‌هێرشی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر بنکەکانی "حدک" و "حدکا" لە کۆیە و هەروەها لەسێدارەدانی سێ چالاکوانی کور

کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان
8-9-2018
‌هێرشی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر بنکەکانی "حدک" و "حدکا" لە کۆیە و هەروەها لەسێدارەدانی سێ چالاکوانی کورد شەرمەزار دەکەین.
 
سەرلەبەیانیی ئەوڕۆ ٨/٩/٢٠١٨ ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران، سێ چالاکوانی سیاسیی ڕۆژهەڵاتی کوردستانی بە ناوەکانی ڕامیین حوسێن پەناهی، زانیار مورادی و لوقمان مورادی لە زیندان لەسێدارە دان. دوابەدوای ئەم جینایەتە، لە ڕێی هێرشی هەوایی و بۆردومانکردنەوە، بنکەکانی سەرەکیی دوو لایەنی حیزبی دێموکراتی لە کۆیەی باشووری کوردستان کردنە ئامانجی تیرۆریستیی خۆی و بەداخەوە لەم هێرشانەشدا تا ئێستا ١٦ کەس شەهید و زیاتر لە ٤٠ کەسییش بریندار بوونە.
 
ئێمە وەک کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان وێڕای شەرمەزارکردنی ئەم کردەوە جینایەتکارانەی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران، پرسە و سەرەخۆشیی خۆمان بە بنەماڵە و کەسوکاری ئەم زیندانییە سیاسییانە و هەروەها بە هەر دوو لایەنی حیزبی دێموکرات و بنەماڵەی ئەم شەهیدانە ڕا دەگەیەنیین و هیوای چابوونەوەی هەرچی زووتری بریندارەکان دەخوازیین.
 
ئەشکرایە کۆماری ئیسلامیی کە هەر لە ڕۆژی هاتنە سەر کاری، بە تیرۆر و جینایەت فرچکی گرتووە و لە هیچ جینایەتێک بۆ لەناوبردنی کوردان دەستی نەپاراستووە، لەوەی زیاتری لێ چاوەڕوان ناکرێت و لەم ناوەدا کوردستانییان بەگشتیی و لایەنە سیاسییەکان و خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەتایبەتیی زۆر گرینگ و پێویستە بۆ بەرەنگاریی ئەم ڕێژییمە جینایەتکارە، ئەوەی لە یەکگرتوویی و خاوەن بەرنامەیی هاوبەش پێمان دەکرێت، درێخیی نەکەین و بە هەموو شێوەیەک ناکۆکییەکانیان وەلا نێین و بەرەوڕووی کۆماری ئیسلامیی ببیینەوە و نەهێڵیین خۆێنی کوڕان و کچانی نیشتمانەکەمان بەفیڕۆ بڕوات.
 
نەفرەت و نەمان بۆ داگیرکەرانی کوردستان
بەڵێ بۆ سەربەخۆیی و یەکسانیی لە کوردستان
 
کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان
 
٨/٩/٢٠١٨