هەڵوێستی کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان لە بابەت گشتپرسیی باشووری کوردستان

کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان
25-11-2022

 

هەڵوێستی کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان لە بابەت گشتپرسیی باشووری کوردستان

لە ڕێکەوتی ٠٧/٦٠/٢٠١٧ لە کۆبوونەوەی لایەنە سیاسییەکانی باشووری کوردستان (بێجگە لە بزووتنەوەی گۆڕان و کۆمەڵی ئیسلامی) بڕیار درا کە لە ڕێکەوتی ٢٥ی سێپتامبری ٢٠١٧ دا گشتپرسییەک (ڕێفراندۆم) بۆ دیارییکردنی داهاتووی باشووری کوردستان بەڕێوە بچێت. لێرەدا هەڵوێستی کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان لەم بابەتەوە بە کورتی لەم چەند خاڵەی خوارەوەدا دەخەینە ڕوو:

1.   کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان بە درێژایی مێژووی خۆی باوەڕی بە سەربەخۆیی کوردستان بووە و بۆ ئەم ئامانجە تێ کۆشاوە و لەم پێناوەشدا قوربانیی گەورەی داوە کە گیانبەخشیینی ڕێبەران و چەندیین پێشمەرگەی فیداکاری کۆمەڵەی یەکسانیی لەم پێناوەدا بەڵگەیەکی حاشاهەڵنەگرە. بۆیە کار بۆ سەربەخۆیی کوردستان و هەوڵی ڕزگاری لە ژێر دەستی داگیرکەران، باوەڕ و ئامانجی ئێمە بووە و لە هەر بەشێکی کوردستان بێت، پشتگیریی دەکەین.

2.   پرسی گشتپرسیی لە هەر بەشێکی کوردستان، پرسیکی نیشتمانیی و نەتەوەییە و نابێت بە حیزبیی و بە تاکەکەسیی بکرێت. بۆ ئەم بڕیارە گرینگە پێویستە هەلومەرجی بەشداریی هەموو لایەنە سیاسیی و ناوەند و کۆمەڵە شارستانییەکان و بەگشتی هەموو پێکهاتە و چیین و توێژەکانی کوردستان بڕەخسێندرێت تا هامووان شان وەبەر ئەم بەرپرسیارەتییە گەورەیە بدەن و بە سەرەنجامی بگەیەنن.

3.   پێویستە گشتپرسی لە هەموو باشووری کوردستان بەو ناوچانەشەوە کە پێشتر بە ناوچەی کێشەلەسەری دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی باشووری کوردستان ناسێندابوون، بەڕیوە بچێت نەوەک تەنیا لە سێ پارێزگای هەولێر و دهۆک و سلێمانی.

4.   پێچەوانەی ئەوەی کە بەشێک لە بەرپرسانی باشوور ڕایان گەیاندووە کە گشتپرسیی بۆ ڕاگەیاندنی سەربەخۆیی نابێت، پێویستە گشتپرسیی باشووری کوردستان تەنیا بۆ ئامانجی سەربەخۆیی لەم بەشەی کوردستان بێت نە بۆ هیچ مەبەستێکی تر و دوای ڕوونبوونەوەی ئاکامی گشتپرسییش، سەربەخۆیی باشووری کوردستان ڕا بگەیەندرێت.

5.   هەر وەک پێشترییش پێمان وابوو داخستن و پەکخستنی پارلمانی باشووری کوردستان کارێکی نایاسایی و ناڕەوا بوو، وەگەڕخستەوە  و کاراکردنەوەی بۆ هەڵسەنگاندن و بڕیاردان لەسەر ئەم پرسە و دەربازبوون لەم بارودۆخە نالەبارە ئابووریی و سیاسییەی باشووری کوردستان بە پێویست و لە بەرژەوەندیی سەرخستن و بەئامانجگەیاندنی ئەم گشتپرسییە دەزانیین.

6.   پێویستە پارلمانی کوردستان بە فەرمی داوای هاوکاریی و پشتیوانیی لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتوەکان و هەموو ناوندە نێونەتەوەییەکان بکات بۆ بەڕێوە بردنی پڕۆسەی ڕیفڕاندۆم لە باشووری کوردستان و پەسندکردنی  ئاکامی گشتپرسی. هاوکات سەرەڕای ناڕەزایەتیی و دژایەتیی دەوڵەتی ئێڕاق و وڵاتانی دراوسێ پێویستە لە ڕێی دیپلۆماسییشەوە لەگەڵ هەموویان هەوڵ بدریت دان بە گشتپرسییەکە دا بنێن و بۆیان روون بکرێتەوە کە سەربەخۆبوونی باشووری کوردستان لە دژی هیچ وڵات و نەتەوەیەکی تر نییە.

لە کۆتاییدا داواکاریین کە لایەنە سیاسییەکانی باشووری کوردستان ناکۆکییەکانیان لە پێناو سەربەخۆیی و دامەزراندنی کۆماری دێموکراتیکی کوردستان کە دادپەروەریی و یەکسانیی تێدا جێبەجێ بکرێت، وەلا بنێن وهەست بەم مەترسییانەش بکەن کە بەتایبەت لە لایەن داگیرکەران و ناحەزانی خەڵکی کوردستان بەرەوڕووی باشووری کوردستان بەگشتیی و بەرەوڕووی خۆیان و خەڵکی هەژار و کەمداهات بەتایبەتیی دەبنەوە. پێویستە بە هەموومان نەهێڵیین باشووری کوردستان بەرەو قەیرانی گەورەتر بڕوات و ئەم هەلانەش کە بۆ ڕزگاریی ئەم بەشەی کوردستان ڕەخساون، لەکیس بچن.

بەڵێ بۆ یەکگرتوویی و هاودەنگی!

بەڵێ بۆ سەروەریی یاسا و پارلمانێکی چالاک و دەستڕۆیشتوو!

بەڵێ بۆ سەربەخۆیی کوردستان!

کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان 

٢٧١٧/٠٤/٠٤ ی کوردی (٢٠١٧/٠٦/ ٢٥)