هاوڕێی جوانەمەرگ مادێح شاسواری!

ناوەندی ڕاگەیاندنی یەکسانی
03-05-2013

 

ڕۆژی هەینی ٠٢/١٣/ ٢٧١٣ کوردی، (٠٣/٠٥/٢٠١٣)، شاندێکی کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان بەشدارییان کرد لە ڕێوڕەسمی بەخاکسپاردنی هاوڕێی جوانەمەرگ کاکە مادێح شاسواری کە لە شاری ئۆسلۆی پایتەختی نۆروێژ بەخاک سپێردرا. هاوڕێ مادێح برای شەهید مەستوورە شاسواری ناسراو بە هاوڕێ" تەوار" بوو کە بەداخەوە چەند ڕۆژێک لەمەوبەر تووشی نەخۆشییەکی لەناکاو بوو و پاش ئەوەی هاتەوە هۆش خۆی و زانییان کە نەخۆشییەکەی چارەسەر ناکرێت، لەسەر داوای خۆی چەندین ئەندامی لەشی بە کەسانیتر بەخشی و پاشان ماڵئاوایی لە کەسوکار و هاوڕێیانی کرد.

دوای بەخاکسپاردنی کاکە مادێح لە گۆڕستانی" ستێینسکۆیێن گراڤلووند"ی شاری ئۆسلۆ، ڕیوڕەسمێکی بەشکۆی یادکردنەوە بە بەشداریی خەڵکێکی زۆر و کۆمەڵێک لە لایەنە سیاسیی و کۆمەڵایەتییەکان بەڕێوەچوو کە لەم ڕێوڕەسمەدا پەیامی سەرەخۆشیی کۆمەڵەی یەکسانی کوردستان خوێندرایەوە.

شایانی باسە کە هاوڕێ مادێح شاسواری لە ساڵانی ١٩٨٧ و ١٩٨٨ دا، لە مەقەڕەکانی شێنێ و سوورەدێ لە بناری قەندیل، یەکێک لە پێشمەرگە چالاک و دڵسۆزەکانی کۆمەڵەی یەکسانی بوو و پاشان بەهۆی ئەم هەلومەرجە نالەبارەی لەم ساڵانەدا بۆ پێشمەرگە و چالاکانی سیاسی لە باشووری کوردستان هاتبۆ ئاراوە، هاوڕێ مادێح چۆ دەرەوەی کوردستان و تا کاتی کۆچی نابەوەختی لە وڵاتی نۆروێژ نیشتەجێ بوو.

پەیامی کۆمەڵەی یەکسانی لە ڕێوڕەسمی یادکردنەوەی هاوڕێ مادێح بەمشێوەیە بوو:

"بەڕێزانی ئازیز:

مامۆستا سیامەند شاسواری!

بنەماڵەی تێکۆشەر و کەسوکار و ئازیزانی کاکە مادێح شاسواری!

بەداخ و کەسەرێکی زۆرەوە هەواڵی کۆچی نابەوەختی کاک مادێح شاسواری،مان پێ گەیشت. ئەم هەواڵە ٣٣ ساڵ دوای شەهیدکرانی هاوڕێ "تەوار"ی نەمر، جارێکیتر خەم و ئازارەکانی ئەم بنەماڵە تێکۆشەرەی لامان زیندوو کردەوە. هەر بەم بۆنە دڵتەزێنەوە وەک کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان وێڕای بەداخبوون و پەژارەمان، خۆمان بە هاوبەشی خەم و ئازارەکانتان دەزانین و سەرەخۆشیی خۆمان ئاراستەی ئێوەی ئازیز و هەموو کەسوکار و دۆستانی نەمر کاکە مادێح دەکەین و هیوای سەرساخی و سێبووریتان بۆ دەخوازین.

خۆتان سڵامەت بن و ڕووحی کاکە مادێح شاد!

کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان"

١٠/٠٢/٢٧١٣