هێرشی هۆڤانەی ڕێژیمی تورکیای داگیرکەر بۆ سەرعەفریین شەرمەزار دەکەین.

کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان
21-1-2018

لە ماوەی چەند مانگی ڕابردوودا دەسەڵاتدارانی تورکیا بە بیانووی دروستکرانی هێزێکی نوێ لە ڕۆژئاوای کوردستان، کە گوایە ئەمریکا سەرپەرشتی دەکات، هەڕەشەی هێرشکردنە سەر شاری عەفریینیان دەکرد و لە ڕۆژی ڕابردوودا ئەم پیلانەیان لە دژی گەلەکەمان لە ڕۆژئاوای کوردستان لەپێش چاوی هەموو دونیا خستە بوورای کردەییەوە. بە پێی هەواڵەکانی گەیشتوو تا ئەم ساتە دەیان کەس لە هاووڵاتییانی سیڤیلی عەفریین بوونەتە قوربانیی بۆردومانەکانی هێرشە ئاسمانیی و زەوینییەکانی ڕێژیمی تورکیا.

 

 لە کاتێکدا شەڕڤانانی ڕۆژئاوای کوردستان بە هەوڵ و تێکۆشانی بێوچان هێزێکی لێهاتوویان لە شەڕڤانانی کچ و کوڕی وڵاتەکەمان پێک هێناوە و بە ئیرادەی خۆیان درندەترین هێزی تیرۆریستیی سەردەم واتە داعشیان لە سوورییە تێک شکاندووە و بە بەرچاوی دونیاوە حەماسەی سەرکەوتنی کۆبانێیان تۆمار کردووە و بەرەو بونیادنانی سیستەمێکی نوێی بەڕێوەبەریی دادپەروەرانە و دێموکراتییک هەنگاو دەنێن و بەکردەوەکانی خۆیان سەرنجی دنیا و هێزی هاوپەیمانانیی نێودەوڵەتییان بە لای خۆیاندا ڕاکێشاوە و لەکاتێکدا عەفرین لەو دیو سنووری ژێر دەسەڵاتی تورکیایە و یەکێکە لە هەرێمەکانی ڕۆژئاوای کوردستان و لە لایەن خەڵکی ئەم بەشەی کوردستانەوە بەڕیوە دەچێت و هێزێکی کەمی "ڕووسیا" و "ئەمریکا"  وەک چاوەدێر لەو هەرێمەدا بوونیان هەیە، ڕێژیمی تورکیا دوای شکستە سیاسییە یەک لەدوای یەکەکانی لە ئاستی هەرێمیی و نێودەوڵەتییەوە، بەبێ هیچ پاساوێکی ڕەوا و تەنیا بە هۆی کۆنتڕۆڵکرانی ئەم بەشەی کوردستان لە لایەن کوردەوە، سیاسەتی دوژمنکارانە و ڕەگەزپەرستانەی خۆی نیشانی گەلی کورد و هەموو دونیا دەدات.

 

ئاشکرایە ژمارەی هێزەکانی ئامرییکا و ڕووسییە لە ڕۆژئاوای کوردستان زۆر نیین بەڵام هەرچەند ژمارەی ئەو هێزانە کەمیش بن، ئەگەر ڕێکەوتنی نهێنییان لەگەڵ یەکتر و دەوڵەتی تورکیای داگیرکەر نەکردبێت، هەر کامیان لە ئاست خۆیانەوە بۆ پێشگرتن لە هێرشی سەربازی تورکیا بۆ سەر  عەفریین دەتوانن ڕۆڵی ئەرێنییان هەبێت. لەم بووارەشەوە پێویستە خەڵکی کوردستان بە وردیی چاوەدیری کردەوەی زلهێزەکان بکات و لە هەموو وڵاتان بیانخەنە ژێر فشار تا ئەم هێرشە داگیرکارییەی توررکیا پەسند نەکەن و لێی بێ دەنگ نەبن.

 

ئێمە هێرشی ڕێژیمی تورکیا بۆ سەر شاری عەفریین بە هێرش بۆ سەر هەموو کوردستان دەزانیین و وێڕای شەرمەزارکردنی ئەم کردەوە هۆڤانەیە، داوا لە خەڵک و هەموو لایەنە ئازادیخوازەکانی ناوچەکە بە گشتی و خەڵکی کوردستان بە تایبەتیی دەکەین تا وێڕای شەڕمەزار کردنی ڕێژیمی داگیرکەری تورکیا، وەک ئەرکیکی مرۆڤانە و ئەخلاقی و نیشتمانیی، ئەوەی لەدەستیان دێت بۆ بەرگریی لە ڕۆژئاوای کوردستان و وەستاندنی هێرش و داگیرکاریی تورکیا بۆ سەر عەفرین بیکەن و ڕێ لە جێبەجێکردنی پیلانی قیزەون و دوژمنکارانەی دیکتاتۆران و داگیرکەران بگرن.

 

سەرکەوێ خەباتی مافخوازانەی خەڵکی کوردستان

 

شەرمەزاری بۆ پیلان و هێرشی داگیرکەران بۆ سەر کوردستان

 

کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان

 

٢٠/١/٢٠١٨ی زایینی