پەیامی کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان لە ڕۆژی جیهانیی دژی ئێعدام

ناوەندی ڕاگەیاندنی یەکسانی
25-11-2022

 

ئەوڕۆ ١٨ی ڕەزبەری ٢٧١٣ی کوردی (١٠ی ئۆکتۆبری ٢٠١٣) ڕۆژی بەرەنگاریی سزای ئێعدامە لە جیهان. لە ڕۆژی جیهانیی بەرەنگاربوونەوەی سزای ئێعدام، چالاکوانانی سیاسی و مەدەنیی لە هەموو جیهان بە شێوازی جۆراوجۆر دژایەتیی خۆیان لەگەڵ ئەم سزایە دەردەبڕن و بۆ هەڵوەشاندنەوەی، چالاکیی جۆراوجۆر ڕێک دەخەن.

سزای کوشتن لە لایەن بەشێک لە وڵاتانی جیهان ڕەت کراوەتەوە بەڵام ئەم سزایە تا ئێستاش لە ژمارەیەکی زۆری وڵاتانی جیهان و لەوانەش لە سێ وڵاتی داگیرکەری کوردستان (ئێران، سووریە و ئێراق) بەڕێوە دەچێت. ڕژیمی ئێران بە درێژایی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی، یەکێک لەو دەسەڵاتە سەرەڕۆیانە بووە کە ساڵانە زۆرترین پێشێلکاریی مافی مرۆڤی لە جیهان ئەنجام داوە و ئەم پێشێلکارییانە بە شێوەیەکی بەرین بە هەڵاواردن، ڕاوەدوونان،  گرتن، شکەنجە و ئێعدام، هەموو بووارەکانی سیاسی، فەرهەنگی، مەدەنی، ئابووری و کۆمەڵایەتیی گرتۆتەوە و ئازادیخوازانی گەلانی ژێر دەسەڵاتی ئەم ڕژیمەش زیاترین قوربانیانی ئەم هەڵاواردن و پێشێلکارییانە بوونە.

ڕژیمی ئێران لە ئاستی جیهانییدا، دوای ڕژیمی دەسەڵاتداری چین، زۆرترین ژمارەی ئێعدامی تیدا بەڕێوە چووە و لە ماوەی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیدا تا ئێستا بە هەزارن کەس ئێعدام کراون، بەشێوەیەک کە ژمارەی زیندانیانی ئێعدامیی، هەتا ئێستاش ناڕوونە. هاوکات ژمارەی زیندانییانی سیاسی و مەدەنی کورد و بەتایبەت ئەو کەسانەی حوکمی ئێعدامیان بەسەردا سەپاوە،  لە هەموو نەتەوە بندەستەکانی ئێران زیاترە.  ئێستا بە دەیان چالاکی کورد حوکمی مەرگیان بەسەردا سەپاوە و هاوکات کەمتر ڕۆژێک هەیە کە هەواڵی نوێی گرتن و سەپاندنی سزای ئێعدام بەسەر چالاکانی کورددا نەبین. جگە لەوەش کوشتنی سیستماتیکی کاسپکارانی کورد لە ساڵانی ڕابردوودا بۆتە ڕووداوێکی ڕۆژانە و تا ئێستا بە سەدان کاسپکاری کورد لە سنوورەکان بە دەستی هێزە ئەمنیەتییەکانی کۆماری ئیسلامی کورژراون و ئەم ڕەشەکوژییەش هەتا ئیستاش هەر درێژەی هەیە.

ئێمە وەک کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان، وێڕای مەحکوومکردنی ئەم سیاسەت و ڕەفتارە نامرۆڤانەی کۆماری ئیسلامی لە دژی خەڵکی کوردستان و گەلانی بندەستی ئێران، سزای ئێعدام و کوشتنی مرۆڤ بە هەموو شیوەیەک ڕەت دەکەینەوە و داوای هەڵوەشاندنەوەی ئەم سزایە دەکەین.

 

 دای بڕێژین کۆشکی یەکسانیی ژیان

کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان

١٨ی ڕەزبەری ٢٧١٣ی کوردی

 

 (١٠ی ئۆکتۆبری ٢٠١٣)