لە بابەت هەڵبژاردنەکانی سەرۆک کۆماری و شووراکانی شار و دێهات لە ئێران!

ناوەندی ڕاگەیاندنی یەکسانی
2013-05-25

 

خەڵكی ئازادیخواز و خۆڕاگری ڕۆژهەڵاتی كوردستان!

 

 هەر وەک ئاگادارن، خولی یازدەهەمی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری و هەروەها هەڵبژاردنی شووراکانی شار و دێهات، لە ئێران لە جۆزەردانی ئەوساڵ بەڕێوەیە. ئاشکرایە کە هەڵبژادرن لە هەر بووارێکەوە مافێکی بنەڕەتیی هەموو مرۆڤێکە و کەس بۆی نییە ئەم مافە بە هیچ پاساوێک لە هیچ کەسێک زەوت بکات. هەڵبژاردن بۆ پرسی بەڕێوەبردنی وڵات و تەنانەت شار و دێهاتیش بە هەمان شێوە پرسێکی زۆر هەستیار و بایەخدارە و لە وڵاتانی ئازاد و پێشکەوتوودا ئەم هەڵبژاردنانە بناخەی گۆڕانکاری و هاتنە دی ئامانج و ئاواتەکانی خەڵکی ئەو وڵاتانە لە ئاستی وڵاتەکانیان بە گشتی و ناوچەکانیان بەتایبەتیین. هەر لەسە ئەم بنەمایە کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان پشتیوانی لە هەر هەڵبژاردنێکی ئازاد و دێموکراتیک لە هەموو بووارێکی ژیانی سیاسی، کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی دەکات.

ئەوەی پێوەندی بە هەڵبژاردنەکانی ژێر دەسەڵات و چاودێریی کۆماری ئیسلامییەوە هەبێت، لە هیچ مرۆڤێکی ئازادیخواز شاراوە نییە کە لە ماوەی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی دا خەڵکانی ئێران بە گشتی و خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە تایبەتی، لە هەموو ئازادییەکی سیاسی و مەدەنی بێبەش کراون و هەڵبژاردن و مافی دیاریکردنی ویست و ئامانجەکانی ڕاستەقینەی خەڵک لە هیچ بوارێکەوە لە سیستەمی کۆماری ئیسلامیدا جێی نەبۆتەوە و نابێت.

هەر وەک دەبینین بەپێی یاساکانی کۆماری ئیسلامی، پێویستە سەرۆک کۆمار لە ڕەگەزی پیاو، کەسێکی شیعەی دوازدە ئیمامی، پابەند، دڵسۆز و وەفاداری ئەم نیزامە بێت، بەمەش یەکەم هەموو ئەو کەسانەی شیعەی دوازدە ئیمامی نین، دووهەم هەموو ژنان لە هەموو نەتەوەکانی ژێر دەستی کۆماری ئیسلامیی ئێران و سێهەم هەموو ئەوانەی باوەڕیان بە بەم نیزامە نییە لە مافی خۆپاڵاوتن بێبەش دەکرێن. جیا لە هومووی ئەوانە، تەواوی ئەو کەسانەی کاندید دەکرێن، پێویستە وەفاداری و دڵسۆزیی خۆیان بۆ ئەم نیزامە سەلماندبێت، یان لانیکەم هیچ رابردوویەکی دژایەتییان لەگەڵ ئەم سیستەم و نیزامە نەبێت. ئەوە لەکاتێکدایە کە هەر لە ڕۆژانی ڕابردوودا دەرکەوت کە تەنانەت کەسە خۆییەکانی وەک ڕەفسەنجانی، مەشایی و زۆر کەسی هاوشێوەی ئەوان،  سەرەڕای ئەوەیکە بە درێژایی سی و پێنج ساڵی ڕابردوو بۆ پاراستنی ئەم نیزامە لە هیچ جینایەتێک درێخیان نەکردوە، لە هێڵەکدانی پاڵاوتنی کۆماری ئیسلامی دەرباز نەبوون، چ بگات بە خۆپاڵاوتنێکی ئازاد و بێ خەوش کە خەڵک بۆخۆیان کاندیدەکانیان لەڕێی دەنگدانەوە دیاری بکەن.

هەربۆیەش ئێمە پێمان وایە کە هەڵبژاردنەکانی کۆماری ئیسلامی بە هیچ پێوەرێکی ئازاد و دادپەروەرانەوە ناچنە خانەی هەڵبژاردنێکی راستەقینە و لە هەمانکاتدا کاندیدە دیاریکراوەکانیش، دوای ئەوەیکە وەفاداری و پابەندبوونی خۆیان بۆ ئەم نیزامە دەردەبڕن، خاوەنی هیچ دەسەڵات و ئیرادە و ئازادییەک نیین تا بتوانن پابەندی هیچ بەڵێن و دروشمێکی هەڵبژاردنی خۆیان بە خەڵک بن.

 هەر لەسەر ئەم بنەمایە ئێمە وەک کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان وێڕای مەحکوومکردنی ڕێگەنەدان بە هەڵبژاردنێکی ئازاد و دێموکراتیک، بەباشیی ئاگاداری هەلومەرجی نالەباری ئابووری و زەخت و فشارەکانی هێزە ئەمنیەتییەکانی کۆماری ئیسلامی بۆ بەشداریی خەڵک و ڕەوایی بەخشین بەم شانۆگەرییەین. هەربۆیەش داواکارین ئەو کەسانەی مەجبووری بەشداری و دەنگدان دەکرێن، ئەم هەڵبژاردنەی کۆماری ئیسلامی بکەن بە فرسەتێک بۆ خەباتی مەدەنی و لەڕێی بەرگەی سپی یان نووسینی نا بۆ کۆماری ئیسلامی، بەڵێ بۆ هەڵبژادنێکی ئازاد، بەڵێ بۆ مافی دیاریکردنی چارەنووسمان، دەنگەکانیان وەک ناڕەزایەتییەک لە دژی ئەم سیستەمە و ئەم بەناو هەڵبژاردنەی کۆماری ئیسلامی بەکار بێنن.

 

سەرکەوێ خەباتی ڕەوای گەلەکەمان لەپێناو دیاریکردنی چارەنووسی خەڵکی کوردستان!

 

کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان!

٤ی جۆزەردانی ٢٧١٣ی کوردی

٢٥ی مەی ٢٠١٣ زایینی