هێرشی ڕێژیمی داگیرکەری توركیا بۆ سەر رۆژئاوای كوردستان شەرمەزار دەکەین!
کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان
10-10-2019
ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتی ٩/١٠/٢٠١٩ ڕێژیمی داگیرکەری توركیا دوای کشانەوەی هێزەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە چەند ناوچەیەکی ڕۆژئاوای کوردستان، هێرشێکی داگیرکارانەی نامرۆڤانەی لە زەوی و هەواوە بە فەرمانی سەرۆکە فاشیستەکەی، واتە تەیب ئەردۆغان و بە هاوکاریی چەتە و تیرۆریستەکانی ئەلنوسرە و چەند گرووپێکی بەناو ئەرتەشی ئازادی سووریا بۆ سەر رۆژئاوای كوردستان دەست پێ کرد. بیانووی ئەرۆغان و ڕێژییمەی فاشیستەکەی بۆ ئەم هێرشە دڕندانەیە بوونی پ.ک.ک یە لە ڕۆژئاوا. لەکاتێکدا هەموو جیهان دەزانێت هۆکاری سەرەکیی ئەم هێرشە، دژایەتییکردن و لەناوبردنی هەموو پێگە و ستاتۆیەکی کوردییە بەتایبەت لە ڕۆژئاوای کوردستان. دیارە پێشتر ئەردۆغان دژایەتیی خۆی لە کاتی ڕێفراندۆمی باشووری کوردستانیش نەشاردەوە و ئەوەی پێی کرا بۆ شکستپێهێنانی سەربەخۆیی باشوور کردی. ئێستاش لە ڕێی ئەم هیرشەوە دەیهەوێت هەم ستاتۆی کورد لەم بەشەی کوردستان لەناو بەرێت و هەمیش بە نیشتەجێکردنی عەرەب و تورک لەم بەشەی کوردستان، دێموگرافیی ناوچەکە بگۆڕێت.
جێی خۆیەتی و ئەرکێکی نیشتیمانیی و مرۆڤانەیە کە هەموو ئازادیخوازانی جیهان و بەتایبەت گەلی ئازادییخواز و خۆڕاگری کوردستان لە هەموو بەشەکانی بە هەر شێوەیەک لەدەستیان دێت، پشتگیریی ڕۆژئاوای کوردستان بکەن و کوردانی تاراوگەنشینیش لە ڕێی ڕێپێوان و مانگرتن و خۆپێشاندان و نووسین و بە هەر شێوەیەک لەدەستیان دێت، بەتایبەت بە ئاگادارکردنەوەی کۆمەڵگەی جیهانی و ئازادییخوازانی جیهان پێش لەو داگیرکارییە بگرن و دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا مەحکووم و ڕسوا بکەن.
بژی یەکگرتوویی و هاوخەباتیی گەلی کورد!
نەمان بۆ داگیرکەران و ناحەزانی کوردستان!
کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان
١٠/١٠/٢٠١٩