نەورۆز و ساڵی نوێ لە هەموو خەڵکی کوردستان و سەرجەم ئەو گەلانەی نەورۆز پیرۆز دەکەن، پیرۆز بێت!
ناوەندی ڕاگەیاندنی کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان
19-3-2017
نەورۆز و ساڵی نوێ لە هەموو خەڵکی کوردستان و سەرجەم ئەو گەلانەی نەورۆز پیرۆز دەکەن، پیرۆز بێت!
نەورۆزتان پیرۆز خەڵکی شۆڕشگێڕ و ئازادییخواز و یەکسانییخوازی کوردستان! بە هیوای ئەوەی ساڵی ٢٧١٧ی کوردیی، ساڵی یەکگرتوویی خەڵکی کوردستان و ساڵێکی پڕدەسکەوت بێت بۆ کوردستانییان. بە هیوای ئەوەی کە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان حیزبە و ڕێکخراوە سیاسیی و شارستانییەکان دەست لە ناو دەستی یەکتر بەرەوڕووی کۆماری سێدارەی ئیسلامیی ببنەوە. بە هیوای ئەوەی کە لایەنە سیاسییەکانی باشووری کوردستان بەسەر قەیران و ناکۆکییەکاندا زاڵ بن و بە یەکگرتووییەوە بەرەو سەربەخۆیی باشووری کوردستان هەنگاو بنێین. بە هیوای ئەوەی کە خەباتی خەڵکی باکووری کوردستان بەسەر دەوڵەتی دیکتاتۆری تورکدا سەر کەوێ و کوردان بە ئیرادەی پۆڵایینان و بە یەکگرتووییەوە بەرەوڕووی ئەردۆغان و دەوڵەتە فاشیستەکەی ببنەوە و تامی شکستێکی گەورەی پێ بچێژن. بە هیوای ئەوەی کە لایەنە سیاسییەکانی ڕۆژئاوای کوردستان هەم لە تاکڕەویی و خۆسەپاندن و هەم لە پەنابردنە بەر ناحەزانی کوردستان بۆ بنکۆڵکردنی هەڤدوو خۆ بپارێزن و پێکەوە چارەسەریی هاوبەش بۆ ئەم بەشەی کوردستان بدۆزنەوە و پەرە بە دەسکەوتەکانیان بدەن.
هەروەها هیواخوازیین کە خەڵکی کوردستان بە هەموو چیین و توێژەکانەوە تێگەیشتنیکی قووڵتریان هەبێت بۆ بووارەکانی مافی یەکسانیی ژن و پیاو، مافی مناڵان و مێرمنداڵان، مافی بەساڵاچووان و خەڵکی خاوەنپێداویستیی تایبەت، مافی ژیانێکی یەکسان بۆ کرێکاران و زەحمەتکێشان، ژینگەپارێزیی و مافی ژیانێکی دوور لە ترس و تۆقاندن بۆ ئاژەڵان و باڵندەکان و سەرجەم زیندەوەرەکان، پەرەپێدانی هزری زانستیی، گەشەی سێکۆلاریزم و پاشەکشە بە ئیسلامی سیاسیی و خەڵک و لایەنە شارستانیی و سیاسییەکانی کوردستان لە هەموو ئەم بووارەوە بەرەو پێش هەنگاو بنێن.
نەورۆز و ساڵی نوێ لە هەموو خەڵکی کوردستان، بەتایبەت لە بنەماڵەی سەربەرزی نەمرانی ڕێگەی ڕزگاریی و یەکسانیی کوردستان پیرۆز بێت!
ناوەندی ڕاگەیاندنی کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان
نەورۆزی ٢٠١٧