دەسەڵاتدارانی تورکیا هەوڵدەدن بە بیانووی پاراستنی سنوور خەڵکی عەفرین جینۆساید بکەن
سەربەست ئازاد
18-2-2018
دەسەڵاتدارانی تورکیا هەوڵدەدن بە بیانووی پاراستنی سنوور خەڵکی عەفرین جینۆساید بکەن
لشکرکێشی تورکیا بۆ سەر عەفرین لە ڕۆژئاوی کوردستان، بۆ جارێکی دیکە پەردەی لە سەر ناوڕۆکی شۆڤێنیستی و دیکتاتۆری دەسەڵاتدارانی ئەو ووڵاتە لادا. ئێستا کە دەسەڵاتدارانی تورکیا سەرەڕای داگیرکردنی باکوری کوردستان و پێشێل کردنی مافە ئابووری و ڕامیاری و فەرهەنگی و نەتەوایەتیەکانی خەڵکی ئەو هەرێمە و داگیرکردنی بەشێک لە خاکی باشووری کوردستان، سەرەڕۆیانە هێرشیان کردۆتە سەر ڕۆژئاوای کوردستان لەو دیو سنووری ژێر دەسەڵاتی خۆیان، لەو هێرشە هۆڤانەیەدا هەموو کردەوەکانیان نیشاندەری ئەو ڕاستیەن کە بە بیانووی پاڕاستنی سنوور دەیانەوێت سیاسەتی جینۆساید کردنی خەڵکی عەفرین بە کردەوە جێبەجێ بکەن. ئەوەتا بە پێشچاوی هەموو دنیاوە دەسەڵاتدارانی تورکیا بە هەموو جۆرە چەکێکی پێشکەوتوو بە چەکی قەدەغەکراویشەوە بە گژ خەڵکی عەفریندا چوون، بە بیبەزێیانەترین شێوە شەڕڤان و سڤیل و پیر وگەنج و مندال و خەڵکی ئاوارە وهەموو دانیشتوانی ئەو هەرێمە بە بێجیاوازی بە تاوانی ئازادیخوازی و کورد بوون دەکوژن و بێرێزی بە لاشەی ئەو تێکۆشەرە گیان بەختکردوانە دەکەن کە دەکەونە بەر دەستیان. هێزە پەڵامار دەرەکانی تورکیا و هاوپەیمانەکانیان دەست لە بە تاڵان بردن و کوشتنی ئاژەڵ و باڵندەکانیش ناپاریزن. بە مەبەست ماڵی هاووڵاتیان و قوتابخانە و نەخۆشخانە و مزگەوت و بازاڕ و باڵەخانەی دامەزراوە خزمەتگوزاریەکان و شوینەوارە مێژووییەکان و شوێنی مانەوەی ئاوارەکان دەروخێنن. گوند و شارەکان و ڕێگاوبان و سەرچاوەی ئاو و ڕەز و باغ و مڵکی هاووڵاتیان تێکدەدن و بە تانک و تۆپ و تەیارە و ئاگر بارووت سەرجەم ژینگە پیسدەکەن و دەشێوێنن. رووحم بە هیچ گیاندار و بوونەوەر و پێداویستیەکانی ژیان ناکەن، هەوڵدەدەن عەفرین داگیربکەن و خەڵکی ئەو ناوچە لە زێدی خۆیان وەدەرنێن و خەڵکی تورک و عەڕەبی ئاوردە لە شوێنەکانیان جێگیر بکەن و دێموگرافی ناوچەکە بە زیانی خەڵکی کوردستان بگۆڕن. تەنانەت ئەو کەسانەش دەگرن و ڕاپێچی بەندیخانەکان دەکەن کە باسی ئەو پەلامار و زوڵمە زۆرەی دەسەڵاتدارانی تورکیا بۆ سەر خەڵکی عەفرین دەکەن. ئایا ئەو پەلامارە داگیرکاریە و هەموو هەڵسوکەوتە دووژمنکاریەکان لە جینۆساید کردنی نەتەوەیەک زیاتر دەکرێ چ ئامانجێکیتریان لە پشتەوە هەبێت؟
بێگومان هێزەکانی یەپەگە و هەموو ئەو تێکۆشەرانەی لە عەفرین پارێزگاری لە ماف و مانی خۆیان و بەرژەوەندیەکانی خەڵکی کوردستان دەکەن، بۆخۆیان لە ناو چەقی رووداو و سەنگەرەکانی بەرگریدا دەژین و دەزانن چۆن بەر پەرچی داگیرکەران و دووژمنانی ئازادی و مافەکانی خەڵکی کوردستان بدەنەوە. ئەوان پارێزەری شکۆی و بەرژەوەندی ئێستا و داهاتوویی مرۆڤایەتی و خەڵکی کوردستانن و پێویستیان بە هاوکاری مادی و لۆجستیکی و دەرمان و پشتیوانی ڕامیاری و هاوهەڵوێستی خەڵک و لایەنە سیاسیەکانی کوردستان هەیە. بە داخەوە سەرەڕای بە پەڕۆشی بەشی زۆری خەڵکی کوردستان بۆ ئەو بارودۆخەی ئیستا لە عەفرین هەیە، هەموو ئەو کەس و لایەنانەی دەیانەوێت لە ئەرکی پیرۆزی پارێزگاری کردن لە عەفرین و پاراستنی دەسکەوتەکانی خەلکی کوردستان لەو هەرێمە بەشدار بن لە بەر کۆمەڵێک هۆکار ناتوانن بچن ڕاستەوخۆ هاوکاری شەڕڤانان و هاوچارەنوسەکانیان لە عەفرین بکەن. بەڵام ئەوە بەو واتایە ناێت کە ئەو کەس و لایەنانەی ناتوانن بچنە عەفرین هیچیان پێنەکرێت. هەر کەس و لایەنێک ئەگەر مەبەستی بێت دەتوانێت بە شێوەیەک لە شێوەکان هاوکاری شەڕڤانان و خەڵکی ڕۆژئاوا بە گشتی و خەڵکی عەفرین بە تایبەتی بکات. ١- هەرکەس دەتوانی لە شوێنی ژیانی بەشداری ئەو خۆنیشاندانانە بکات کە بۆ شەرمەزار کردنی تورکیا و پشتیوانی لە خەڵکی عەفرین ڕێکدەخرێن. ٢- هەر کەس بە پێی توانا دەتوانی هاوکاری ببەخشی بە کەمپینەکانی کۆ کردنەوەی یارمەتی بۆ خەڵکی عەفرین. ٣- هەرکەس لە ئاست خۆیەوە دەتوانی بایکۆتی فیلم و دراما و کەنالەکانی تورکیا بکات و... ٤- هەرکەس دەتوانی لە گەشت کردن بۆ تورکیا خۆی بپارێزی. ٥- خەڵکی کوردستان دەتوانن تا ئەو جێ کە بۆیان دەکرێت لە کاری بازرگانی و کرین و فرۆشتن لە گەڵ تورکیا دوور بکەونەوە و لە ژیانی ڕۆژانەیاندا کەل و پەلی ئەو ووڵاتە بە کار نەیەنن. ٦- ئەو کەسانەی توانایان هەیە بە تورکی قسە بکەن و بنوسن هەوڵ بدەن بە هەر شێوەیەک کە بۆیان دەکرێت دەنگی خۆیان بگەیەننە هاوووڵاتیانی تورکیا و تێانبگەیەنن کە بەرگری بکەن لە ناردنی ڕۆڵەکانیان بۆ کوشتنی خەڵکی کوردستان و بە کوشتدانیان بە دەستی خەڵکی کوردستان، چوونکە خەڵکی کوردستان چاوی لە خاک و مافی هیچ لایەک نەبڕیوە و نایهوێت زیان بە دەراوسێکانی بگەیەنی. ٧- پێویستە هەوڵ بدرێت سەرنجی دنیای دەرەوە بۆ هەوڵە چەواشەکاریەکانی دەسەڵاتدارانی تورکیا و ئەو سەرەڕۆیی و سنوور بەزاندن و زولمە زۆرەی کە لە خەڵکی عەفرینی دەکەن ڕابکێشرێت و بە هەموو لایەک سنوورێک بۆ دەستدرێژیەکانی کاربەدەستانی تورکیا دابنێن. ٨- پێویستە لە سەر دەستی کەسانی شارەزا و خاوەن ئەزموون هوشیاری نیشتمانی و یەکهەڵوێستی لە ناو خەڵکی کوردستان بە گشتی گەشەی پی بدرێت، تا تاکی کورد بزانی چۆن لە سەردەمە لە یەکجیاوازەکاندا بە ئەرکی سەر شانی خۆی هەستی و کاریگەری لە سەر رووداو و پێشهاتەکانی ناوچەکە هەبێت و بتوانی پارێزگاری لە دەسکەوت و ماف و بەرژەوەندیەکانی خەلکی کوردستان بکات.
سەرکەوێ خەباتی پارێزگاری لە خاک و ماف و ئازادی لە ڕۆژئاوای کودستان
شەرمەزاری بۆ دیکتاتۆران و داگیرکەرانی کوردستان
١٦/٢/٢٠١٨ی زاینی