پێشنیاری کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان بۆ کۆبوونەوەی ڕاوێژی نەتەوەیی

کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان
25-11-2022

 

پێشنیاری کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان

بۆ کۆبوونەوەی ڕاوێژی نەتەوەیی

سڵاو بەشداربووانی کۆبوونەوەی ڕاوێژی نەتەوەیی، ئەم کاتە و هەموو کاتێکتان باش، هیوامان سەرکەوتنتانە، وێڕای بەخێرهاتنی هەموو ئامادەبووان، دەستخۆشی لەو لایەن و کەسایەتیانە دەکەین کە ڕۆڵیان هەبووە لە ڕەخساندنی ئەو کۆبوونەوەیە..

بەرێزان، ئێمە لە کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان، پشتیوانی لە هەوڵ و تێکۆشانی هەموو ئەو لایەن و کەسایەتیانە دەکەین، کە لە سەر بنەمای هەستکردن بە بەرپرسیاریەتی لە بەرامبەر مافە زەوتکراوەکانی خەڵکی کوردستان دەیانەوێت بە ڕاستی خزمەت بە بەرەوپێشبردنی کێشەی ڕەوای خەڵکی کوردستان بکەن.

بێگومان هەموو لایەک ئاگادارن، لەو کاتەوە کە خاکی کوردستان دابەشکرا و ماف و ئازادیەکانی خەڵکی کوردستان پێشێلکراون، خەباتی خەڵکی کوردستان بۆ بەدەست هێنانەوەی مافەکانیان بە شێوازی جۆراوجۆر دەستی پێکردوە و چەندین هێزو لایەنی سیاسی هاتوونەتە ناو گۆڕەپانی خەباتی ڕزگاری نیشتمانی. بەڵام سەرەڕای خەباتی بێوچان و ماڵوێرانیەکی زۆر و ڕژانی دەریایەک خوێن، هێشتا خەڵکی کوردستان بە مافە نەتەوایەتیەکانی نەگەیشتوە. بێگومان کۆمەڵێک هۆکار هەیە کە دوای چەندین ساڵ خەبات خەڵکی کوردستان هەروا بە ژێر دەستی ماوەتەوە. ڕاستە کۆمەڵێک فاکتەری دەرەکی هەیە کە بوونەتە بەربەست لە بەرامبەر سەرکەوتنی خەباتی خەڵکی کوردستان، بەداخەوە کاریگەری نەگەتیڤی فاکتەرە ناوخۆییەکان کێشەکەی ئاڵۆزتر کردوە و ڕەوتی بەرەوپێشچوونی خەباتی ڕزگاریخوازانەی خەڵکی کوردستانیان دواخستوە. بۆیە ئەگەر ئامانجی لایەنە سیاسیەکان ڕزگاری کوردستان و بەدەست هێنانی ماف و ئازادیەکانی خەڵکی کوردستان بێت، پێویستە سەرەتا یەک بە یەکی کەموکۆڕیەکانی ناو بزوتنەوەی ڕزگاریخوازانەی کوردستان دەستنیشان بکرێن و دوایی بە پێی تایبەتمەندی هەر بەشێکی کوردستان بەڕاستی کار بۆ چارەسەرکردنیان بکرێت.

لە هەلومەرجی ئێستادا کە داگیرکەران بۆ سەرکوتکردنی بزوتنەوەی ڕزگاریخوازانە و جینۆسایدکردنی خەڵکی کوردستان کەڵک لەهێزی زۆر و چەکی پێشکەوتوو و تکنۆلۆژیای مودێرن وەردەگرن و پەنا بۆ چەندین پیلان و کردەوەی قێزەون دەبەن. پێویستە بزوتنەوەی ڕزگاریخوازانەی کوردستان لە مۆدێلی حیزبایەتی کۆن و خەباتی سوونەتی دوور بکەوێتەوە و بە تاکتیکی نوێ، هاوپەیمانی نوێ، شێوە خەباتی نوێ، بە هزر و بیری شۆڕشگێڕانە خۆی ڕێکبخاتەوە، تا بتوانی ئەو دەستکەوتانەی بەتێکۆشانی زۆر بە دەستی هێناون بپارێزی و کاروانی خەباتی ڕزگاریخوازانەی خەڵکی کوردستان بەرەوپێشبەریت.

ئێستا کە خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دوای چەندین ساڵ ژێردەستی و بێبەش بوون لە ماف و ئازادیە نەتەوەیەکان، بە هۆی سیاسەتە شۆڤێنیست و کردەوە دیکتاتۆریەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران تووشی بارودۆخێکی ناهەموار بوون و ژیانێکی پر لە ئازار بە سەر دەبەن. لە وەها بارودۆخێکدا هیچ یەک لە لایەنە سیاسیەکان بە تەنیا ناتوانن ئاڵوگۆڕێکی بنەرەتی لە ژیانی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا دروست بکەن. بۆیە بۆ ئەکتیڤ کردنەوەی خەبات لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان زەروورە ئەولیەتی کار بەخۆداچوونەوەیەکی هەمەلایەنە و لەیەک نزیک بوونەوەی لایەنە سیاسیەکان بێت. هەوڵبدرێت بۆ ڕەخساندنی کەش و هەوای خەباتی هاوبەش و دروستکردنی متمانە لە نێوان هاوووڵاتیانی کوردستان و لایەنە سیاسیەکاندا .

پێویستە لایەنە سیاسیەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە کاتی ئاسایی بە حەز و ئارەزووی خۆیان لە سەر ئامانجە هاوبەشەکان ڕێککەون و لە چوارچێوەی پلاتفۆرمێکی هاوبەشدا بەرنامە بۆخەباتی داهاتوو دابڕێژن، کە هەمووان تێدا سوودمەندبن. نەک لە کاتێکی نائاسایی ناچار بکرێن بچنە ناو ڕێککەوتنێکی پر لە کەموکۆڕی و لە دوا ڕۆژدا کێشەیتریان بۆ دروست بێت.

لایەنە سیاسیەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ئەگەر بیانەوێت لە رووداو و پێشهاتەکاندا زەرەرمەند نەبن و لە ناو بزوتنەوەی ڕزگاریخوازانەی کوردستاندا ڕۆڵی کاریگەریان هەبێت، پێویستە بەرنامەی پێشوەختەیان هەبێت و خۆیان بۆ هەر پێشهات و ئاڵوگۆڕێکی سیاسی ئامادە بکەن. هەموان لە بەرژەوندی حیزبی و کەسیەتی دوور بکەونەوە، دژایەتی یەکتر نەکەن، پەیمان بدەن جارێکی دیکە شەڕی ناوخۆیی دووبارە نابێتەوە، بە یەکەوە هەوڵبدەن بۆ پێکهێنانی دامەزراوەیەکی نەتەوەیی بان حیزبی. ئەو دامەزراوەیە لە ژێر هژمۆنی هیچ لایەنێکی سیاسی دانەبێت، لە پێناو بەرژەوەندی گشتیدا گەشەی پێبدرێت، وەرگرتنی پۆست نەکرێتە کێشە و بە شێوەیەکی دەوری بەرێوە ببرێت . لە سەر ئەو بنەمایە لە دەوری پلاتفۆرمێکی هاوبەش کۆبنەوە و بەشێوەیەک بەرنامە و پلان بۆ خەبات لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دابڕژێن کە بە کردەوە جێبەجێ بکرێن. پێویستە هەموو ئەو لایەنە ئازادیخواز و کەسایەتیە سەربەخۆیانەی کە لە بەرامبەر خاک و خەڵکی کوردستاندا هەست بە بەرپرسیاریەتی دەکەن ڕۆڵ و کاریگەریان لەو خەباتە هاوبەشەدا هەبێت و هیچ لایەک پەراوێز نەخرێت.

پێویستە لایەنە کوردستانیەکان بڕوا بە قسەی خۆش و بەڵێنی داگیرکەران نەکەن و بە بێ بەشداری ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتوەکان نەچنە ناو پڕۆسەی وتوێژ لە گەڵ کۆماری ئیسلامی. هەروەها هەر جۆرە هاوکاری و ڕێکەوتن و وتوێژێکیش لە گەڵ لایەنی دەرەکی و ئەپزسیۆنی ئێرانی بەشێوەیەکی شەفاف بێت و لە پێناو بەرژەوەندی گشتی خەڵکی کوردستاندابێت. هاوپەیمانی لە گەڵ هەر لایەک بەو مەرجە بێت کە لایەنی بەرامبەر لە دواڕۆژدا دژایەتی ماف و ئازادیەکانی خەڵکی کوردستان نەکەن و ڕێز لە بڕیاردانی خەڵکی کوردستان لە سەر چارەنووسی خۆیان بگرن.

بە هیوای داهاتوێکی روون

سەر کەوێ خەباتی ڕزگاریخوازانەی خەڵکی کوردستان

کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان

١٤/٩/٢٠١٩