شاری ڕەقە پێگەی سەرەکیی داعش لە لایەن شەڕڤانانی کوردەوە ڕزگار کرا!

کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان
19-10-2017

 

شاری ڕەقە پێگەی سەرەکیی داعش لە لایەن شەڕڤانانی کوردەوە ڕزگار کرا!

 

 بە هەوڵ و هێمەتی هێزەکانی سوریای دێموکرات و بە هاوکاریی هاوپەیمانان شاری ڕەقە پایتەختی داعش لە سوریا لە ژێر دەسەڵاتی ئەو هێزە توندڕەوە ترۆریستیە ڕزگار کرا. لەو سەرکەوتنەدا کچان و کوڕانی کورد لە ڕۆژئاوای کوردستان ڕۆڵی سەرەکیان گێڕا و سەروەریەکی تریان لە مێژووی خەڵکی کوردستاندا تۆمار کرد. ئێمە وێڕای دانواندنی سەری ڕێز و نەوازش لە بەرامبەر گیانبەختکردوانی ڕێگای ڕزگاری و ئازادی، ڕۆڵی شەڕڤانان لە چالاکییە یەک لە دوای یەکەکان و لە پڕۆسەی ڕزگارکردنی هەرێمەکانی ڕۆژئاوای کوردستان و شاری ڕەقەدا بەرز دەنرخێنین و دەست خۆشیان لی دەکەین و بەم بۆنەوە پیرۆزباییان لێ دەکەین.

 

ئەو سەرکەوتن و دەسکەوتانە کە ئاواتی چەندین ساڵەی کۆمەڵانی خەڵکی ماف پێشێلکراوی ڕۆژئاوای کوردستان و خەڵکی چەوساوەی سوریان، دوای هەوڵدان و ماندوو بوونیکی زۆر و بە ڕژانی خوێنی چەندین ڕۆلەی ئازادیخواز بە دەست هاتوون. بێگومان یەکە بە یەکەی دەستکەوتەکان گرنگن و شایانی ئەوەن کە خەڵکی کوردستان شانازیان پێوە بکات و هەوڵ بدات بە هاوکاری هەموو چەوساوەکان و بە پێکهێنانی یەکێتی لە ناو گشت ڕێبوارانی ڕێگای ڕزگاری و ئازادی بپارێزێ و گەشەیان پێ بدات. بەو هیوایە وەک چۆن تا ئێستا کوڕ و کچە شەڕڤانەکانی ڕۆژئاوای کوردستان نمونەی ئازایەتی و خۆ ڕاگری و سەرقافڵەی لشکری هەرەسهێنان بە ترۆریستان بوون، ئاواش لە پاڕاستنی دەسکەوتەکان و لە سەقامگیر کردنی دەسەڵاتی خۆجێی و ئازادی و ئاشتی و ئاسایش و دێموکڕاسی و سەروەری یاسا و دادپەروەری کۆمەڵایەتی و بنیاتنانی ژینگەیەکی پاک لە ناوچە ڕزگار کراوەکاندا سەرکەوتوو بن، وەک دەسەڵاتێکی سیکۆلار و پایەدار و بەرێوەبەرایەتیەکی دێموکراتیک لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ڕەچە شکێن بن و لە ناوخۆ و دنیای دەرەوەدا ببنە جێگای متمانەی هەموو لایەک بە گشتی.

 

دوای دروست بوونی کۆدەنگیەکی گشتی هەرێمی و نێودەوڵەتیی لە دژی داعش ، توانرا بە هەوڵی بێوچانی شەڕڤانان و بە هاوکاری هاوپەیمانان زۆربەی ناوچە داگیرکراوەکانی ڕۆژئاوای کوردستان ڕزگار بکرێن و کۆتایی بە دەسەڵاتی ڕەشی ئەو هیزە توندڕەوە بە ناوی داعش لە زۆربەی ناوچەکانی ڕۆژئاوای کوردستان و چەند شوێنی دیکەی باکوری سووریا بهێندرێت. بەڵام ئەو سەرکەوتنە بە واتای ئەوە نیە کە داعش بە تەواوی لە ناو چووە، بەڵکو ئەوانەی کە لە ڕابردوودا داعشیان پێکهێناوە زۆریان لە ژیاندا ماون، ئێستا کە بە هۆی کردەوە قێزەونەکانیانەوە کەوتونەتە بەر نەفرەتی گشتی، لە داهاتوودا دەتوانن بە هێندێک گۆڕانکاری ڕواڵەتی بە هەمان ناوەرۆکی پێشوو بە ناوێکیترەوە سەر هەڵبدەنەوە و دیسان ببنەوە هەڕشە بۆ سەر خەڵکی کوردستان. چوون  ژینگەی دەوروبەری کوردستان لە باری کۆمەڵایەتی و ئیدیۆلۆژیکیی وجوغڕافیایی شوێنێکی لەبارە بۆ سەرهەڵدانی ڕێکخراوی لە چەشنی داعش و حەشدی شەعبی، ئەوەی کە گرنگە پێویستە خەڵکی کوردستان دەرس لە ڕابردووی خۆی وەرگرێت، هەر کات یەکگرتوو بووە توانیویەتی سەرکەوتن بە دەست بێنی و دەسکەوتی هەبێت. هەر کاتێکیش لایەنە سیاسیەکان و هەرێمەکانی کوردستان بە یەکەوە ناکۆک و پەرتەوازە بووبن و دژایەتی یەکتریان کردبێت، نەیارەکان ئاسان توانیویانە بە سەر خاک وخەڵکی کوردستاندا زاڵ بن. بۆیە پێویستە لە سەر ئاستی کوردستان بە گشتی، بە کردەوە واز لە بەرژەوەندی هەرێمی و کەسی و حیزبایەتی ببهێندریت و بیر لە بەرژەوەندی گشتی و ستراتیژی نیشتمانی بکریتەوە. پێویستە بە هەموو لایەک دەسکەوتەکانمان لە باشوور و ڕۆژئاوا و هەر شوێنێکی دیکەی کوردستان  بپارێزین و گەشەیان پێ بدین.

 

کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان

 

١٨/١٠/٢٠١٧