوردستان لە لایەن ڕژیمی ئەوکاتی ئێڕاقەوە لە سێدارە دران.
جیا لەم تێکۆشەرانە کۆمەڵێک کەسی تریش لەم سەروبەندەدا شەهید کران کە جێی خۆیەتی بە لێکۆڵینەوەی مێژووناسان و دڵسۆزانی گەلەکەمان ناویان بهێندرێت و هەرگیز لە یاد نەکرێن. دیارە دوژمنانی ئازادی و سەربەخۆیی کوردستان لایان وابوو کە بە ڕووخاندنی کۆمار و لە سێدارەدانی پێشەوا و هاوسەنگەرانی، خەڵکی کوردستان چاوترسێن دەبن و واز لە ئاواتی سەربەخۆیی نیشتمانەکەیان دێنن، بەڵام دوای تێکچوونی کۆماری کوردستان، خەڵکی کوردستان هەرگیز وازیان لە ئامانجەکانی کۆمار و پێشەوای نەمر نەهێنا و خەباتی خەڵکی کوردستان بۆ ئەم ئامانجانە لە هەموو بەشەکانی کوردستان پەرەی سەند و بە خۆشییەوە ئێستا بێجگە لە بەدەستەوەگرتنی بەشێک لە خاکی کوردستان، ڕۆژ بە ڕۆژ گەلەکەمان ڕژدتر لە جاران بەرەو وەدیهێنانی ئامانجەکانی کۆماری کوردستان هەنگاو دەنێتەوە و ئەم خەبات و بەرخۆدانە تا سەربەخۆیی گەلەکەمان درێژەی دەبێت.
لە وەبیرهێنانەوەی ساڵڕۆژی لە سێدارەدانی پێشەوا قازی موحەممەد و هاوڕێیانی، سەری ڕیزمان لە بەرامبەر پێشەوا و هەموو شەهیدانی رێگەی سەربەخۆیی و یەکسانیی لە کوردستان دادەنوێنین و پەیمان نوێ دەکەینەوە کە تا وەدیهێنانی ئامانجەکانی کۆمار و پێشەوای نەمر، لە هەوڵ و تێکۆشان بەردەوام بین.
سڵاو لە گیانی پاکی شەهیدانی کوردستان!
بەرز و بەڕیز بێت یادی سەرۆک کۆماری نەمر پێشەوا قازی موحەممەد و هاوڕێیانی!
کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان
١٠ی خاکەلێوەی ٢٧١٣ی کوردی