پەیامی کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان بە بۆنەی جەژنی نەورۆز و سەری ساڵی کوردی

کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان
21-03-2018

 

پەیامی کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان بە بۆنەی جەژنی نەورۆز و سەری ساڵی کوردی

سەرەتا لە پێشوازیی نەورۆزدا سەری ڕێز لە بەرامبەر نەمرانی ڕێگای ڕزگاری و ئازادیی کوردستان دا دەنوێنین. سڵاو لە بنەماڵە و کەس و کاری شەهیدان! لە زیندانیانی سیاسی! سڵاو لە هەموو وڵاتپارێزانی ناو سەنگەری بەرگریی لە کوردستان! لە سەرەتای هاتنەوەی وەرزی کشت و کاڵ و کار و کاسبی بۆ دابینکردنی بژێویی ژیان، دەستی ماندووی کرێکاران و زەحمەتکێشان دەکوشین و هیوای ساڵێکی پڕ لە سەرکەوتن و لەش ساغی و ژیانێکی خۆش بۆ هەمووان دەخوازین. هەروەها بە بۆنەی جەژنی نەورۆز پیرۆزبایی لە خەڵکی کوردستان و هەموو ئەو پێکهاتانەی ڕێز لە نەورۆز دەگرن دەکەین.

بەداخەوە ساڵی ڕابردوودا خەڵکی کوردستان رووبەرووی بارودۆخیکی دژوار بۆوە. ئێستا لە کوردستان خەڵک بە چەند زامی بەسۆوە بە پیر پێشوازیی لە نەورۆز و سەری ساڵی تازەی کوردییەوە دەچن. ساڵی ڕابردوودا دەسەڵاتدارانی تورکیا زوڵمیکی زۆریان لە  خەڵکی کوردستان کرد ، لە هەوڵێکی شۆڤێنیستیاندا باکوری کوردستانیان کردە مەیدانی شەڕێکی ناڕەوا لە گەڵ خەڵکی کوردستان و چەند شار و گوندیان وێران کرد. بە بەر چاوی هەموو دنیاوە چەندین کەسایەتی سیاسی و روناکبیر و پارڵمانتار و بەڕێوەبەر و فەرمانبەر و خەڵکی ئاسایی باکوری کوردستانیان بە تاوانی کورد بوون گرت و ڕاپێچی بەندیخانەکانیان کردن.

لە ڕؤژئاوای کوردستان، وێڕای گەلەکۆمێی داگیرکەرانی کوردستان لە دژی شەڕڤانان، زلهێزەکانی دنیا لە پێناو بەرژەوەندی خۆیان پەستانیان خستۆتە سەر دەسەڵاتی خۆبەڕێوەبەری  ڕۆژئاوای کوردستان بۆ ئەوەی دەست بەرداری ئەو هەرێمانە بێت کە بە خوێن ڕزگاریان کردوون لە ڕۆژئاوا و باکوری سووریا. دوای نەمانی دەسەڵاتی داعش، ئەو لایەنانەی دەسەڵات و ڕۆڵیان هەبوو لە سووریا و ڕۆژئاوای کوردستان هەر یەک بە بیانوێک پشتیان لە هێزە مافخواز و داعش بەزێنەکانی ڕۆژئاوای کوردستان کرد. دەسەڵاتدارانی تورکیاش بێ گوێدانە یاسا نێودەوڵەتیەکان لەودیو سنووری ژێر دەسەڵاتی خۆیان پەڵاماری دەسەڵاتی خۆبەڕێوەبەریی و خەڵکی سیڤیلی ڕۆژئاوای کوردستانیان دا و بە بەر چاوی هەموو دنیاوە چەند شار و گوندیان وێران کرد و خەڵکێکی زۆریان کوشت و ژمارەیەکی زۆریشیان بریندار و ئاوارە کرد. کاربەدەستانی تورکیا و هاوپەیمانەکانیان لە عەفرین بە ئاشکرا سیاسەتی جینۆساید کردنی خەڵکی کوردستان جێبەجێ دەکەن. ئاڵا هەڵگرانی دێموکڕاسی و پارێزەرانی مافی مرۆڤ!! و ڕێکخراوی دەوڵەتە یەکگرتوەکانیش تا ئێستا هیچ هەڵوێستێکی ئەرێنیان بۆ پارێزگاری لە خەڵکی ژێر دەستە و ماف پێشێل کراوی کوردستان نەبووە.

لە باشووری کوردستان دوای ڕزگار کردنی هەموو ناوچە کوردستانییەکان لە دەستی داعش، کاربەدەستانی عێڕاق و داگیرکەرانی دیکەی کوردستان چاویان بە سەرکەوتن و دەسکەوتەکانی خەڵکی باشووری کوردستان هەڵ نەهات و بە گەلەکۆمە پەڵاماری کەرکوک و چەند شاری دیکەی باشووری کوردستانیان دا و نیوەی خاکی باشووری کوردستانیان داگیر کردوە و ئابلۆقەشیان خستە سەر بەشەکەی تر. بەمەش ژیانێکی تاڵ و پڕ لە ئازاریان بە سەر هەموو خەڵکی باشووری کوردستاندا سەپاند.

ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە لە لایەن کۆماری ئیسلامیەوە داگیر کراوە، ماوەیەکی زۆرە بە هۆی سیاسەتەکانی ئەو ڕژیمەوە لە گەڵ ژیانێکی تاڵ و پر لە چەوسانەوە بەرەوروویە. لە ساڵی ڕابردووشدا بومەلەرزە زیانێکی زۆری گیانی و ماڵیی بە خەڵکی ڕؤژهەڵاتی کوردستان گەیاند و هەڵوێستی نابەرپرسیارانەی کۆماری ئیسلامی ئازاری زیان بەرکەوتوانی زیاتر کرد. هێزە سەرکوتکەرەکان لە ساڵی ڕابردوودا بە تاوانی کورد بوون چەندین کۆڵبەریان لە ڕۆژهەڵات کوشت بە دەیان کەیشیان بریندار کرد. بە بیانوی مادە هۆشبەرەکان و ئەمنیەت و بەشداری لە خۆپیشاندانەکاندا خەڵکێکی زۆریان لە کوردستان گرت و ئەشکەنجەدا وئیعدام  و تیرۆری ناڕازییانیش بەردەوام بوو. کۆماری ئیسلامی سەرەڕای پێشێلکردنی ماف و ئازادییەکانی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، کێشە و ئاژاوەی بۆ بەشەکانی دیکەی کوردستان دروست کردوە و بە گشتی دژایەتی بەرژەوەندییەکانی خەڵکی کوردستان دەکات.

لە دەرئەنجامی سیاسەتی دیکتاتۆرانە و گەڵەکۆمێی داگیرکەران لە دژی خەڵکی کوردستان، بازرگانی زلهێزەکان بە کێشەی خەڵکی کوردستانەوە، هەروەها هەبوونی کۆمەڵێک کەم و کۆڕی ناوخۆیی، ڕەوتی روو لە گەشەی بزوتنەوەی ڕزگاریخوازانەی خەڵکی کوردستان تووشی ئاستەنگییەکی زۆر هات و  لە چەند لاوە هەڕەشە لە دەسکەوتەکانی خەڵکی کوردستان دەکرێت. بۆ دەرباز بوون لەو قۆناغە هەستیارە و زاڵبوون بە سەر کەم و کۆڕی و کۆسپەکانی بەر دەم بزوتنەوەی ڕزگاریخوازانەی کوردستان و پاراستن و گەشەدان بە دەستکەوتەکان، پێویستە هەموو لایەنە سیاسیەکانی کوردستان بە وردی بە خۆیاندا بچنەوە. ئەرکی سەر شانی گشت خەڵکی کوردستانە خۆیان بە خاوەنی تێکۆشانی بەرگری لە دەستکەوتەکانی ڕۆژئاوا و باشووری کوردستان بزانن، بۆ بەرەوپێشبردنی خەبات لە باکور و ڕۆژهەلاتی کوردستان تێ بکۆشن.  

 نەورۆز وەک جەژنێکی پیرۆز و مێژوویی کە بە هێمای یەکیێتیی نەتەوەیی و سیمبولی نیشتمانیی دەزانرێت، لە هزر و بیری تاکی کوردستانیاندا ڕیز و بایەخی تایبەتیی خۆی هەیە. پێویستە بە هەموومان، بە یەکگرتوویی و پەرەپێدانی بەرخۆدانمان نەهێڵین ئاواتی داکیرکەران لە شکاندنی ئیرادەی گەلەکەمان بەتایبەت لە سەروبەندی نەورۆزدا کە بە درێژایی مێژوو هەوڵیان بۆ داوە، بێتە دی و نەورۆز بە جۆش و بەشدارییەکی مەزنەوە پیرۆز بکەین و ئاواتی دوژمنانی تێدا لەگۆڕ بنێین.

دوو بارە جەژنی نەورۆز و سەری ساڵی تازەی کوردی لە خەڵکی کوردستان پیرۆز بێت!

سەرکەوێ خەباتی مافخوازانەی خەڵکی کوردستان!

کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان   

نەورۆزی ٢٧١٨