پەیامی سەرەخۆشیی کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان بە بۆنەی کۆچی دوای بەڕێز" نەوشێراون مستەفا "
کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان
20-5-2017
زۆر بەداخەوە لە ڕێکەوتی ١٩/٠٥/٢٠١٧ کەسایەتیی سیاسیی و ناوداری کورد و ڕێکخەری گشتیی بزووتنەوەی گۆڕان بەڕێز نەوشیروان مستەفا دوای ماوەیەک نەخۆشیی، لە شاری سڵێمانی کۆچی دوایی کرد. بەم بۆنەوە وەڤدێکی کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان بە سەرپەرشتیی هاوڕێ خالید ئیبڕاهیمیان لە ڕێکەوتی ٢٠/٠٥/٢٠١٧ لە ڕێوڕەسمی بەخاکسپاردنی نەمر کاک نەوشیروان مستەفا لە گردی زەرگەتەی شاری سلێمانی ئامادە بوون و پەیامی پرسەو سەرەخۆشیی کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستانیان بە سەرپەرشتیاری ڕێوڕەسمەکە گەیاند.
لە خوارەوەی پووختەی پەیامەکەی یەکسانیی هاتووە:
پەیامی سەرەخۆشیی کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان بە بۆنەی کۆچی دوای بەڕێز" نەوشێراون مستەفا "
بەرێزان!
ــ بنەماڵەی بەڕێزی نەمر نەوشیروان مستەفا
ــ جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕان
وێڕای ڕێز و سڵاو!
بە بۆنەی کۆچی دوایی بەڕێز " نەوشیروان مستەفا" کەسایەتی سیاسی و یەکێک لە سەرکردە دیارەکانی کوردستان و ڕێکخەری گشتیی بزووتنەوەی گۆڕان، سەرەخۆشیی لە ئەندامانی بەرێوەبەریی و سەرجەم کادر و ئەندامانی بزووتنەوەی گۆڕان، لە بنەماڵە و کەس و کاری کوچکردوو و لە هەموو خەڵکی کوردستان دەکەین و خۆمان بە هاوبەشی خەمی هەموو لایەک دەزانیین.
بێگومان بە کۆچی دوایی ئەو سەرکردە دیار و بە ئەزموونەی ووڵاتەکەمان، خەسارەتێکی گەورە لە خەڵکی کوردستان کەوت. سەرکردەیەک کە لە پێناو چارەسەرکردنی کێشەی ڕەوای خەڵکی کوردستاندا، زیاتر لە نیو سەدە بەردەوام لە مەیدانی خەباتدا بوو. ئەو بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانی چالاکانە و بە چەندیین شێوە تێ دەکۆشا. ئێمە وێڕای بەپەرۆشییمان بۆ لەدەستدانی ئەو ڕؤڵە تێکۆشەرەی ووڵاتەکەمان، هیوادارین هاوڕێیانی نەمر" نەوشیروان مستەفا " وەک درێژە پیدەری رێبازەکەی ئەو، لە بەجێگەیاندنی ئەرکە شۆڕشگێرییەکانی سەر شانیاندا سەرکەوتوو بن . هیوادارین خەڵکی ووڵاتەکەمان و لایەنە سیاسیەکانی کوردستان بە هەوڵدان بۆ پێکهێنانی یەکێتی نەتەوەیی، بۆشایی لەدەستدانی سەرکردە لێهاتووەکانی کوردستان پڕ بکەینەوە.
سەربەرزیی بۆ نەمران و گیانبەختکردووانی ڕێگەی ڕزگاریی کوردستان!
کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان
٢٠/٥/٢٠١٧