پشتگیریی لە راپەڕیینی خەڵک لە بەرامبەر کۆماری ئیسلامیدا ئەرکی هەموو ئازادییخوازانی جیهانە!

کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان
1-1-2018

 

پشتگیریی لە راپەڕیینی خەڵک لە بەرامبەرکۆماری ئیسلامیدا ئەرکی هەموو ئازادییخوازانی جیهانە!

 

 کۆماری ئیسلامی دوای دەستگرتن بە سەر دەسەڵاتدا، لە ماوەی ٣٩ ساڵ تەمەنی خۆیدا جیا لە گرانیی، بێکاریی، برسییەتیی، سەرکوت، گرتن، بەندیخانە، کوشتن، تیرۆر، بڵاوکردنەوە مادە هۆشبەرەکان و هتد. هیچ شتێکی دیکەی بۆ خەڵکی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان و پێکهاتەکانی تر بە دیاری نەهێناوە.  هەموو ماف و ئازادییەکانی ژنان و کرێکاران و کۆمەڵانی خەڵکی زەحمەتکێش و نەتەوە بندەستەکان و جودابیرانی پێشێل کردوە. بەشی زۆری داهاتی وڵاتی بۆ کریین و بەرهەمهێنانی چەک و پارێزگاریی لەخۆکردن و کاری تیرۆریستیی تەرخان کردووە و بڕێکی زۆریشی بۆ هێز و لایەنە توندڕەوەکانی لایەنگری خۆی لە ناوچەکە ڕەوانە کردوە. لە کاتێکدا خەڵک لە ناوخۆیی ئێراندا لەو پەری هەژارییدا ژیان بە سەر دەبەن، بەڵام دەسەڵاتدارانی ئێران، بە مەبەستی پاراستنی بەرژەوەندییەکانی خۆیان و بە مەبەستی پارێزگاری کردن لە کۆماری ئیسلامی، شەڕ و ئاژاوەیان لە وڵاتانی دەراوسێ دروست دەکرد و تیرۆریزمیان هەناردەی هەندران کردووە. بێگومان تێچوەکەشی هەمووی لە سەر حیسابی کۆمەڵانی خەڵکی ژێر دەست لە ئێران بوو. لە دەرئەنجامی درێژەکێشانی سیاسەتی دیکتاتۆرانە و سەرەڕۆیی و توندئاژۆیی و جێبەجێکرنی چەندین پیلانی تێکدەرانەی کۆماری ئیسلامی لە ئێران و کوردستان و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە گشتی، بە سەدان هەزار کەس لە خەڵکێ بێتاوان  بوونەتە قوربانیی سیاسەتەکانی ئەم ڕێژیمە. 

 

  ئێستاش دوای ٣٩ ساڵ چەوساندنەوەی گەلانی نیشتەجێی ئێران، بە هۆی ئەو هەموو زوڵم و گەندەڵیی و کارنامە ڕەشەی کۆماری ئیسلامیەوە، کۆمەڵانی خەڵکی بەشمینەت خرۆشاونە سەر شەقامەکان و وەک دەستپێک لە ڕێکەوتی ٢٨/١٢/٢٠١٧ی زاینی لە شاری مەشهەدی ڕۆژهەڵاتی ئێرانەەوە خەڵک دەستیان بە خۆپێشاندان کردووە. لە ماوەیەکی کەمدا خۆ نیشاندانی خۆڕسکانەی کۆمەڵانی خەڵکی ناڕازی بە خێرایی پەڕەی سەند و تاران و زۆر شاری گەورەی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستانی گرتەوە. کۆماری ئیسلامی لە لایەک دەیهەوێت خەڵکی ناڕازی سەرکوت بکات، کە تا ئێستا چەند خۆپێشاندەری کوشتوە و بە دەیان کەسیشی بریندار کردوە و چەندانی دیکەی ڕەوانەی بەندیخانەکان کردوون. لە لایەکی دیکە وا نیشان دەدات کە داخوازیی خۆپێشاندەران تەنیا داخوازیی بچووکن بۆ ژیانی ڕۆژانەیان، لە هەمانکاتیشدا خۆپێشاندەران بەوە تاوانبار دەکات کە دەستی بێگانەیان لە پشتە. بەڵام هەموو ئاماژەکان بەڵگەی ئەو ڕاستییەن کە زوڵم و زۆری گەیشتۆتە لوتکە و ژیان لە ژێر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیدا واتای ڕاستەقینەی خۆی لەدەست داوە. بەشداریی خەڵک بەو ڕێژە زۆرە  لە خۆپێشاندانەکاندا، نیشانەی ئەو ڕاستیەیە کە خەڵکی ژێر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی لەو دەسەڵاتە دیکتاتۆرە ناڕازین و بە دروشمە سیاسییەکانیانەوە دیارە کە لە ڕۆژێکی گونجاوی وەک ئێستا دەگەڕان دەنگی بە زۆر کپ کراویان دەربڕن. وەک چۆن خەڵکی ناڕازی دەنگی زوڵاڵیان بەرزکردوە و بەوتنەوەی دروشم لە دژی سیستەم و تەواویەتی کۆماری ئیسلامی، بە ئاشکرا بە هەموو لایەکیان ڕاگەیاند کە خەڵک لەو دەسەڵاتە بێ هیوا بوونە و داوای چاک سازیی لە کۆماری ئیسلامی ناکەن. بەڵکو لە کۆی پێکهاتەی کۆماری ئیسلامی بێزارن و ئەو دەسەڵاتە دیکتاتۆرە بە هی خۆیان نازانن، بۆ چارەسەری یەکجاریی، خوزیاری لە سەر کار لابردنی ئەو ڕژیمەن کە بە ویست و داخوازەکانی کرێکاران، ژنان، گەنجان، نەتەوە و پێکهاتە لە یەک جیاوازەکان و زۆربەی خەڵکی ئێران بە گشتی و خەڵکی  کوردستان بە تایبەتی نامۆیە.

 

ئێمە وێڕای پشتیوانی لە گەلانی ڕاپەڕیو و داخوازە ڕەواکانیان، سەری ڕێزو نەوازش لە بەرامبەر گیانبەخشانی ئەم ڕاپەڕیینەدا دا دەنوێنیین و هیوای زوو چاک بوونەوە بۆ بریندارەکان دەخوازین. هیوادارین خەڵکی ناڕازی لە ناو خۆیاندا ڕێبەرایەتییەکی شیاو بۆ ئەو سەردەمە هەڵبژێرن. داواکاریین هەموو لایەنە ئازادییخوازەکان یەک بگریین و دوور لە بەرژەوەندیی حیزبی و ناوچەیی هەر یەک بە پێی توانای خۆمان پشتگیریی و بەشداریی ئەو ڕاپەڕیین و جۆڵانەوە جەماوەرییەی گەلانی ئازادیخواز لە ئێران بکەین و بەردەوامی بەو ڕەوتە بدەین تا سەرکەوتن و گەیشتن بە ئامانج و داوا هاوبەشەکانمان.

 

سەرکەوتن بۆ گەلانی ناڕازیی لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان

 

کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان

 

١/١/٢٠١٨ی زاینی