یارمەتیی لێقەوماوانی بوومەلەرزەی کرماشان و دەربەندییخان ئەرکێکی مرۆڤانە و نیشتمانییە!

کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان
15-11-2017

 

یارمەتیی لێقەوماوانی بوومەلەرزەی کرماشان و دەربەندییخان ئەرکێکی مرۆڤانە و نیشتمانییە!

 

 زۆر بەداخەوە لە ڕێکەوتی ١٢/١١/٢٠١٧ی زاینی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە نزیک شاری کرماشان بوومەلەرزەیەکی بەهێز رووی دا و ئەم بوومەلەرزەیە پانتاییەکی بریینی ڕۆژهەڵات و باشووری کوردستانی گرتەوە و زەرەرو زیانێکی زۆری گیان و مادی بە خەڵکی کرماشان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و دەربەندیخان و دەور و بەری  لە باشووری کوردستان گەیاند. تا ئێستا نزیک بە ٥٠٠ کەس بەم هۆیەوە گیانیان لە دەست داوە و زیاتر لە ٨٠٠٠ کە سیش بریندار بوون. هاوکات خەڵکێکی زۆریش بەو سەرمای پایزە بێ مال بوون و بێ کەل و پەلی ژیان ئاوارە بوون. بەڵام کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی ئێران نەک هەر وەک پێویست بۆ ڕزگار کردنی خەڵکی لێقەومای کرماشان لەو ژیانە پڕ لە ئازارەی کە بەم هۆیەوە تێی کەوتوون هەوڵ نادەن، بەڵکو ڕێگەشیان بە هاتنی یارمەتیی وڵاتانی تر نەداوە. ئێمە  وێڕای شەرمەزار کردنی  هەموو کەمکارییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران، داوا لە هەموو خەڵکی کوردستان و هەروەها ناوندە نێونەتەوەییەکان و ڕێکخراوە خێرخوازەکان و هەر لایەنێکی خۆ بە بەرپرسزان دەکەین بە پیر خەڵکی لێقەوماوی کوردستانەوە بێن و لەو ئازارە بە سۆیەی کە لەو وەرزە سارد و بارودۆخە ناهەموارەدا یەخەی گرتووە، ڕزگاری بکەن.

 

ئێمە لە کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان سەرخۆشی لە کەس و کاری هەموو قوربانییەکانی ئەو کارەساتە  سروشتییە و لە خەڵکی کوردستان دەکەین و خۆمان بە هاوبەشی غەمی هەموو لایەک دەزانین، هیوای زوو چاک بوونەوە بۆ بریندارەکان دەخوازین. هیواداریین هەر وەک چۆن لە ڕابردوودا خەڵکی کوردستان لە کاتی روودانی هەر کارەساتێکدا ڕۆڵی جوانمێرانەی هەبووە و بۆتە خانەخوێ و پشت و پەنای ئاوارە و لیقەوماوان، ئێستاش بە هەمان گیانی هاوکاری کوردستانییانە، هەر کەس بە پێی توانای خۆی هاوکاری لێقەوماوانی باشوور و ڕۆژهەڵاتی کوردستان بکات، کە بە هۆی بوومەلەرزەکەی١٢/١١/٢٠١٧ ی زاینی زیانیان بەر کەوتوە. بیگومان بەهاناوەچوونی خەڵکی کوردستان بۆ زیان بەرکەوتوانی ئەم کارەساتە، لە ئێش و ئازاری لیقەوماوان کەم دەکاتەوە و لایەنی مەعنەوی خەڵکی کوردستان بە هێز دەکات.

 

هەر بژی و پایەدار بێت ڕۆڵی جوانمێرانە و گیانی کوردستانییانەی خەڵکی کوردستان بۆ بە هاناوەچوونی لێقەوماوان!

 

کۆمەڵەێ یەکسانیی کوردستان

 

١٤/١١/٢٠١٧