باشووری کوردستان دوای ٢٦ساڵ لە ڕزگار بوون و دەسەڵاتی خۆجێیی، دیسان کەوتەوە بەر پەڵاماری داگیرکەران
کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان
14-11-2017
باشووری کوردستان دوای ٢٦ساڵ لە ڕزگار بوون و دەسەڵاتی خۆجێیی، دیسان کەوتەوە بەر پەڵاماری داگیرکەران.
باشووری کوردستان دوای ٢٦ ساڵ لە ڕزگار بوون و دەسەڵاتی خۆجێیی، لە دەرئەنجامی هەڵە و کەم و کۆڕیی کاربەدەستانی ناوخۆ و بە دامەزراوەیی نەکردنی دەزگاکانی بەڕێوەبەریی، کەوتە نێوان بەرداشی بەرژەوەندیی دوو زلهێزەکەی دنیا، لەوە بە دواوە بوار بۆ داگیرکەرانی کوردستان ڕەخسا کە بە گەلەکۆمێ بە ڕق و کینەوە پەلاماری باشووری کوردستان بدەن و بەشێکی گرنگ لە خاکی کوردستان داگیر بکەنەوە و زیانێکی زۆر بە خەڵکەکەی بگەیەنن.
ڕاپەرینی خەڵکی باشووری کوردستان لە ساڵی ١٩٩١ی زاینی کە هەموو باشووری کوردستانی لە ژێر دەسەڵاتی حکومەتی بەعسی عێڕاق ڕزگار کرد، بەڵام دیسان حکومەتی عێڕاق پەلاماری خەڵکی کوردستان دایەوە کە بوو بە هۆی کۆڕەو لە باشووری کوردستان. ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتیی بۆ پاراستنی دانیشتوانی باشووری کوردستان هێڵی ٣٦یان دیاری کرد. دوای ڕوخانی حکومەتی بەعسی عێڕاق لە ساڵی ٢٠٠٣ هەلێکی باش بۆ خەڵکی باشووری کوردستان ڕەخسا کە داوای سەربەخۆیی بکەن. بەڵام بە پێچەوانەوە لایەنە سیاسییەکانی باشووری کوردستان ڕۆڵێکی گرنگیان گێڕا لە پێکهێنانەوەی حکومەتی عڕاق و سەرلەنوێ ڕێكخستنەوەی سوپای لە بەرێک هەڵوەشاوی عێڕاقی ئەو کات و نوسینەوەی دەستووری نوێی عێڕاق. دوای وتوێژێکی زۆر لە نێوان لایەنە سیاسیەکانی کوردستان و بەرێوەبەرانی تازە بە دەسەڵات گەیشتوی عێراق لە سەر کوردستانییبوونی بەشێک لە خاکی کوردستان بە تەواوی رێک نەکەوتن، بۆیە مادەی ١٤٠یان لە دەستووردا گونجاند کە لە داهاتوودا بە پێی ئەو مادەیە کێشەی ناوچە ناکۆکی لە سەرەکان چارەسەربکرێن. ماوەیەکی زۆر کێشەی ئەو ناوچانە بە هەڵپەسێردراوی مایەوە، تا ساڵی ٢٠١٤ ی زاینی کە داعش هات و لە ماوەیەکی کەمدا سوپای عێڕاقی لە زۆربەی ناوچە ناکۆکی لە سەرەکان ڕاوناو و دەستی بەسەر داگرتن. لەکۆتایدا هێزی پێشمەرگەی کوردستان بە بێ وەرگرتنی هیچ گرەنتییەک بۆ مانەوەی لەو ناوچانە لە دوای ڕزگار کردنیان لە دەستی داعش، لە ڕووی سۆزداریی نەتەوەیی و لە سەر بنەمای خرۆشاندنی هەستی خەڵک بە بێ هەبوونی بەرنامەیەکی تۆکمە لە پێناو ستراتیژییەکی ڕووندا کە لە دوا ڕۆژدا خزمەت بە خەڵکی کوردستان بکات، بە هاوکاریی هاوپەیمانان بەرەنگاری داعش بۆوە و هەموو ناوچە کوردستانییە داگیرکراوەکانی ڕزگار کردنەوە. ئەو شەڕە زۆر بە گران لە سەر خەڵکی کوردستان وەستا، بە گشتی ١٦٠٠ پێشمەرگە گیانیان لەدەست دا و نزیک بە ٢٠٠٠٠ کەسی دیکەش بریندار و کەم ئەندام بوون و زیانێکی زۆری گیانی و مادی بەر هاووولاتیانی سڤیلی کوردستان کەوت. دوای ئەوەی ئەو ناوچانە بە هەوڵی بێووچانی هێزی پێشمەرگەی کوردستان لە ژێر دەستی داعش ڕزگار کران، دەسەڵاتدارانی عێڕاق باسی پاشەکشەی هێزی پێشمەرگەیان لەو ناوچانە و گەڕانەوەی سوپای عێڕاقیان تا هێڵی٣٦ هێنا گۆڕێ، لە خۆڕازیانە دەستیان بە هەڕەشە کردن لە هێزی پێشمەرگە و دەسەڵاتدارانی باشووری کوردستان کرد. لەو ماوەیەدا دەسەڵاتدارانی عێڕاق بە دوای بیانووێکدا دەگەڕان کە هەستی شۆڤێنیستی داگیرکەرانی پی بورووژێنن بۆ ئەوەی هاوکارییان بکەن بۆ هێرش کردنە سەر ئەو ناوچە کوردستانییانەی کە هێزی پێشمەرگە بە خوێن ڕزگاری کردبوون و تێیاندا جێگیر ببوو، تا بیانخەنەوە ژێر کۆنتڕۆڵی خۆیانەوە.
سەرەڕای لە ئارادابوونی چەند کێشەی سیاسی و ئیداری، قەیرانی ئابووری و نەبوونی کۆدەنگی نیشتمانی لە سەر پرسە چارەنوس سازەکان، کاربە دەستانی باشووری کوردستان ویستیان تا ناوچە کێشە لە سەرەکان لە ژێر دەسەڵاتی هێزی پێشمەرگەی کوردستاندان، گشتپرسی بکەن بۆ ئەوەی بزانن خەڵکی کوردستان چیان دەوێ! بۆیە بە پەلەپەل بڕیاری ڕیفراندۆمیاندا. لە کاتێکدا وەک پێویست کاری پێشوەختە نەک بۆ سەربەخۆیی، بۆ ڕیفراندۆمیش نەکرابوو! زۆر لایەنی ناوخۆیی و دەرەکی داوایان لە دەسەڵاتدارانی باشووری کوردستان کرد کە ئێستا کاتی ڕیفراندۆم نییە. بەڵام کاربەدەستانی باشووری کوردستان گوێیان لە کەس نەگرت و بە بێ هاوکاریی ناوندە نێونەتەوەییەکان، بە بێ ڕەزامەندیی هاوپەیمانان، لە گەڵ ناڕەزایەتی زۆر لە وولاتانیبتر لە ٢٥/٩/٢٠١٧ یەک لایەنە هەستان بە بەڕێوەبردنی ڕیفراندۆمی بێ پشتیوان. هەرچەند بەشێک لە سەرپەرشتیارانی ڕیفراندۆم دەیانوت: "ڕیفراندۆم بۆ سەربەخۆیی کوردستان و دەستکاریی سنوورەکان نییە" بەڵام داگیرکەرانی کوردستان دوای دڵنیابوون لە هەڵوێستی نەرێنی هاوپەیمانان لە دژی ڕیفراندمی باشووری کوردستان، هەلەکەیان قۆستەوە، بە مەبەست ئەو ڕیفراندۆمەیان گەورە کرد و جیابوونەوەی باشووری کوردستانیان لە وولاتی عێڕاق کردە بەهانە و بە هاوبەشی هەستان بە دارشتنی پیلانێکی شوڤێنیستی و دوژمنکارانە بۆ هێرش کردنە سەر دەسکەوت و مافەکانی خەڵکی باشووری کوردستان. بۆ ئەو مەبەستە چەندین ڕێکخراوی شیعە مەزهەبی لە یەکجیاوازی سەر بە ئێران و ڕەوتە شیعەکانی ناو عێڕاق کە لە چوارچێوەی حەشدی شەعبیدا یەک خرابوون، پڕ چەک کران و لە چەند لاوە وەپێش سۆپای عێراق خران ( سوپایەک کە پێشتر کورد لە ڕێکخستنەویدا ڕۆڵی بەر چاوی هەبووە) ڕەوانەی ناوچە کوردستانییە ئازاردکراوەکانیان کردن، تا داخوازییە سیاسی و مافە نەتەوەییەکان لە بیر خەڵکی ئەو ناوچانە بەرنەوە و ئاگری شەڕی مەزهەبی لە ناو خەڵکی کوردستاندا هەڵ گیرسینن. بەو شێوەیە دەسەڵاتدارانی عێڕاق دەست بە سەر خاک و داهاتی کوردستاندا بگرن.
هەر چەند باشووری کوردستان بە فەرمی بە وولاتێکی سەربەخۆ نەناسرابوو، بەڵام لە زۆر لایەنەوە سەربەخۆ بوو. بۆ گەشە پێدانی دەسکەوتەکان و پێشخستنی ژیانی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان و خۆ ڕێکخستن و خۆ پێگەیاندن وسەقامگیرکردنی ئاشتی و دێموکڕاسی و سەروەری یاسا و بە دامەزراوەیی کردنی دام و دەزگاکانی بەڕێوەبەری و پێکهێنانی سوپای نیشتمانی و... کەس دەستی کاربەدەستانی باشووری کوردستانی نەدەگرت، تەنانەت کاربەدەستانی باشووری کوردستان دەیان توانی بە بێدەنگی هەموو پایەکانی دەوڵەتی سەربەخۆش دروست بکەن و لە کاتی پێویستدا کەڵکیان لێ وەرگرن. لە کاتێکدا زۆر لە وولاتانی دوور و نزیک وەک ووڵاتێکی سەربەخۆ هەڵسوکەوتیان لە گەڵ حکومەتی باشووری کوردستان دەکرد. بە تایبەت لە کاتی بە گژداچوونەوەی داعش دنیای دەرەوە گرنگی زۆریان بە باشووری کوردستان دا. خەڵکی کوردستان شانازیان بە ڕۆڵی جوانمێرانەی خۆیانەوە دەکرد کە توانیویانە لە جیات زۆربەی وولاتان شەری ترۆریستان بکەن، هەمووانیان بە قەرزداری خۆیان دەزانی. لە بەرامبەردا زۆر لە وولاتان گوێیان بۆ خەڵکی کوردستان دەگرت و دەیانویست پەیوەندیەکانیان لە گەڵ حکومەتی باشووری کوردستان پتەوتر بکەن و درێژە بە هاوکاری و دۆستایەتی خۆیان لە گەڵ خەڵکی کوردستان بدەن و لە کوردستاندا سەرمایەگوزاری بکەن. بەڵام بەداخەوە کاربەدەستانی باشووری کوردستان خوێندنەوە و لێکدانەوەی درووستیان بۆ روداو و پێشهاتەکانی ناوچەکە و دنیا نەبوو، وێڕای هەبوونی کۆمەڵێک کەم و کۆڕیی، پلانی چالاکیە ئابوریی و بازرگانیی و پەیوەندیەکانیان بە لێزانی دانەرشت و وەک دامەزراوەیەکی نیشتمانی درێژەیان بە کارە دیپلۆماسییەکان نەدا، بەڵکو لە سەر بنەمای بەرژەوەندیی کاتیی و حیزبیی هەوڵیان دا هەر کەس نەوتیان لێ بکری پێی بفرۆشن و گرێبەستی گەورە لە گەڵ وولاتانی وەک روسیا و ئێران و تورکیەدا ئیمزا بکەن، کە ئەوانیش پێچەوانەی بەرژەوەندیی ئەمریکا دەجووڵانەوە. بەو شێوە دەسەڵاتی بەڕێوەبەریی لە باشووری کوردستان ئەمریکایان لە خۆ توڕە کرد. بۆ دوا خستنی ڕیفراندمی باشووری کوردستانیش بە قسەی ئەو هاوپەیمان و یارمەتیدەرەی خۆیان نەکرد. بۆیە لە دوای ڕیفراندۆمی ٢٥/٩/٢٠١٧ لە دەرئەنجامی هەڵە و کەم و کۆڕیی بەڕێوەبەرانی ناوخۆ و توڕەکردنی هاوپەیمانان بە سەرکردایەتی ئەمریکا، باشووری کوردستان لە گەڵ ڕق و تۆڵە و گەلەکۆمێی داگیرکەران بەرەوڕوو بۆوە، زۆربەی دەسکەوتەکانی خەڵکی کوردستان بوونە قوربانی کێشە و ناکۆکیەکانی نێوان روسیا و ئەمریکا. ئەوەتا لە ١٦/١٠/٢٠١٧ و ڕؤژانی دوایی بە بەر چاوی هەموو دنیاوە زوڵمێکی گەورە لە خەڵکی کوردستان کرا، کۆمەڵێکی زۆر پێشمەرگە و خەڵکی سڤیل شەهید و بریندار وئاوارە بوون و بەشێکی زۆر لە خاکی کوردستان و دەسکەوت و سەرچاوەی داهات لەدەست خەڵکی کوردستان چوو. هیچ لایەکیش لە گەرمەی پەلامارەکدا لە سەرخەڵکی کوردستان وەجواب نەهات. بۆیە کێشەی ناوچە بەناو "ناکۆکی لە سەرەکان" بەو پەلامارە گوماناوەیە ئاڵۆزتر بوو و چارەسەر کردنیشیان بۆ ماوەیەکی نادیار دوا کەوت.
ئێستا دوای ئەو پەلامارە ناجوانمێرانەیە، کە داگیرکەران بە هاوبەشیی کردیانە سەر خەڵکی کوردستان و توانیان بەشێکی زۆر لە ناوچە کوردستانیەکان داگیربکەنەوە، زیانێکی زۆری گیانی و ماددیی ومەعنەویی و دروونی بە خەڵکی کوردستان بگەیەنن، لە لایەک دووبەرەكی لە ناو لایەنە سیاسیەکانی کوردستان و لە لایەکی تر بێ متمانەیی لە نێوان خەڵک و دەسەڵات دروست بکەن.
لەم هەلومەرجەدا پێویستە هەموو لایەنەکانی کوردستان پێداچوونەوەیەک بە ڕابردوو و سیاسەتی خۆیاندا بکەن و دان بە هەڵە و کەم و کۆڕییەکانی خۆیاندا بنێن. پێویستە هەموو لایەک ئەو ڕاستیە بزانن کە داگیرکەرانی کوردستان بۆ پشت پێبەستن نابن، هەرکات بۆیان بکرێ دژی بەرژەوەندییەکانی خەڵکی کوردستان دەوەستنەوە و دەست لە هیچ کردەوەیەکی دیکتاتۆرانە ناپارێزن و وەک نەریتی لەمێژینەیان لە بەڵێنەکانی خۆیان پاشگەز دەبنەوە، کە هەلیان بۆ ڕەخسا هەموو رێککەوتنەکان پێشێل دەکەن و سەرڕای ناکۆکی و کۆمەڵێک کێشەی ناوخۆیان، بۆ دژایەتی خەڵکی کوردستان یەک هەڵوێست دەبن.
پێویستە هەموو لایەک ئەو ڕاستییە باش بزانن کە ئەمریکا لە پێناو بەرژەوەندیی خۆی هەوڵیدا بۆ روخاندنی حکومەتی بەعسی عێڕاق و شەڕکردن لە گەڵ داعش، بۆیە ڕازیی نابێ لە باشووری کوردستان لایەنی دیکە بێنە سەر حازری و قازانجی زۆر بکەن. ئەمریکا لەو سەری دنیاوە لە بەر خاتری چاوی جوانی خەڵکی کوردستان نەهاتۆتە ئێرە، بە شێوەی سۆزدارییش کاری سیاسی ناکات تا زگی بە خەڵکی لێقوماوی کوردستان بسوتێ. ئەمریکا لە پێناو بەرژەوەندی خۆی و ئینجا هاوپەیمانە ڕاستەقینەکانی کەمی هێناوە تا زۆری بەرێتەوە، وەک زلهێزێک روو لە هەر شوێنێک بکات لە بری هەر هاوکاریەک و لە بەرامبەر هەر فیشەکێک کە بە کاری هێنابێ چەند بەرامبەری دەوێتەوە و چرکە بە چرکەی کاتی بە جێگەیاندنی ئۆپۆراسیۆنەکان لە سەر خەڵکی باشوور کوردستان حیساب کردوە و بە زیادەوە قەرزی خۆی دەوێتەوە.
دیارە ئەوە بە واتای ڕاست و ڕەوابوونی هەڵوێستی ئەمریکا لە بەرامبەر داوا ڕەواکانی خەڵکی کوردستان نییە، بەڵام بە بڕوای ئێمە ئەو شکستەی کە لە باشووری کوردستان ڕووی دا، ڕاستە زۆر بە ئازارە بەس کۆتایی ژیان نییە و دەکرێ بە دەرس وەرگرتن لە هۆکارەکانی ئەو شکستە، گەورەترین سەرکەوتن لە داهاتوودا بە دەست بهێندریت. پێویستە دڵسۆزانی خاک و خەڵکی باشووری کوردستان لە سەر بنەمای ئەزموون و نوێگەریی، بە وردی چاو بە سەر سەرجەم بەرنامەی کاری سیاسی و سیستمی بەرێوەبەری و پلانی ئەمنی و کۆی پەیوەندییە ناوخۆیی و درەکیەکاندا بخشێننەوە و لە شێوەی کار و سیاسەتکردنی پێشوو دوور بکەونەوە. هەموو لایەنەکانی خەبات و کاری سیاسی و بەڕێوەبەری و پەیوەندیەکانی دەرەوە و پەیوەندی نێوان خەڵک و دەسەڵات سەر لە نوێ بە شێوەیەکی سەردەمیانە دابڕژێنەوە کە لە گەڵ بارودۆخی دنیا و قۆناغی ئێستای کوردستان بگونجێن.
هاوکات هەوڵ بدرێت لە لایەن کەسانی شارەزاوە دەستورێک بۆ باشووری کوردستان بنوسریتەوە و بە دەستوور دەسەڵاتەکانی یاسا دانان و دادوەریی و جێبەجێکردن دیاریی بکرێن. بە یاسا دێموکڕاسی سەقامگیر بکرێت و دەستاودەست کردنی دەسەڵات بە شێوەی ئاشتیانە دەستەبەر بکرێت. بە یاسا هەموو لایەنەکانی ژیانی کۆمەڵانی خەڵکی باشووری کوردستان ڕێک بخرێن و ماف و ئەرکی هەمووان دەست نیشان بکرێن. بە یاسا ڕێگا لە گەندەڵی و خۆ دزینەوە لە بەرپرسیاریەتی و پێشێلکردنی ماف و ئازادی هەموو لایەن و پێكهاتە جیاوازەکان و خەڵک بە گشتی بگیرێت، بە یاسا ژینگەیەکی پاک و پر لە ئاسایش پێک بهێندرێت و ژیانێکی وەک یەک بۆ هەموو دانیشتوانی کوردستان دابین بکرێت.
هەوڵبدرێت ڕێکارێک بدۆزریتەوە کە لە نزیکترین کاتدا هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد لە باشووری کوردستان لە ژێر چاوەدێریی نەتەوەیەکگرتوەکان بۆ هەڵبژاردنی پارڵمان و پێکهێنانی حکومەتێکی نوێی دێموکڕاتیک و نیشتمانی بکرێت.
پارڵمان تاکە سەرچاوەی یاسا دانان و بڕیاردان و نوێنەری ڕاستەقینەی خەڵکی کوردستان بێت و دەسەڵاتی دادوەریی سەربەخۆ بێت. حیزب دەست لە کاری هیچ یەک لەو سێ دەسەڵاتە وەر نەدات. حکومەت هەستێ بە سەقامگیرکردنی یاسا و ئاشتی و دێموکڕاسی، هەوڵبدا بۆ دابینکردنی هەموو خزمەتگوزاریەکان و ڕەخساندنی هەلی کار و خوێندن بۆ هەموو دانیشتوانی کوردستان بە شێوەیەکی یەکسان کە هەموان ژیانێکی شایستەیان هەبێت. حکومەت ئەرکی پاراستن و گەشە پێدانی ئاسایش و دەسکەوتەکانی خەڵکی کوردستان لە ئەستۆ بگریت.
حکومەت هەستێ بە پێکهێنانی سوپای نیشتمانی و لایەنە سیاسییەکان هێزی چەکداریان نەمێنی و هێزی پێشمەرگە لە ناو سوپای نیشتمانیدا ڕێک بخرێت و هەموو پێداویستییەکانی بۆ دابین بکرێن و ئەرکە سەرەکێێەکەی پاڕاستنی کوردستان و دەسکەوتەکانی خەڵک بێت. بە یاسا ڕێكبخرێت کە پێشمەرگە لە یەک لاییکردنەوەی کێشەی نێوان لایەنە سیاسییەکان هیچ ڕۆڵێکی نەبێت.
دام و دەزگاکانی بەڕێوەبەریی، خزمەتگوزاریی، پەروەردە، ئابوریی وبازرگانیی، پەیوەندیی، سوپای نیشتمانیی بە دامەزراوەیی بکرێن و لە پێناو بەرژەوەندیی نیشتمانیی لە لایەن کەسانی شارەزا و پەیوەندیدارەوە سەرپەرشتی بکرێن.
کاری حیزب و حکومەت و ئایین لە یەک جیا بکرێنەوە، بە تایبەت لە لایەنی دیپلۆماسی، وتوێژ و پەیوەندی لە گەڵ حکومەتی عێڕاق و ووڵاتانی دەوروبەر و دنیایی دەرەوە تەنیا لە لایەن وەزاڕەتی دەرەوە و لە سەر دەستی کەسانی شارەزا و پەیوەندیدارەوە بەڕێوە بچی. پێویستە خەڵکی کوردستان وشیار بن نەکەونە داوی شەڕی نێوان مەزهەبەکان.
هیوادارین خەڵکی باشووری کوردستان یەکهەڵوێست بن و بتوانن پارڵمانێکی کارا و پێشکەوتنخواز هەڵبژێرن و حکومەتێکی خزمەتگوزار و سەردەمیانە پێک بێنن و بە سەر هەموو کێشە ناو خۆیی و دەرەکییەکاندا سەرکەوتوو بن.
کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان
٢٢/١٠/٢٠١٧