پیرۆز بێت یەکی مەی، ڕۆژی جیهانیی کرێکاران!

کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان
30-04-2018

 

پەیامی "یەکسانیی" بە بۆنەی یەکی مەی ڕۆژی جیهانیی کرێکاران 

پیرۆز بێت یەکی مەی، ڕۆژی جیهانیی کرێکاران!

کرێکاران و زەحمەتکێشان لە کاتێکدا بەپیر یەکی مەیەوە دەچن، کە ئەوساڵیش وەک چەند ساڵی ڕابردوو بارودۆخییان بە هۆی پەرەسەندنی شەڕ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بە تایبەتیش لە کوردستان، بە ئاقارێکی دژواردا تێ دەپەڕی. لە ساڵی ڕابردوودا سیستەمە سەرمایەدارییەکان بێ گوێدانە بارودۆخی کرێکاران و هەژاران و بەبێ بیرکردنەوە لە ئاسەوارە نەرێنییەکانی شەڕ، هەر یەک لە ئاست خۆیەوە خەریکی کڕین و فرۆشتنی زیاتری کەرەسەی شەڕ و ئامێری هێرش و کاولکاریی بوون. زۆڕێک لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بەتایبەت داگیرکەرانی کوردستان ڕێژەیەکی بەرچاو لە داهاتی وڵاتەکانیان بۆ سەرکوتکردنی خەڵکی ناڕازیی وڵاتەکانیان بەکاریان هێناوە.

لە کوردستان جیاواز لەو نەهامەتییانەی کرێکارانی زۆربەی وڵاتانی جیهان لەگەڵیان ڕووبەڕوون، کرێکاران لە لایەک بەرەوروی ستەمی نەتەوایەتیی و دەرئەنجامە تاڵەکانی شەڕی نێوان هەر یەک لە دەسەڵاتداران، گرووپە توندڕەوەکانی ناوچەکە، بەریەککەوتنی ئایین و مەزهەبە جیاوازەکان، داب و نەریتە دواکەوتووەکان دەبنەوە و لە لایەکی تر لەگەڵ چەندیین جۆری هەڵاواردنی ڕەەگەزیی و چینایەتیی و مەزهەبیی ڕووبەڕوو دەبنەوە.  کرێکارانی کوردستان بەردەوام لە گەڵ ئازارەکانی بێکاری و گەڕان بە دوای پەیداکردنی نان، دەرکران لە کار، پەنا بردن بۆ کاری قوڕس و کۆلبەریی، قەیرانی یەک لە دوای یەکی سەرچاوەگرتوو لە کێبەرکێی دەوڵەتە سەرمایەدارییەکان، هەقدەستی کەم و کاری زۆر، درەنگ مووچە وەرگرتن، لەژێر گوشار و هەڕەشەبوون و زەوتکرانی ئازادیی سەندیکا کرێکارییەکان، نەبوونی یاسایەکی یەکسانییخوازانە لە وڵات، ناستانداردبوونی شوێن و کەرستەکانی کار، نەبوونی مافی خۆپیشاندان و مانگرتن و بیمە، درەنگ خانەنشین بوون، کێشەی نیشتەجێبوون، هەڵاواردنی ڕەگەزیی و جینسیی، نەبوونی پێداویستییەکانی تەندروستیی و پەروەردەیی و هتد. لەگەڵ ژیانێکی پڕ لە گرفت و ئازاردا دەژین.

 

یەکی مەی بەرهەمی خەباتی بەردەوام و ئیرادەی یەکسانییخوازانەی کرێکارانە کە ئێستا بۆتە هێمای یەکێتیی و خەباتی هاوبەشی کرێکارانی هەموو جیهان.ئێمە وێڕای پشتیوانی لە خەبات و داخوازییەکانی کرێکاران، لە هەر کات و شوێنێکدا خۆمان بە بەشێک لە خەباتی هەموو چەوساوەکان و بەتایبەت خۆمان با هاوپشت و هاوخەباتی کرێکاران و زەحمەتکێشان دەزانین. ئێمە تێکۆشانی کرێکاران، ژنان، کۆمەڵانی خەڵکی چەوساوە و گشت نەتەوە ژێردەستەکان بۆ یەکسانیی، ئازادیی و سەربەخۆیی بەرز دەنرخێنین و پێمان وایە پاراستن و گەشەپێدانی خەباتیان ئەرکی هەموو تاکێکی مرۆڤدۆست و شۆڕشگێڕ و خاوەن هەڵوێستە. 

بێگومان هەوڵدان بۆ دەستەبەرکردنی مافەکانی کرێکاران و زەحمەتکێشان، تەنیا ئەرکی کرێکاران نییە، بەڵکو ئەرکی سەرشانی هەموو تاکێکی ئازادیخواز و یەکسانییخوازە. هەر بۆیەش پێویستە بە یەکخستنی وزە و توانای شۆڕشگێڕانەی کرێکاران و کۆمەڵانی خەڵکی چەوساوە و بە هاوکاریی لایەنە سیاسییەکان و ڕێکخراوە شارستانییەکان، بە ڕێگای ڕێککەوتن لەسەر مێکانیزمێکی گونجاو، خەباتی هاوبەشمان لە پێناو گۆڕانکاریی بنەڕەتیی لە ناو کۆمەڵگەدا بەرەوپێش بەرین.

سەرکەوێ خەباتی کرێکاران لەپێناو وەدیهێنانی یەکسانی و بنبڕکردنی چەوسانەوە!

پیرۆز بێت یەکی مەی لە سەرجەم کرێکاران و یەکسانییخوازان لە هەموو جیهان!

کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان 

 

(٣٠/٠٤/٢٠١٨)