شەنگال هێمای ووڵاتێکی داگیرکراو و نەتەوەیەکی بندەست!

کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان
13-4-2017

 

ئەگەر شەنگال  لە ناو ووڵاتێکی سەربەخۆ هەڵبکەوتبایە و ئەو خەڵکەی تێدا دەژین خودان نەتەوەیەکی یەکگرتوو و خاوەن کیان بوونایە، لە ڕابردوودا ئەو هەموو نەهامەتیانەیان  بە سەر نەدەهاتن. بە هەمانشێوە  لە ساڵی ٢٧١٤ی کوردی ٢٠١٤ی زاینی  لە سەر دەستی دەوڵەتی ئیسلامی عێراق و شام (داعش) رووبەرووی ئەو پەلامارە درندیە نەدەبۆونەوە کە بوو بە هۆی خولقانی گەورەترین کارەساتی وێژدان هەژێن . بە بەر چاوی هەموو دنیاوە لە لایەن داعشەوە زوڵمێکی زۆر لە خەڵکی ئەو شارە کوردە کرا، کە لە مێژوویی هاوچەرخدا کەم وێنەیە. داعش لە پەلامارێکی توندڕەوانەدا شاری شەنگال و گوندەکانی دەوروبەری داگیرکردن و بە  هەزاران کەس لە پیر و گەنج و منداڵ و ژن و پیاوی ئەو شارە کوژران و برینداربوون. بە هەزاران لە کچان و ژنانی کوردی یەزیدی لاقە کران و سوکایەتیان پێکرا و فرۆشران و بە کۆیلە کران. بەشێکیتر لە خەڵکی شەنگال ئاوارە بوون و خێزانەکان لە یەک دابڕان و سەروەت و سامانیان بە تاڵان برا،... شارێک بە هەموو جوانیەکانیەوە وێران کرا.

لە ڕێکەوتی ١٣/١١/٢٠١٥ی زاینی بە بەشداری هێزی پێشمەرگەی باشووری کوردستان و پەیەدە و پەکەکە و خەڵکی ناوچەکە و بە هاوکاری هاوپەیمانان شەنگال لە ژێر دەستی داعش ڕزگار کرا. کە ئەو وەرچەرخانە بوو بە هۆی دڵخۆشی هەموو کوردستانیان. بەڵام بە داخەوە لە ماوەیەکی کەمدا بارودۆخەکە بە شێوەیەکی نەرێنی گۆڕا. بە جێگای نۆژەنکردنەوە و ئاوەدان کردنەوەی شەنگال، هەوڵدان بۆ گەراندنەوەی یەکە ئیداریەکان و ئاوارەکان، دابین کردنی خزمەتگوزاریەکان، ڕەخساندنی هەلی کار بۆ خەڵکی ناوچەکە و ساڕێژ کردنی زامە بە ئازارەکانی خەڵکی شەنگال بە گشتی، ناکۆکی نێوان لایەنە سیاسیەکانی ناوچەکە و هەوڵی سەپاندنی دەسەڵاتی تاک حیزبی، پڕۆسەی ئاسایی بوونەوەی ژیانی خەڵکی شەنگالی دوا خست. ئەوەش وای کرد کە هەلومەرجێکی نا جێگیر باڵ بە سەر هەموو لایەنەکانی ژیانی خەڵکی ناوچەکە دابکێشی و ئازارێکیتریش بکەویتە سەر ئازارە بە سۆکانی پێشووی خەڵکی شەنگال.

دوای ئەوەی بەشێک لە گەریلاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان کە لە ڕزگار کردنی شەنگال ڕۆڵی بەرچاویان هەبوو لەو شارە جێگیر بوون، کێشەی نێوان پارتی دێموکڕاتی کوردستان و پارتی کرێکارانی کوردستان زیاتر تەشەنەی سەند. تەنانەت هەرەشە لە یەکتر کردن و جارێکیش  پێکدادانی چەکداری لێ کەوتەوە. هەر چەند کاتی ئەوەیە بەرێوەبەرانی باشووری کوردستان لە ئێستادا کاتی خۆیان بۆ جێبەجێ کردنی کار و چالاکی پێویست و چارەسەر کردنی کۆمەڵێک کەم و کۆڕی و کێشەی ناوخۆی باشووری کوردستان بە ئاوەدان کردنەوەی شەنگالیشەوە تەرخان بکەن، نەک هاتن و ڕۆیشتنی پەکەکە لە شەنگال. لە ڕاستیدا جێگیر بوونی هێزەکانی پارتی کرێکارانی کوردستان لە شەنگال و هەر شوێنێکیتری کوردستان، لە ڕوانگەی بیری کوردستانی و لە بواری ستراتیژی و بڕوا بوون بە بەرژەوەندی نیشتمانی زیان بە خەڵکی کوردستان ناگەیەنی، بەڵکو ئەگەر بەرپرسانە هەڵسوکەوت بکەن کەڵکی باشی بۆ ئێستا و داهاتووی خەڵکی کوردستان دەبێت. بێگومان ئەوە بۆ هەر لایەنێکی کوردستانی کە بە کردەوە لە بەرامبەر خەڵکی کوردستان خۆی بە بەرپرس بزانی  ڕاستیەکی حاشا هەڵنەگرە. بەڵام هەر ڕۆژێک مانەوەی داگیرکەران لە کوردستان زیانێکی گەورە بە هەموو خەڵکی کوردستان دەگەیەنی، لە کاتێکدا چەند ساڵە هێزێکی سەربازی زۆری تورکیا لە چەند شوێنی باشووری کوردستان جێگیر بوون، لە لایەن بەرێوەبەرانی باشووری کوردستانیشەوە وەک پێویست هەوڵ بۆ دەرچوونی ئەو هێزە لەو شوێنانە نەدراوە. بەڵام ئەوەی کە ئێستا کراوەتە کێشە، دەسەڵاتدارانی تورکیا جێگیربوونی گەریلاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان لە شەنگال وەک خەتەرێک لە سەر خۆیان دەبینن، بۆیە پەستان دەخەنە سەر بەرێوەبەرایەتی باشووری کوردستان تا گەریلاکانی پەکەکە لەو ناوچانە دوور بخەنەوە. جا ئەگەر لەو پەیوەندیەدا شەڕ لە نێوان هێزە کوردیەکان دروست بێت، تەنیا لایەنی سەرکەوتوو دەسەڵاتدارانی تورکیان، لایەنە کوردیەکانیش لە دۆڕان و پەشیمانی زیاتر هیچیان پێنابڕێ. لەو شەڕەدا ئەوەی بە پلەی یەکەم زیانی بەر دەکەوێت خەڵکی کوردستانن بە گشتی . لە ئێستادا کە ئاوەدانکردنەوەی شەنگال و هەڵگرتنی سنوور لە نێوان باشوور و ڕۆژئاوای کوردستان، داڕشتنی بناغەی یەکیەتی نەتەوەیی، هەوڵدان بۆ پاراستنی دەسکەوتەکان لە باشوور و ڕۆژئاوای کوردستان، جێبەجێ کردنی چەند ئەرکێکی گرنگ و نیشتمانی واجبی سەر شانی هەموو کوردستانیانە، تاوانە ئەگەر وزەی پێشمەرگە و گەریلا و کەرەسەی بەر دەستیان لەو شەڕە ناوخۆییە بە کار بهێندرێت.

هەل و مەرجەکە وا دەخوازیت بوار بە خەڵکی شەنگال و دەوربەری بدرێت بۆ خۆیان چارەنووسی خۆیان دیاری بکەن و بۆ خۆپاراستن لە هەر خەتەرێک ڕۆڵیان هەبێت. پێویستە پارتی کرێکارانی کوردستان هەر چەند ئەندام و لایەنگری لەو ناوچەیە زۆر بن و خەڵک پشتیوانیی لێ بکات، لەو قۆناغە هەستیارەدا زیاتر هەست بە بەرپرسیاریی بکات و یەک لایەنە بڕیار لە سەر خالە جەوهەریەکان نەدات، بەڵکو پێویستە هەوڵ بدرێت بە هاوکاریی هەمە لایەنە رێ لە سەرکەوتنی سیاسەتی شۆڤێنیستیی دەسەڵاتدارانی تورکیا بگیریت. نابێ بوار بە دەست تێوەردانەکانی کاربەدەستانی تورکیا لە کار و باری ناوچەکە بدرێت.

پێویستە  هەر دوو لایەنی پارتی کرێکارانی کوردستان و بەرێوەبەرانی باشووری کوردستان دان بە خۆ داگر و پشوو درێژبن، لە سەربنەمای بەرژەوەندی نیشتمانی هەڵوێست بگرن، ناکۆکی نێوانیان گەورەتر نەکەن، هەوڵبدەن بە دیالۆگ و لە یەکتر تێگەیشتن بە پێی بەرژەوەندی خەڵکی کوردستان کێشەکە چارەسەر بکەن. بە لێزانیی لە مەیدانی کردەوەدا پیلانی داگیرکەرانی کوردستان پووچەڵ بکەنەوە. پێویستە بەرێوەبەرانی باشووری کوردستان هەموو هێلکەکان نەخەنە سەبەتەی بن دەستی دەسەڵاتدارانی تورکیا تا هەر کات بە دڵی دەسەڵاتدارانی تورکیا نەجۆڵانەوە کاربەدەستانی تورکیا بە دڵخوازی خۆیان ڕۆڵی سوڵتان بگێرن و سەبەتەکە  وەک کارتی فشار لە دژی باشووری کوردستان بەکار بێنن و کێشە و قەیران بۆ خەڵکی باشووری کوردستان دروست بکەن. لە وەها بارودۆخیکدا ئەگەری گەڕانەوە بۆ دواوە زیاترە تا شانسی سەرکەوتن لە هەر بوارێکدا.

کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان

خاکەلێوەری ٢٧١٧